جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال گرنگترین داواکاریی ئێزدییەکانە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

 

زیاتر لە ٥٠ ھەزار کەیسی قەرەبووکردنەوەی خەڵکی شنگال تەواو بوونە، بەڵام تا ئێستا حکوومەتی عێراق یەک کەسی قەرەبوو نەکردووتەوە، ھەر ئەوەش وای کردووە خەڵکی ئەو شارە لە ئاوارەییدا بژین و نەگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان. قایمقامی قەزای شنگالیش بە وەکالەت، گوتی: چارەسەری بنەڕەتی ئەوەیە کە کار بکرێت لە ناوچە کوردستانییەکان ماددەی ١٤٠ جێبەجێ بکرێت، چونکە ئەو ماددەیە کۆتایی بە ھەموو کێشەکان دێنێت.

ڕۆژی ٣/٨/٢٠١٤، شنگال و ناوچەکانی دەوروبەری لە لایەن چەکدارانی داعشەوە ھێرشی کرایە سەر و بەھۆی ئەو بۆشاییە سەربازییەی سوپای عێراق لە ناوچەکەدا جێی ھێشتبوو، توانییان بە ماوەیەکی کەم ناوچەکە داگیر بکەن و، ھەزاران ژن و منداڵ و پیاوانی ئێزدی تووشی مەرگ و ئاوارەبوون بکەن ‌و بەشێکی زۆری ئەو خەڵکە لە ترسی شمشیر و نێزەی ئەو چەکدارانە ڕوویان کردە چیای شنگال و، لە ھەر چوار لاوە بەو گەرمایە گەمارۆ دران و بێ ئاو و خواردن مانەوە و چەندین کەس بەھۆی تینوێتی و برسێتی و نەخۆشی لە ڕۆژەکانی یەکەمدا گیانیان لە دەست دا.
داعش لەکاتی ھێرشەکەیدا بۆ سەر شنگال، جگە لە زیانی گیانی، زیانی ماددی زۆریشی بە کوردانی ئێزدی گەیاند، ئێستا کوردانی ئێزدی داوا دەکەن قەرەبوو بکرێنەوە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان.
خەڵکی شنگال گلەیی لە حکوومەتی عێراق دەکەن کە تا ئێستا قەرەبوو نەکراونەتەوە، وەکو خۆیان دەڵێن، ئەوەش ھۆکار بووە کە تا ئێستا نەمان توانیوە بگەڕێینەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆمان، ئەمە لە کاتێکدایە بەردەوام حکوومەتی عێراق زەخت لە ئاوارەکان دەکات بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، ئەگەر حکوومەتی عێراق قەرەبوومان نەکاتەوە و زەمینە خۆش نەکات بۆ گەڕانەوەمان ئامادە نین بە ھیچ شێوەیەک بگەڕێینەوە ناوچەکانی خۆمان کە نە پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆمان دابین کراوە، نە ئەمن و ئەمان ھەیە.
حکوومەتی عێراق لە چارەکردنی کەیسی شنگال جیددی نییە و ھەتا ئێستا خەڵکی شنگال چارەنووسی خۆیان نازانن. نایف سەیدۆ، قایمقامی قەزای شنگال بە وەکالەت، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: خەڵکی شنگال وەکو پێویست قەرەبوو نەکراونەتەوە، ھۆکارەکەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە حکوومەتی عێراق لە بابەتی قەربووکردنەوەکە جیددی نییە، ئێستا ٥٠ ھەزار مەلەفی قەرەبووکردنەوەی خەڵکی شنگال تەواو بوونە و بەس ماوە ئەو خەڵکە قەرەبوو بکرێتەوە.
قایمقامی قەزای شنگال بە وەکالەت، ئاشکرای کرد: تاوەکو ئێستا ھەشت ساڵ بەسەر ڕێککەوتنی شنگالدا تێپەڕ بووە و لە کۆی پێنج خاڵ، یەک خاڵیشی جێبەجێ نەکراوە، ئەگەر جێبەجێ کرابایە زۆر گرنگ بوو، چارەسەری بنەڕەتییش ئەوەیە کە کار بکرێت لە ناوچە کوردستانییەکان ماددەی ١٤٠ جێبەجێ بکرێت، چونکە کۆتایی بە ھەموو کێشەکان دێنێت، بەڵام بۆ ئەم قۆناغە جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتننامەیە زۆر گرنگ بوو، بەڵام تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە.
ئێزدییەکان سەرەڕای ئەوەی لە هەرێمی کوردستان و لەسەر ئەرکی حکوومەتی هەرێم حەوێنرانەوە، داوای ئەوە دەکەن شکۆمەندانە بگڕێنەوە زێدی خۆیان و لە چەندین بۆنەدا سوپاسی هەڵوێستی سەرۆک بارزانی و حکوومەتی هەرێمی کوردستانیان کردووە، وەک پێشتر لە دەیەمین ساڵیادی جینۆساید ئێزدییەکان، میر حازم تەحسین بەگ، میری ئێزدیان، ڕایگەیاند؛ سوپاسی هاوکاریی و هەڵوێستەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین لە ساتی کارەساتەکاندا دەرگای ماڵ، مزگەوت، کڵێسا و قوتابخانەکانیان بەڕووی ئێزدییەکاندا کردەوە و لەخۆیان گرتن و هەموو ئەوەی لە دەستیان هات پێشکەشیان کردین لە کاتێکدا ئێزدییەکان تەنانەت پێویستیان بە وشەیەکی دڵخۆشکەریش بوو. لێرەوە سەرۆک بارزانی هەڵوێستێکی شەرەفمەندانەی هەبوو، پشتیوانمان بوو. هەروەها هەڵوێستی نێچیرڤان بارزانی بە کردنەوەی نووسینگەی ئازادکردنی ڕفێندراوە ئێزدییەکان. هەروا ئەو هاوکارییەکەی مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشکەشی دەکات بە دابینکردنی بودجەیەک بۆ هاوکاری دارایی بۆ ئافرەت و کچە ڕزگارکراوەکانی ئێزدی، ئەمە سەرەڕای ئەو قەیرانە دارایی هەرێمی کوردستان تێدایە، ئەمە زۆر جێگەی دەستخۆشییە، ئەمەش وای کردووە سوورتر بین لەسەر ئەوەی دەست بە خاک و نیشتمانی خۆمانەوە بگرین”.
ڕاشیگەیاند؛ دەمانەوێت بە شکۆمەندییەوە بگەڕێینەوە زێدی خۆمان، نەک بە ترس و دڵەڕاوکێوە، چونکە نامانەوێت کارەسان و تراژیدیایەکی دیکەمان بەسەر بهێنرێتەوە، دەمانەوێت هاووڵاتییانی ئێزدی بە سەر بڵندیی بەو پەڕی متمانەوە بگەڕێتەوە زێدی خۆی، لەگەڵ ئەمەشدا دەبێت پێداویستی و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانیان بۆ دابین بکرێت وەک ئەوەی بۆ هەموو پێکهاتەکان و گەلی عێراق کراوە.
داواکاریی ئێزدییەکانیشی لە حکوومەتی عێراق دووپات کردەوە و وتی: دەبێت حکوومەتی عێراق زیاتر جددی بێت لە پرسی ئێزدییەکان و بۆ چارەکردنی پرسە سیاسی و ئەمنییەکانی شنگال، چونکە شنگال ئەمڕۆ پێویستی بەوەیە سەقامگیر بێت و کۆتایی بە ناکۆکییە ئەمنییەکان بهێنرێت، بۆ ئەوەی هاووڵاتییان متمانە و دڵنیاییان بۆ دروست بێت و بگەڕێنەوە زێدی خۆیان. هەروا دەبێت حکوومەتی فیدرال خزمەتگوزاریی بگەیەنێتە ناوچەکە و گەنجانی شنگال بە پۆلیس دابمەزرێن و ئیدارەدانی شنگال بە ڕێککەوتن بێت و ئێزدییەکان نوێنەریان لە دانووستانەکاندا هەبێت. هەروەها دەبێت سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەممەد شیاع سوودانی بودجەیەکی تایبەت بە شارۆچکە شنگال دابین بکات.
ئەگەرچی ئەم داواکارییانەی ئێزدییەکان کاتی زۆری بەسەردا تێپەڕیوە و تا ئێستاش جێبەجێ نەکراوە، بۆیە خەڵکی شنگال و ئەوانەی ئاوارە بوون، داواکارییەکانی خۆیان لە جێبەجێ کردنی ڕێککەوتننامەی شنگالدا دەبیننەوە.
نزیکەی ٥ ساڵ بەسەر ڕێککەتننامەی شنگالدا تێدەپەڕێت و تا ئێستا بە بیانووی جیاوازجیاواز حکوومەتی فیدراڵی خۆی لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە دەدزێتەوە و شنگالیش بووە بە مەیدانی گرووپگەلی چەکداری نایاسایی، ڕێککەوتننامەی شنگال لەسەر ئاستی ئەمنی و ئیداری و ئاوەدانکردنەوە کراوە و لە یەکێک لە خاڵەکانیدا ئاماژە بەوە کراوە، تەنیا پۆلیسی ناوچەکە و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و هەواڵگری بەرپرسیارێتیی ئاسایشی نێو شارۆچکەکە لە ئەستۆ دەگرن و، هەموو رێکخراوە چەکدارییەکانی دیکە بۆ دەرەوەی سنووری شارۆچکەی شنگال دوور دەخرێنەوە. لە خاڵێکی دیکەدا ئاماژە بەوە کراوە، لە رێگەی دامەزراندنی 2500 کەسەوە لە هێزی ئاسایشی ناوخۆدا لایەنی ئاسایشیی شارۆچکەکە بەهێز دەکرێت کە لەو هێزەدا دەستەبەریی دادپەروەرانە دەکرێت بۆ بەشداریپێکردنی پەنابەرانی نێو کەمپەکان لە خەڵکی شارەکە.
هەروەها ئەوەش لە ڕێککەوتننامەکەدا هاتووە؛ کۆتاییهێنان بە بوونی رێکخراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە شارۆچکەی شنگال و ناوچەکانی دەوروبەریدا و نابێت رێکخراوەکە و ئەوانەی سەر بەون هیچ رۆڵێکیان لە ناوچەکەدا هەبێت.
سەبارەت بە ئاوەدانکردنەوەی شنگالیش لەو ڕێککەوتنەدا ئەوە خراوەتەڕوو؛ پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش لە حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئاوەدانکردنەوەی شارۆچکەکە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ کارگێڕیی ناوچەکە لە پارێزگای نەینەوا و لەلایەن سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە ئاست و وردەکارییەکانی ئامانجەکەی دیاریدەکرێت.
ڕێککەوتنەکە ئەوەشی تێدا هاتووەدەشڵێت؛ بە مەبەستی چاودێریکردنی ئەوەی لە تەوەری کارگێڕی و ئەمنیدا هاتووە، لیژنەیەکی مەیدانیی هاوبەش لەلایەنە پەیوەندیدارەکانی هەردوولا بۆ جێبەجێکردنی رەوتی ئەوەی لە رێککەوتنەکەدا هاتووە، پێکدەهێنرێت.