هۆڵی ڕۆشنبیری و هونەریی ڕانیە تەواو کرا

پرۆژەی هۆڵی ڕۆشنبیریی ڕانیە، بە گوژمەی 2 ملیار و 643 ملیۆن دینار، لەسەر ڕووبەری 13 هەزار و 600 مەتر دووجا لە ڕانیە دروست کرا.

پرۆژەکە بە مۆدێرنترین دیزاین و کەلوپەلی سەردەمییانەی دابینکردنی سارد و گەرمی، سیستەمی دەنگ و ڕووناکی و خزمەتگوزارییەکانی دیکە ئاوا کراوە.

هیوا مستەفا، بەڕێوەبەری ڕۆشنبیری و هونەریی ڕاپەڕین، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی گوت: “ئەو هۆڵە دەبێتە پرۆژەیەکی زۆر جوان و خزمەتێک بۆ ژێرخان و ڕۆشنبیری لە سنوورەکە؛ کە پێشکەشکردنی ڤیستیڤاڵی شانۆیی، ئۆپەرێت، دیداری شیعر، ڤیستیڤاڵی میوزیک و گۆرانیی تێدا ئەنجام دەدرێت.”

هونەرمەندان و ڕۆشنبیرانی ڕانیە خۆشحاڵن بە کردنەوەی ئەو هۆڵە، کە ساڵانێکی زۆر لە چاوەڕوانیدا بوون؛ وەک یەکەم چالاکییش لەو هۆڵە لە یادی یەکەم ڕۆژی ڕاپەڕینی ئاداری ساڵی 1991، لە 5ی ئادار، کۆنسێرتێکی گۆرانی و میوزیک پێشکەش کرا.

کابینەی نۆیەم سەرەڕای قەیرانە بەردەوامەکان، لە پرۆژە خزمەتگوزارییەکان و خزمەتکردنی هاوڵاتییانی ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوامە و سەرنجی لەسەر کایەی ڕۆشنبیری و هونەرییشە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری