ئەعرەجی بەبۆنەی ساڵیادی کارەساتی هەڵەبجە سەردانی نوێنەری حکوومەتی هەرێمی لە بەغدا کرد

ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق بەبۆنەی ساڵیادی هەڵەبجە سەردانی نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستانی لە بەغدا کرد.

ئەمڕۆ دووشەممە، 17ـی ئاداری 2025،  نووسینگەی ڕاگەیاندنی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە کە تێیدا هاتووە، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی، قاسم ئەعرەجی، سەردانی نوێنەری هەرێمی حکوومەتی کوردستانی لە بەغدا کرد.

ئاماژەی بەوەش داوە، قاسم ئەعرەجی، چاوی بە نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، فارس عیسا، کەوت و سەرەخۆشی لە قوربانیانی کارەساتی هەڵەبجە کرد و فاتیحەی بۆ ڕۆحی شەهیدان خوێند.

دوێنێ یەکشەممە، یادی 37 ساڵەی کیمیابارانی هەڵەبجەبوو، کە تاوەکوو ئێستاش شوێنەواری ئەو غازە کوشندانەی دژ بە خەڵکی شارەکە لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە بەکار هێنران، هەر بەسەر جەستەی خەڵکەکەوە دیارە و برینی زۆر لە بەرکەوتووانیش ساڕێژ نەبووە و بە دەست ئازارەوە دەناڵێنن.

لە سەروبەندی کۆتایی جەنگی هەشت ساڵەی عێراق – ئێران، لە 16/3/1988 شاری هەڵەبجە كەوتە بەر دڕندانەترین شاڵاوی کۆمەڵکوژی، ڕژێمی عێراق بە چەند غازێکی ژەهراوی شارەکەی كیمیاباران کرد لەوانە (خەردەل، سیانید، سارین، تابون).