کابینەی نوێ لە ماوەیەکی نزیکدا پێکدەهێنرێت

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

ھەموو ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن لە ماوەیەکی زۆر نزیکدا کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێکبھێنرێت. پارتی و یەکێتی ھاوڕان لەسەر گرنگیی پێکھێنانی حکوومەتێکی بەھێز و یەکگرتوو و خزمەتگوزار لە زووترین کاتدا، لە پێناو ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان و درێژەدان بە کارنامەی چاکسازی و خزمەتکردنی ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان. بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی سلێمانی – ھەڵەبجە – ڕاپەڕینی پارتی دیموکراتی کوردستان، دەڵێت: ھیچ شتێک لەبەردەم پرۆسەی پێکھێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕێگر نییە و بەمنزیکانە حکوومەت پێکدێت. دەشڵێ، قۆناغی ئێستای ھەرێمی کوردستان قۆناغێکی گرنگە و بەرپرسیاریەتیی ھەموولایەکە قۆناغەکە بە سەرکەوتووی تێپەڕێنین.

دوێنێ یەک شەممە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبوونەوە، کۆبوونەوەکە بۆ تاوتوێی پێکھێنانی کابینەی نوێ و دۆخی سیاسی ھەرێمی کوردستان بوو.
لەدوای ھەڵبژاردن، شاندی دانوستاندنکاری پارتی و یەکێتی چەندین کۆبوونەوەیان کردووە و ھەموو جارێکیش دەڵێن، کۆبوونەوەکانیان ئەرێنی بوون و لە زۆر بابەت گەیشتوونەتە ڕێککەوتن.
١٨ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ دەنگدانی تایبەت و دوو ڕۆژ دواتر دەنگدانی گشتی بۆ ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کرا، ٢١ـی تشرینی یەکەم ئەنجامی بەرایی و ٣٠ـی ھەمان مانگ ئەنجامی کۆتایی ئەو ھەڵبژاردنە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانەوە ڕاگەیێندرا.
لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پارتی زۆرترین کورسی بەدەستھێنا کە ٣٩ کورسی بوو، دوای ئەویش یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ٢٣ کورسی.
لەدوای ھەڵبژاردنی ٢٠ی١٠ی٢٠٢٤ کە پارتی دیموکراتی کوردستان دووبارە لەلایەن خەڵکی کوردستانەوە متمانەی پێدرایەوە و ئێستا پێکھێنەری سەرەکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە، بەڵام تائێستا کابینەی دەیەمی حکوومەت دروست نەکراوە، بەھۆی تەواونەبوونی کۆبوونەوەی ھەردوو شاندی پارتی و یەکێتی و مانەوەی پرسی دابەشکردنی پۆستەکان و چەند پرسێکی دیکە، بەڵام ئێستا خواستێکی زۆر لەلایەن لایەنە سیاسییەکان و خەڵکەوە دروست بووە، کە پەلەبکرێت لە پێکھێنانی کابینەی دەیەم. سەمیر نەوزاد، چاودێری سیاسی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: پێویستە زوو حکوومەتی تازە لە ھەرێمی کوردستان پێکبێت و چیتر پاساو نەماوە بۆ دواخستنی حکوومەت، ئەوانەی کە لە ھەڵبژاردن بردوویانەتەوە دەبێت بزانن کە خەڵکی کوردستان خواستی ئەوەی ھەیە حکوومەت تازە بکرێتەوە، ئەمەش پێویست دەکات کە چیتر پێکھێنانی حکوومەت دوانەخرێت.
ئەو چاودێرە، دەشڵێ: پێویستە ھەرچی زووە حکوومەت دروست بکرێت و لایەنێک یان چەند لایەنێک داواکاریان نەبێتە ڕێگر لەبەردەم پێکھێنانی حکوومەت، چونکە ھەم کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ھەم ئەمەریکاش لەزۆر لاوە ئاماژەیان بەوە داوە کە ناکرێت لەوە زیاتر حکوومەت دواکەوێت جیا لەوەش پێویستە ھەموو ھێزە براوەکان بەپێی قەبارەی خۆیان پۆست وەربگرن، ناکرێت فەرزی سیاسی خۆیان بکەن و پێکھێنانی حکوومەت دوابکەوێت.
ھۆزان خۆرشید، چالاکوانی سیاسی، بۆ ڕۆژنامەی” ھەولێر” گوتی: ئاشکرایە تادێت ڕەوشی ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست زیاتر ناسەقامگیری و بەرەو گۆڕانکاری و پێشھاتی نوێ ھەنگاو دەنێت، بەو پێیەی کە پارتی دیموکراتی کوردستان حیزبی یەکەمە ئەرکی پێکھێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی لە ئەستۆدایە، بۆیە پێوستە ھەر حیزب و لایەنێکی بەشداربوو بەپێی ژمارەی کورسییەکانی مامەڵەی لەگەڵ بکرێت و ئەزموونی ڕابردوو کە جگە لە زیانگەیاندن بە حکوومەت و خەڵکی کوردستان، بۆ ئەم مەبەستەش لە ماوەی ڕابردوو و ئێستاش پارتی دیموکراتی کوردستان بەردەوام سەردانی گشت ھێزولایەنە کوردستانییەکان دەکات بۆ گفتوگۆ لەسەر پێکھێنانی حکوومەتی نوێ و ستراتیژی سەرەکیشی بۆچوونی سەرۆک بارزانی لە کاتی ھەڵمەتی بانگەشەی ھەڵبژاردنەکان بۆ یەک ھەرێم، یەک پەرلەمان، یەک حکوومەت و یەک ھێزی پێشمەرگەیە، ئەمەش خۆی لە خۆیدا لە پێناو بەرژوەندییە باڵاکانی خەڵکی کوردستانە و گرنگە بەشداریکردن لە حکوومەتی نوێ لەو چوارچێوەیەدا بێت نەک ئەوەی چەند کورسی ھەبێت ھەمان داواکاری گەورترین حیزبی ھەبێت، گرنگ و پێوستە بەشداریکردن لە حکوومەت بەکردار و خزمەت بێت نەک بە ڕۆژ لە نێو حکوومەت بی و بە شەویش خۆت بکەیت دژبەر و ئۆپۆزسیۆن و خۆ ئەگەر بەشێوەی ڕابردوو بێت ئەوە دیسان بەربەست و ئاستەنگ لە بەردەم کارەکانی حکوومەتی نوێ دروست دەبێت.
ئەو چالاکوانە، زیاتر گوتی، ھەرێمی کوردستان لە ناوچەکە چاوی زۆری لەسەرە، بۆیە ناکرێت ھەندێک شت بکرێن کە قەوارەکەمان بکرێتە قوربانیی بەرژەوەندی تایبەت، ئەوانەی کار بۆ سەرخستن و پاراستنی قەوارەی ھەرێم دەکەن و بەرپرسیاریەتی ھەڵدەگرن، ئەوانە لە پێشتر بن بۆ کابینەی داھاتوو تا خەڵکیش ئاسوودە بن و ئیتر لە ئاڵۆزی و تێکچوونی دۆخەکە و تێکدانی نێوماڵی کوردی دوور بین.
عەلی حسێن، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی سلێمانی – ھەڵەبجە – ڕاپەڕینی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئاشکرای کرد: ھەوڵەکانی پێکھێنانی حکوومەت باش بەڕێوەدەچن و ھەنگاوەکان خێرا کراون، پارتی ھەموو ھەوڵێک دەدات کورد یەک ھێز و یەک دەست بێت، پارتی جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەبێت یەک حکوومەت و یەک پەرلەمانمان ھەبێت، پارتی ھەمیشە خۆی بە بەرپرسیار زانیوە.
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی سلێمانی – ھەڵەبجە – ڕاپەڕینی پارتی ڕایدەگەیەنێت، ھیچ شتێک لەبەردەم پرۆسەی پێکھێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕێگر نییە و بەمنزیکانە حکوومەت پێکدێت، شاندی پارتی و یەکێتی بە ‌ئیجابی باسی دەکەن و نزیکبوونەوەی باش ھەیە و لەم نزیکانە حکوومەت دروست دەکرێت.
عەلی حسێن، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی سلێمانی – ھەڵەبجە – ڕاپەڕینی پارتی دیموکراتی کوردستان، دەشڵێ: پێموانییە گرفتی لەو شێوەیە مابێت، ھەموو بابەتە گرنگەکان گفتوگۆیان لەبارەوە کراوە، ھەنگاوەکان باش دەڕۆن، ھیچ شتێک نییە گرفت بێت، چونکە قۆناغی ئێستای ھەرێمی کوردستان قۆناغێکی گرنگە و بەرپرسیاریەتیی ھەموولایەکە قۆناغەکە تێپەڕێنێت.