ئارام كۆشكی – سلێمانی
کۆڵن ویڵسن؛ لە ڕیزی ئەو نووسەرانەی ئینگلیزە، کە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر نەوەیەکی خوێندەواری کوردی هەبووە، ئەویش لەڕێی بەرهەمە وەرگێڕدراوەکانییەوە بۆ زمانی عەرەبی. بە گشتی جیلی حەفتاکان و هەشتاکانی نێو ڕۆشنبیری کوردی سەرسامی خۆیان بەم نووسەرە ناشارنەوە و من لە چەندین بۆنە و دانیشتنی ڕۆشنبیرییدا سەرسامی ئەوانم ژنەوتووە، بەڵام ئەو جیلە بۆ ئەم نووسەرە مەزنە وەفادار نەبوون و نەیانتوانی خزمەتی ئەم نووسەرە بکەن و بە نەوەکانی دواتری بناسێنن. خزمەتکردنەکەش لەڕێی وەرگێڕانی بەرهەمەکانی و نووسین و توێژینەوە لەبارەیەوە. بەڵام ئەو نەوەیەی پێشوو هیچی ئەوتۆیان سەبارەت بەم نووسەرە پێشکەشی کتێبخانەی کوردی نەکرد.
دوای ساڵانێک، نزیکەی دە ساڵ لەمەوبەر بۆ یەکەمجار ڕۆمانی “مشەخۆرەکانی عەقڵ”ی ئەم نووسەرەم بە کوردی بینی و ساڵی ڕابردووش ڕۆمانی “سەرگەردان لە سۆهۆ”ی هەمان نووسەر بە کوردی بڵاوکرایەوە. ئەم نووسینە ڕانانێکی کورتە بۆ “سەرگەردان لە سۆهۆ”، کە یەکێکە لە ناوازەترین ڕۆمانەکانی ئەم نووسەرە و “وەهاب عەبدوڵڵا” لە ئینگلیزییەوە کردوویەتی بە کوردی و ناوەندی ڕەهەند بەچاپی گەیاندووە.
ڕۆماننووس و نووسەری ئینگلیز “کۆڵن هێنری ویلسن” لە ٢٦ی حوزەیرانی ١٩٣١ لە شاری لێستەر لە ئینگلتەرا لە دایک بووە. جگە لە ڕۆمان، لە چەند بوارێکی دیکەشدا نووسین و بەرهەمی بڵاوکردووەتەوە وەکو فەلسەفە و کۆمەڵناسی و مۆزیک و چەندین بابەتی دیکە.
ویلسن لە تەمەنی ١٦ ساڵیدا وازی لە خوێندن هێناوە و وەک یاریدەدەری تاقیگە و کارمەندی حکومەت و کرێکار و قاپشۆر کاری کردووە. بۆ ماوەیەکی کورتیش لەنێوان ساڵانی ١٩٤٩ و ١٩٥٠دا لە ڕیزی هێزی ئاسمانیی شاهانەدا بووە و بەهۆی کێشەی تەندرووستییەوە دوورخراوەتەوە.
لە نێوان ساڵانی ١٩٥٠ و ١٩٥١دا، لەکاتێکدا لە پاریس و سترازبێرگ لە قاوەخانەیەکدا کاری کردووە، یەکەم کتێبی (تەریک – The Outsider)ی نووسیوە. کتێبەکە لێکۆڵینەوەیەکە لەسەر نامۆبوون و دوورەپەرێزی، لەبەر ڕۆشنایی ژیان و بەرهەمی ژمارەیەک لە بیریارە دیارەکانی سەدەی بیستدا وەک نیچە و دۆستۆیڤسکی و سارتەر و هەمەنگوای و کافکا و ویلیەم جەیمس.
ئەم یەکەم کتێبەکەی نووسەر لەلایەن ڕەخنەگرانەوە وەک بەرهەمێکی ناوازە لەقەڵەم درا و بەهۆی ئەم ستایشەی ڕەخنەگرانەوە، ویلسن لە تەمەنی ٢٤ ساڵیدا بووە نووسەرێکی بەناوبانگ و کتێبەکەشی بووە یەکێک لە پڕفرۆشترین کتێبەکان.
بەڵام لەدوای چاپکردنی کتێبی “ئایین و یاخیبوون” لە ساڵی ١٩٥٧دا، دامەزراوەی ئەدەبی دیدی خۆی سەبارەی بە بەهرەی ویلسن گۆڕی و ئەم کتێبەی دوایی بە بەرهەمێکی ناڕەسەن و ڕووکەش وەسفکرد و ڕەتی کردەوە.
ئەم هەڵسەنگاندنە نەرێنییە گڵۆڵەی ویلسنی خستە لێژی هەتا چاپکردنی یەکەم ڕۆمانی سرووتی نێو تاریکی (١٩٦٠). پاشان لەگەڵ دەرکەوتنی دووەم ڕۆمانیدا، سەرگەردان لە سۆهۆ (١٩٦١)، ویلسن کەوتەوە سەر ڕاستە ڕێگەی بەدەستهێنانەوەی ناو و شۆرەتی جارانی.
زۆرێک لە بەرهەمەکانی ویلسن کاریگەرە بە فەلسەفەی بوونگەرایی و باس لە جیهانی نادیار و بابەتە پەنهانەکان و دەروونناسیی تاوان دەکەن.
کۆڵن ویلسن لە ٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٣ دا لە کۆرنۆڵ، ئینگلتەرا کۆچی دوایی کردووە و زیاتر لە ١١٥ کتێبی لەدوای خۆی بەجێهێشتووە.
ڕۆمانی (سەرگەردان لە سۆهۆ .. یاخی و دەربەدەر و بۆهیمییەکان) یەکێکە لە ناوازەترین بەرهەمەکانی ئەم نووسەرە و بەپێی بۆچوونی لێکۆڵەران ژیاننامەی خودی کۆڵن ویلسنە، گەشتێکە بۆ گەڕان بە شوێن ئازادیدا.
هاری پرێستن، کاراکتەری سەرەکیی ڕۆمانەکە و حیکایەتخوان، لە تەمەنێکی هەرزەکاریدا ماڵەکەیان لە قەراغ شار بەجێدەهێڵێت و ڕوودەکاتە لەندەن، لەوێ کەسانێکی دەربەدەر و یاخی دەبینێت، کە نایانەوێت ببنە بەشێک لەو “شارستانێتی”یەی دنیای سەرمایەداری بەرهەمی هێناوە.
هاری لە لەندەن چاوی بە جەیمز دەکەوێت، ئەو ئەکتەرە ئارەزوومەندەی جگە لە نواندن و وێنەکێشان، دەیان کاری جۆراوجۆری دیکەی هەیە بۆ ئەوەی دواجار بتوانێت بەبێ پابەندبوون بە پێشەیەکی دیاریکراوەوە، بژێویی ژیانی دابین بکات.
جەیمز پێیوایە زۆربەی هەرە زۆری تاکەکانی کۆمەڵگا لەنێو سیستمی کاردا گیریان خواردووەو تەواوی ژیانیان بۆ دەوڵەمەندکردنی خاوەن کارەکانیان تەرخان دەکەن، بەو شێوەیەش دواجار دەمرن و چەشەی ئازادی ناکەن
هاری لەسەرەتادا خەونی نووسەربوونی هەیە و دەیەوێت ببێت بە نووسەر و بۆ ئەمەش هەوڵ و تەقەلای زۆر دەدات. نووسەر هەر لە دەسپێکی ڕۆمانەکە بەم ڕستانە دەست پێ دەکات “من کە ناوم هاری پرێستنە، دوای ئەوەی لە هێزی ئاسمانیی شاهانە دەرکرام، مووچەی دوو مانگم پێ درا (بیرم نەماوە بۆچی). دەشێت خۆشحاڵ بووبن کە لەکۆڵیان بوومەتەوە. ئیتر گەڕامەوە نێو ژیانی مەدەنی و سەرمایەیەکیشم بەدەستەوە بوو. هەرگیز پێشتر بڕە پارەی لەو شێوەیەم بەخۆوە نەبینیبوو؛ وام دەهاتە پێشچاو ئەگەرەکانی بەکارهێنانی ئەو پارەیە بێکۆتا بن. یەکێک لە بەکارهێنانە دیارەکانی ئەوە بوو پێشوەخت پارەی بیست هەفتە بدەم بە دایکم (پێشتر لە بەرامبەر مانەوەم لە ماڵەکەیدا هەفتەی دوو پاوەندم پێ دەدا)، ئیتر دەمتوانی بۆ ماوەی پێنج مانگ لە تەمبەڵییەکی هەژارانەدا بگوزەرێنم. لەو ماوەیەشدا دەمتوانی شانۆگەرییەک یان ڕۆمانێکی مەزن بنووسم؛ دەمتوانی زەبت و ڕەبتێکی تووندی نووسەرانە بەسەر خۆمدا بسەپێنم، ڕۆژانە بۆ ماوەی شەش کاتژمێر لە کتێبخانەی ناوچەکەدا سەرقاڵی نووسین بم و نیوەڕوانیش لەفەیەک بخۆم.”
هاری پاڵەوانی ڕۆمانەکە بە خەونی نووسەربوونەوە بەرەو لەندەن دەڕوات و لەوێ دەچێتە نێو کەسە بێلانە و تەرک و یاخیبووەکان و هەرزوو لەگەڵ جیهانەکەیاندا پەیوەندی دروست دەکات. بەڵام کاتێکیش دەیەوێت ئەو جیهانە بەجیبهێڵێت سەیر دەکات بووە بە بەشێک لەو جیهانەی خاوەنی ئازادییەکی زۆرە و لە دەرەوەی هەموو سیستمێک دەیەوێت خۆی بێت. هاری لەنێو ئەو ژیانەشدا هەمیشە هاودەمی کتێبە و بەردەوامە لەگەڵ خوێندنەوە و بەشێک لەو پارە کەمەی پێیەتی بۆ کتێبی خەرج دەکات، کە ئەمە وەکو جۆرێک لە شێتێتی لەلایەن هاوڕێکانییەوە لێک دەدرێتەوە.
ڕۆمانەکە لەڕێی هاری و جەیمز و فیگۆرەکانی دیکەوە دەیەوێت دژ بەو سیستمە سەرمایەدارییە سەپێنراوە بجەنگێت کە مرۆڤ دەخاتە چوارچێوەیەکی دیاریکراو و دەیەوێت بەکاڵای بکات. مرۆڤ لە مرۆڤبوون دەکەوێت و دەبێت بە ئامێر، ئەم ڕۆمانە ئەگەرچی زیاتر لە 60 ساڵ لەمەوبەر نووسراوە، بەڵام گوزارشت لە دۆخێک دەکات کە تا ئێستاش درێژبووەتەوە. دۆخێک مرۆڤ لە مرۆڤبوون دەکەوێت و دەبێت بەوەی سەرمایەداریی دەیەوێت.
لەم ڕۆمانەدا گەشتی بەردەوامی هاری بۆ ئەوەیە کە بەداوی ئازادیدا بگەڕێت، خۆ لە جێگەیەکدا دەڵێت: “هاتم بۆ لەندەن بۆ ئەوەی جۆرێک لە ئازادی بدۆزمەوە، بەڵام پێموابێت وەها ئازادییەکم لە سۆهۆ دەست ناکەوێت. لای من ئەمە ئازادی نییە، ئەمە تەنها لە ڕووکەشدا ئازادییە.” ئەوەی لێرەدا گرنگە ئەوەیە ئەو ئازادییەی کە یاخیبووەکانی هاوڕێی هاری بە ئازادی دەزانن بۆ هاری ئازادی نییە، بەڵکو ڕووکەشێکی ئازادییە. ئازادی لای هاری مانای قووڵتر و گرنگتری هەیە کە ئەویش خۆبوونی مرۆڤ خۆیەتی و گەیشتنە بە ئازادییەکی ڕەها. خوێنەر لە ڕۆمانەکەدا بۆی دەردەکەوێت ئەو ئازادییە ڕەهایەی هاری دەیەوێت ئازادییەکە لە دەرەوەی سیستم و لە دەرەوەی هەموو کۆتوبەندێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووریی و ئاینی و کولتووریی. بەڵام ئایا ئەوە بەدەست دێت؟ ڕۆمانەکە وەڵامی ئەمە ناداتەوە، بەڵکو ئەمە بۆ خوێنەر بەجێدەهێڵێت تا خۆی بەپێی بارودۆخ و شوێنی خۆی بۆ وەڵامی بۆ بدۆزێتەوە.
ئەوەی ئەم ڕۆمانە پێماندەڵێت زۆر زیاترە لەوەی لێرەدا خرایەڕوو، ئەمە تەنها دەستپێکێکە بۆ چوونە نێو جیهانەکەی هاری و ئەو ژیانەی بە خەونی نووسەربوون و گەیشتن بە ئازادییەوە لە لەندەن دەستی پێ دەکات. بۆیە گرنگی ڕۆمانەکە ئەوەیە کە خوێنەر دەخاتە کەڵکەڵەی بیرکردنەوە و ڕامان و هیچ وەڵامێکی ئامادەشی بۆ خوێنەر پێ نییە، بۆیە خوێنەر دەبێت خۆی وەڵام بۆ ئەو ژیانە بدۆزێتەوە کە تێیدایە.