مانگێکە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستیان پێ کردووە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

ماوەی چەند ساڵێکە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕەنگ و بۆیەکی جیاوازتریان لێدێت و نزیکەی مانگ و نیوێک بەر لە دەستپێکردنی ساڵی نوێی کوردی دەست پێدەکەن. چالاکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناوی نەورۆزی خاکیپۆشانیان بۆ دروشمی نەورۆزی ئەمساڵ هەڵبژاردووە.

لەوەتەی ساڵی ٢٠٢٢ەوە کە شۆڕشی ژن ژیان ئازادی لە ئێران سەری هەڵدا گۆڕانکارییەکی زۆر لە کۆمەڵگەی ئێران بە گشتی و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی ڕوویداوە و خەباتی خەڵک بۆ بەدیهێنانی ماف و ئازادییەکانیان زیاتر لە چوارچێوەی خەباتی مەدەنیدا خۆی بینیوەتەوە.
هەرچەندە بیری ناسیۆنالیزم و نیشتمانپەروەریی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ لانی کەم سەد ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە و بیرەکە هەموو ناوچەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵاتی نەتەنیبوو، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا ئەم هەستە لای هەموو تاکێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ماکۆوە بگرە تا دەگاتە ئیلام بە هەموو ئاین و ئاینزا جیاوازەکان لە بەرگێکی کوردیدا چەکەرەی کردووە و ژن و پیاو و گەورە و بچووک بە لەبەرکردنی جلی کوردی و هێماکانی کوردستان پێشوازی لە نەورۆزی کوردەواری دەکەن و بەرزی ڕادەگرن.
هیچ ڕۆژێک نییە لە ناوچەیەکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێشوازی لە نەورۆز نەکرێ و ڕێوڕەسمێک بۆ ئەو مەبەستە ڕێک نەخرێ، هەینی ڕابردوو لانی کەم لە حەوت شوێنی جیاواز ڕێوڕەسمی نەورۆز بەڕێوەچوو کە گەورەترینیان لە ساحێوی سەقز بوو و بەگوتەی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی سەرووی سی هەزار کەس لەو ڕێوڕەسمەدا بەشدارییان کرد و بە کردنەوەی ئاگری نەورۆز و ئاهەنگ و شایی جەژنی نەورۆزیان پیرۆز کرد.
سەرەڕای ڕێگرییەکان دروستکردنی لەمپەر لە بەردەم ڕێوڕەسمەکان و نەدانی مۆڵەت، بەڵام خەڵک بە گەرمی پێشوازییان لە نەورۆز کردووە و نەچوونەتە ژێر باری گوشارەکانەوە و بۆ پێشوازی لە نەورۆز بە ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتمانی و کلتووریی خۆیان هەستاون.
ئەمساڵ نەورۆزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە دروشمی نەورۆزی خاکیپۆشانە و ئەو جۆرە جلوبەرگ و ڕەنگەیش لە یاساکانی ئێران قەدەغەکراو نین، لە کاتێکدا هەمووان بە ئاشکرا دەزانن کە ڕەنگی جلوبەرگەکە هێمای ڕەنگی جلکی پێشمەرگەیە و خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەو خەباتە مەدەنییە پەیامی خۆیان دەگەیەنن و سووربوونیان لەسەر مافە نەتەوەیی و مێژووییەکانیان دووبارە دەکەنەوە.
لە ڕۆژانی ڕابردوودا دەیان چالاک و ڕێکخەری ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز لە لایەن هێزەکانی ئێران گیراون و هەر لە سەرەتای ئەم هەفتەیە لە سەقز گۆرانیبێژێک کە لە نەورۆزی ساحێو، گۆرانی و سروودی چڕیبوو، دەستبەسەر کرا و لە شنۆیش بەهۆی ئەوەی کە خەڵک بێ گوێدان بەو ڕێوشوێنە توندە ئەمنییەی حکوومەت گرتبوویە بەر نەورۆزیان بەڕێوە برد یەکێک لە ڕێکخەرانی ڕێوڕەسمەکە گیراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە و لە ناوچەکانی تری کوردستان دەیان کەس بەو هۆیەوە دەستبەسەر کراون.
بەگوێرەی ئەو بانگەوازانەی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە چالاکانی مەدەنی و مافی مرۆڤ بڵاویان کردووەتەوە لە ڕۆژانی داهاتوودا لە چەندان شوێنی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕێوڕەسمی گەورەی نەورۆز بەڕێوە دەچن.
جگە لەمە بڕیارە ئێوارەی سێشەممەی ئەم هەفتەیەش لە تەواوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕێوڕەسمی چوارشەممە سووری بەڕێوە بچێت کە سەدان ساڵە ئەو نەریتە بە زیندوویی هێشتراوەتەوە و ڕێوڕەسمێکی کۆنی کوردەوارییە بۆ پێشوازی لە نەورۆز، لە ئێوارەی ڕۆژێک بەر لە دواین چوارشەممەی ساڵ بەڕێوە دەچێت. لە دوانیوەڕۆکەیەوە جەژنی منداڵانە کە بە کۆڵان و گەڕەکەکاندا دەسوورێنەوە لە دەرگای ماڵان دەدەن و سروود و هۆنراوەی تایبەت دەڵێنەوە و شیرینی و دیاری جۆراوجۆر وەردەگرن، لەگەڵ ئاوابوونی خۆر ئاگری چوارشەممە سووری لە هەموو شوێنێک دەکرێتەوە و پاشان ڕێوڕەسمەکانی چوارشەممە سووری تا سەعات دوازدەی شەو درێژەیان پێ دەدرێت.
رێوڕەسمەکانی نەورۆز لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تا سێزدەهەمین ڕۆژی نەورۆز و بەهار درێژەیان دەبێت و لە دواین ڕۆژدا کە بە سێزدە بەدەر ناسراوە تەواوی خەڵک هاوشێوەی ٢١ی ئاداری هەرێمی کوردستان، بەرەو دەشت و کێو و سەیرانگەکان دەڕۆن و نەورۆز پیرۆز دەکەن.