گرێبەستی زیاتر لە شەش هەزار و 500 مامۆستا نوێ دەکرێتەوە

وەزارەتی پەروەردە وەک هەنگاوی یەکەم دەستی کرد بە نوێ کردنەوەی گرێبەست بۆ زیاتر لە شەش هەزار مامۆستای نوێ، کە لەسەرمیلاکی پەروەردەی سنوری پارێزگای سلێمانی دامەزراون.

بەپێی فەرمانێکی وەزاریی کە لە وەزارەتەوە دەرچووە و وێنەیەکی دەست ماڵپەری هەولێر کەوتووە تێیدا هاتووە: دوای ڕەزامەندی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستان، بڕیاردرا بە نوێكردنەوەی گرێبەستی دامەزراندنی شەش هەزار و 589 كەس بە ناونیشانی مامۆستا لەسەر میلاكی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی، سنووری پەروەردەكانی (ڕۆژهەڵات، ڕۆژئاوا،دەربەندیخان، سەید سادق، پێنجوێن، دوكان، چەمچەماڵ، شارباژێر، قەرەداغ، شارەزوور) بۆ ماوەی یەك ساڵ.

بەپێی فەرمانی وەزاریی وەزارەتی پەروەردە، ئەوه مامۆستایانەی گرێبەستەكانیان نوێ دەكرێتەوە، مەرجە هیچ مووچەی دیكەی حكومییاننەبێت و بەردەوامیش بن لەسەر كار، هەروەها داوای گواستنەوەی ڕاژەكانیان نەكردبێت بۆ سنووری پەروەردەی پارێزگایێكی دیكە مەگەر بەهۆكارێكی گونجاو و ناچاری.