پێش جەژنی ڕەمەزان، دوكانه‌كانی بازاڕى قەیسەرى ڕادەستی خاوەنەکانیان دەکرێتەوە

ئەمڕۆ یەکشەممە 2025.3.16، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، بەیاوەرى هێمن قادر و مەسعود کاڕەش، جێگرانى پارێزگار و ئەکرەم ئەحمەد، یاریدەدەرى پارێزگار و کارزان عەبدولهادى، سەرۆکى شارەوانى هەولێر و ئارام ڕەسوڵ، بەڕێوەبەرى شارەوانى یەک، سەردانى بازاڕی قەیسەریی هەولێری کرد و لە نزیکەوە لە وردەکارى نۆژەنکردنەوەى بازاڕەکەى کۆڵییەوە كه‌ بە گوژمەى پێنج ملیار و 300 ملیۆن دینار دەست به‌ نۆژەنکردنەوەى كرا بوو.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا بۆ کەناڵەکان، ڕایگەیاند، دەست خۆشى لە تیمى ئەندازەى پارێزگا و سەرۆکایەتى شارەوانى و سەرجەم لایەنەکان و سەرپەرشتیاران و بەڵێندەرانى پڕۆژەکە دەکەین بۆ ئەنجامدانى کارەکان بە رێک و پێکى و لەکاتى دیاریکراوى خۆیدا .

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر راشیگه‌یاند ، لە دوای ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی ساڵی ڕابردوو لە بازاڕی قەیسەریی شاری هەولێر، کە زیاتر لە 210 دوکان تێیدا سووتان، ئێستا نۆژەنکردنەوەی بەشە تازەکەی بازاڕەكە کۆتایی هاتووە و ڕادەستی خاوەنەکانیان کراونەتەوە و کارکردنیش بۆ نۆژەنکردنەوەی بەشە کولتوورییەکەی بازاڕی قەیسەری بەردەوامە و وا بڕیارە پێش جەژنی ڕەمەزان دوکانەکان ڕادەستی خاوەنەکانیان بکرێنەوە کە ژمارەیان 136 دووکانە.

پارێزگارى هەولێر هەروەها ڕاشیگەیاند، سوپاسی ڕێزدار مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان ده‌كه‌ین کە هەر ڕۆژێک دوای کارەساتى سووتانى قەیسەرى، سەردانی شوێنی ڕووداوەکەی کرد و لەسەر فەرمان و ڕاسپاردەى جەنابیان بە گوژمەی ( پێنج ملیار و 300 ملیۆن دینار) دەست بە نۆژەنکردنەوەى بازاڕی قەیسەری کرا.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، بازاڕەکە چەند جوان بووە پێشتر، بە نۆژەنکردنەوەى دەچێتە قۆناغێکى دیکە و لە ئایندەدا زۆر جوانتر و ڕێکتر دەبێت، کە پێشتر دوو نهۆم بووە، بەڵام بە تێپەڕبوونى کات نهۆمى دووەم نەماوە، ئێستا لەگەڵ نۆژەنکردنەوەى ئەو نهۆمەش نۆژەنکراوەتەوە و لە داهاتوودا بۆ بابەتى مێژووى و کلتوورى و فەرهەنگى سوودى زۆرى لێدەبێنرێت