بەرێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر، بڵاوی کردەوە، “دوای ئەوەی هەواڵمان پێگەیشت سەبارەت بە ڕفاندنی هاووڵاتییەکی بەنگلادیشی لە شاری هەولێر، دەستبەجێ تیمەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد.”
پۆلیسی هەولێر، ڕایگەیاندووە: دوای لێکۆلینەوەکان بۆمان دەرکەوت کە ئەمە سیناریۆی خۆیان بووە، کە یەکێک لەو بەنگلادیشییانە داوای لە خێزانەکەی کردووە بڕی 12 هەزار دۆلاری بۆ بنێرنەوە بۆ دانەوەی قەرز بە هاوڕێکانی، بەڵام خێزانەکەی ڕازی نەبووە، بۆیە ئەویش سیناریۆیەکی دروست كردووه و لەگەڵ هاوڕێیەکیدا گرتەیەکی ڤیدیۆیی ساختەی تۆمار کردووە کە گوایە ئەشکەنجە دەدرێت و بەبارمتە گیراوە.
لە ڕاگەیاندراوی پۆلیسی هەولێردا، ئاماژە بەوەش کراوە، ئەو بەنگلادیشییە گرتەڤیدیۆکەی بۆ خێزانەکەی ناردووە، بۆ ئەوەی داوا بکەن لەو کەسەی کە بەبارمتەیان گرتووە، تا بڕی پارەکە نەنێرن، ئازاد ناکرێت.
پۆلیسی هەولێر دەڵێت: دوای لێکۆڵینەوەکان، بۆمان دەرکەوت کە ئەمە سیناریۆیە، لە ئێستادا خۆی و هاوڕێکانی بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە و لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر دەستگیر کراون و دراونەتە دادگا.