شەڕی ٦٠ ساڵەی كۆلۆمبیا چۆن بڕایەوە؟

 

كارزان گلی – هه‌ولێر

ساڵی ٢٠١٦، رێككەوتنێكی مێژوویی لەنێوان هێزە چەكدارەكانی فارك و حكوومەتی کۆلۆمبیا ئیمزا كرا، بۆ راوەستانی شەڕ و كۆتاییهێنان بە خەباتی چەكداری، ئەو دوو لایەنە ١٥ ساڵیان دانا تا هەموو ناوەرۆك و مادەكانی رێككەوتنەكە جێبەجێ بكرێت، یەكەم هەنگاویش ١٤هەزار چەكداری سەر بە فارك چەكەكانیان فڕێ دا؛ بەڵام دوای ئەو رێككەوتنە مێژووییە، كە بە ناوبژیوانیی كاسترۆ، سەرۆكی كۆچكردووی كوبا كرا، پارتە راستڕەوەكان نەیانتوانی بگەنە دەسەڵات. ئەوەی گرنگە فارك، خەباتی سیاسی دەستپێكرد و بووە پارتێكی سیاسی و گەلی کۆلۆمبیاش دەیانەوێت خۆیانی لەگەڵ لێڕابێنن.

لە ٢٠١٦، هەموو ئەوانەی بەشداری رێورەسمی رێككەوتنەكەیان كرد، كە چەندین سەركردەی وڵاتانی لێ بوو و نەتەوە یەكگرتوەكانیش ئامادە بوون، جلی سپییان پۆشیبوو، ویستیان بەو جلە سپیانەوە پەیامی ئاشتی بە جیهان بگەیەنن، كە لە ماوەی ٦٠ ساڵی شەڕی نێوان ئەو دوو لایەنە زیاتر لە ٢٠٠هەزار مرۆڤ لە خەڵکی لاشەڕ (سڤیل) و سەرباز و گەریلا گوژران و ئیدی ئاشتی جێگەی گرتەوە.

لە ماوەی شەش مانگدا چەك فڕێ دەدرێت
فارك و حكوومەتی کۆلۆمبیا لەسەر ئەوە رێك كەوتن، كە هیچ شتێك بە نیوەچڵ بەجێ نەهێڵن، چونكە ئەوەی بەجێ دەهێڵدرێت رەنگە هەموو پرۆسەكە تێك بدات. سەرەتا لیژنەیەكیان پێك هێنا، بۆ ئەوەی لە رابردوودا چی رووی داوە هەمووی بە گەل بڵێن و بەرچاویان رۆشن بكەنەوە، بۆ ئەوەی ئەو گەریلایانەی سەر بە فاركن و چەك فڕێ دەدەن، رابردوویان بزانرێت و پاشان ئەو لیژنەیە بڕیاریان لەبارەیەوە دەدات.
هەروەها بڕیاریان دا هەموو یاساكان بگۆڕن، ئەو یاسایانەی كە فشارێكی زۆر و قەدەغەی زۆری لەسەر بوو بۆ فارک. لە ڕووی ئابوورییشەوە، رێككەوتنەكە بەو جۆرەیە كە سیستەمی سۆسیۆ ئیكۆنۆمی بگۆڕن، ئەگەر هەمووشی نەتوانن، سەرەتا ئەو ٣ملیۆن هێكتار زەوینەی، كە پێشتر بە هۆی شەڕەوە دەستی بەسەردا گێرابوو بەسەر جووتیاراندا دابەشی بكەن و، هەموو ئەو زەوییانەشی خاوەنمڵكەكەیان دیار نەبوو و بەكار نەدەهێنرا، دووبارە بەكارهێنرایەوە و ئەوانیش دابەش كران و بەرهەمەكەشی بەسەر ئەو لایەنە دابەش دەكرێت كە زەوییەكەی بەر دەكەوێت.
ئەو دوو لایەنە لەسەر ئەوە رێك كەوتن، بە نێوەنگیری نەتەوە یەكگرتووەكان، فارك هەموو چەكەكانی رادەست بكاتەوە، ئەمەش دەبێت لە ماوەی شەش مانگدا بکرێت وجێبەجێ كرا.
هەردوولا بڕیاریان دا رێگە بگرن لە بڵاوبوونەوە و بازرگانیكردن بە مادەی هۆشبەر، هەموو ئەو گۆڕانكاری و رێككەوتنانە، دەبێت لە مادەیەكی یاساییدا كۆ بكرێتەوە و هەرشتێك روون نەبوو پێویست دەكات هەڵسەنگاندنی بۆ بكرێت و چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە و پاشان رای گشتیی کۆلۆمبیای لێ ئاگادار بكرێتەوە.
ئەوان ئەوەندە ئیرادەیان هەبوو بۆ چارەسەركردنی پرسی نێوانیان و بێدەنگكردنی چەك، لە ٢٦ی ئەیلوولی ٢٠١٦ لە بەردەم نەتەوە یەكگرتوەكان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا ئاشتییان واژۆ كرد و، رێکەوتی ٢/١٠/٢٠١٦، ئەو رێككەوتنەیان خستە بەردەمی میللەت تا دەنگی لەسەر بدات.
بەڵام میللەتی کۆلۆمبیا، بە رێژە زۆرینەیەکی كەم، ئەو رێككەوتنەیان رەت كردەوە؛ ٥٠.٢٣٪ی بە نەخێر دەنگیان دا و ٤٩.٧٧٪ی بە بەڵێ دەنگیان دا و رێژەی بەشداری ٣٨٪ بوو.
بەڵام ئەو دوو لایەنە كۆڵیان نەدا لەوەی میللەت رێككەوتنەكەیان رەت كردەوە، چونكە یەكەم رێژەی بەشداری كەم بوو، دووەمیش خەڵكێكی زۆر بە تەواوەتی لە ناوەرۆكی ئەو رێككەوتنە نەگەیشتبوو، ئەمەش ببووە هۆی ئەوەی میللەت رەتی بكاتەوە، بۆیە فارك و سانتۆس، سەرۆكی كۆلۆمبیا، چەند گۆڕانكارییەكیان لە رێككەوتنەكەدا كرد و خستیانە بەردەم پەرلەمان و لەوێ دەنگی پێویستی هێنا.
تیمۆشێنكۆ، سەرۆكی فارك و سانتۆش، دوای ئەوەی میللەت رێككەوتنەكەی رەت كردەوە، بڕیاریان دا هەوڵی جیدی و كرداری بدەن تا بە میللەت بڵێن ئەوان دەیانەوێت ئاشتی جێگەی شەڕ بگرێتەوە، بۆ نموونە گەریلاكانی فارك، دەستپێشخەربوون لەوەی هەموو ئەو مینانەی چاندبوویان خۆیان پاكیان كردەوە و وەكوو نیازپاكییەك بۆ گەلی کۆلۆمبیا.
جیا لەوەش، هەردوو لایەن چوونە ئەو لادێیانەی كە خەڵی سڤیلی تێدا كوژرابوو بە هۆی شەڕی نێوانیانەوە، چوون داوای لێبوردنیان لە گوندنشینەكان كرد و گوتیان لێمان ببوورن. راستە خەڵك رێككەوتنەكەی رەت كردەوە، بەڵام خێری تێدا بوو، چونكە دەوڵەت و فارك، بە هەردووكیانەوە توانییان بە تەواوی رێككەوتنەكە و نیەتی نێوانیان بۆ گەل شی بكەنەوە و بۆچوونیان لەسەر رێككەوتنەكە بگۆڕن، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی، خەڵك پێشوازی لەو ئاشتییە بكات.
ماوەی ١٥ ساڵیان بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە دانا
ئەگەر ئاشتی جێگەی شەڕ بگرێتەوە، دەبێت ئیرادەیەكی بەهێز لە نێوان هەردوو لایەن هەبێت، نابێت بەگومانەوە سەیری یەكتری بكەن، گەر هەر لایەنێك بڕوای بەلایەنێكی تر نەبێت، پڕۆسەكە دووچاری شكست دەبێتەوە، بەڵام دەوڵەت و فارك، لەوڕووەوە كێشەیان نەبوو و بڕوای تەواویان بە یەكتری هەبوو، بۆیە ١٥ ساڵیان دانا تا تەواوی مادەكانی رێككەوتنەكە جێبەجێ بكەن.
ئەوان تیشكیان خستە سەر شەش مادەی زۆر گرنگ؛ لەوانە:
• رێفۆرمی كشتوكاڵی، بەشداریی سیاسی؛
• كۆتاییهێنان بە چەك،؛
• چارەسەركردنی بازرگانیكردن بە مادەی هۆشبەر و
• رێككەوتن دەربارەی ئەو كەسانەی زیانیان بەركەوتووە.
ئەوان لەسەر ئەوە رێك كەوتبوون هەر ساڵێك و سەدا ٦.٥ـی ئەو مادانە جێبەجێ بكەن، تا لە ماوەی ١٥ ساڵدا هەموو مادە و بڕگەكان جێبەجێ بكرێت و ئیدی پرۆسەی ئاشتی ١٠٠٪ جێبەجێ ببێت.
یەكەم هەنگاو، دانانی چەك بوو لەلایەن فاركەوە، كە ١٤هەزار چەكدار چەكەكانیان فڕێ دا، لە هەنگاوی دووەم ئەو گەریلایانە لە ئەركی سەربازی ببەخشرێن.
فارک بووە پارتێكی مەدەنی لە کۆلۆمبیا و ناوی خۆی گۆڕی و کردی بە (هێزی شۆڕشگێڕی ئەڵتەرناتیڤی گەل) و بەشداری هەڵبژاردنیشی كرد.
لە هەڵبژاردندا نەیتوانی دەنگی پێویست بهێنێت و تەنیا ٠.٤٪ی هێنا، بەڵام دوای ئەوەی هەنگاوەكانی ئاشتی چووە بواری جێبەجێكردنەوە، حكوومەت گوێی بە دەنگەكان نەدا و پێنج سیناتۆر و پێنج ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانیان پێ دان، واتە ١٠ كورسییان لە هەردوو ئەنجوومەنەكەدا بۆ دابین كرا، ئەمەش وەكوو نیەتپاكییەك تا رەوتەكە بەردەوام بێت.
بەڵام ئەوەی جێگەی داخە، پرۆسەكە دووچاری كێشەی زۆر گەورە بووەوە، چونكە پارتی راستڕەوی كۆلۆمبیا نەیتوانی لە هەڵبژاردندا سەركەوتوو بێت، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی كێشەی گەورە سەر هەڵبدات و ٢٥٠ گەریلای سەر بە فارك كە میكانیزمێك دانرابوو پارێزراو بن، كەچی كوژران، ٣٠٠ چەكداری فارك كە دەستگیر كرابوون و بڕیار بوو ئازاد بكرێن لەلایەن دادگاكەوە رەت كرایەوە و تیرۆر و كوشتنی بەرپرسان دەستی پێكردەوە.
گروپێكی توندڕەویش لە فارك جیا بوونەوە ناویان لە خۆیان نا (ELN)، دەستیان بەشەڕ كردەوە لەگەڵ دەوڵەتی کۆلۆمبیا و بازرگانی بە مادەی هۆشبەر برەوی پێ درایەوە. ئەگەرچی ساڵی ٢٠١٧ حكوومەت دەستی بە دانوستان كرد لەگەڵ سەرانی (ELN)، بەڵام تاوەكوو ئێستا نەگەیشتوونەتە رێككەوتن.
راستە رێككەوتن بە ئامادەبوونی نەتەوەیەكگرتوەكان و نوێنەرانی وڵاتان كرا، بەڵام ئەوەی گرنگ بوو بكرێت، دەبوایە هەموو لایەنەكانی کۆلۆمبیا بەشدار و رەزامەند بوونایە، تا بە گۆڕینی دەسەڵات پرۆسەكە دووچاری گت (سەكتە) نەبایە.
لەو شەڕە ٦٠ ساڵانەدا ٢٦٠هەزار كەس لە سەرباز و لاشەڕ (سڤیل) و گەریلا كوژراوە و بە ملیۆنانیش بریندار بوونە، پڕۆسەكە بە ئاسانی هەزم ناكرێت، ئەگەر زەمینەیەكی گەورەی بۆ دروست نەكرێت، چونكە ئەوانەی كەسوكاری كوژراوانن بیر لە تۆڵە دەكەنەوە و ئەگەر زەمینەیەك نەبێت بۆ ئەوەی گەل تێبگەیەنرێت كە بەرژەوەندی وڵات، لە ئاشتیدایە، تۆڵە هەموو پرۆسەكە هەڵاوژوور دەكاتەوە.
نورجان بایسەل، رۆژنامەنووسی كوردی باكووری كوردستان، بۆ ئاژانسی (ئۆكسجین) نووسیویەتی: ”سەردانی كۆلۆمبیام كردووە، تاوەكوو ئێستاش ئازارەكان زۆر گەورەن، هێشتایش بەشێك خاكەكە ئاوی ژەهراوی و ئێسقانی مردووان و گۆڕی بەكۆمەڵی لێ دەدۆزرێتەوە. ئەگەرچی ئومێد شكابێتیش، بەڵام ملیۆنان هاووڵاتی كە پێشتر بە هۆی شەڕەوە ئاوارە بوون، نایانەوێت بگەڕێنەوە ئەو سەردەمە و ئاشتییان دەوێت. لە كۆلۆمبیا ئاشتی و شەڕیش زۆر نزیكە، بەڵام هیوادارم ئاشتی بیباتەوە.”