سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق دەكات

ڕۆژی دووشەممە 17ی ئاداری 2025 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز پاتریك دورێل باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق كرد.

لە دیدارەكەدا كە یان برێم كونسوڵی گشتیی فەڕەنسا لە هەولێریش ئامادەی بوو، ڕەوشی گشتیی عێراق و دوایین پێشهاتە سیاسی و ئەمنیەكانی ناوچەكە و هەروەها پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا و هاتنی بەڕێز مەزلووم عەبدی و شاندی دەم پارتی بۆ لای سەرۆك بارزانی خرایە بەرباس و گفتوگۆ و، سەرۆك بارزانی پاڵپشتیی خۆی بۆ پڕۆسەی چارەسەری ئاشتیانە لە توركیا دووپات كردەوە.

لە بەشێكی تری ئەو دیدارەدا ئاماژە بە هەنگاوەكانی پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و هەڵبژاردنەكانی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و پڕۆسەی سیاسیی عێراق كرا. هەروەها جەختیش لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكان و دۆستایەتیی مێژوویی نێوان گەلی كوردستان و گەلی فەڕەنسا كرایەوە.