لە درێژەی سەردانی فەرمی شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان بە سەرۆکایەتی د. هێمن هەورامی ئەندامی مەکتەبی سیاسی بۆ وڵاتی چین، لە پەکینی پایتەخت کۆبوونەوەیەکی ورد و چڕیان لەگەڵ د. جین شین بریکاری وەزیری کاروباری دەرەوە ئهنجامدا.
له سهرهتای كۆبوونهوهكهدا بەرێز د. جین شین بە گەرمی بەخێرهاتنی شاندی پارتی دیموكراتی كوردستانی کرد و خۆشحاڵی خۆی بۆ ئەم دیدارە دەربڕی و باسی لە هەڵوێست و سیاسەتی چین بەرامبەر هەرێمی کوردستان بە گشتی و پارتی دیموکراتی کوردستان بە تایبەتی کرد و گوتی، “پارتی کۆمۆنیستی چین و حکوومەتی چین بە بایەخەوە لە ڕۆڵ و پێگەی پارتی و هەرێمی کوردستان لە ناو هاوکێشە سیاسی و ئەمنی و ئابورییەکانی عێراق و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڕوانن و بانگهێشت کردنی شاندێکی فراوانی پارتی وەک یەکەم شاندی پارتە کاریگەرەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقیا دەرخەری ئەو بایەخ و پێزانینەیە کە چین بە پارتی دیموکراتی کوردستان و هەرێمی کوردستانی دەدات.
د. هێمن هەورامی سەرۆکی شاندی پارتی، وێڕای سوپاس و پێزانینی بۆ ئەم بانگهێشتە و ئەو زنجیرە دیدار و سەردان و کۆبوونەوانە، سڵاو و رێزی تایبەتی سەرۆک بارزانی لە ڕێگهی بەڕێزیانەوە بۆ سەرۆک شی جین پین و سەرکردایەتی پارتی کۆمۆنیستی فەرمانڕەوای چین نارد.
دواتر بە وردی سیاسەت و هەڵوێست و بۆچوون و تیڕوانینی پارتی لە سەر دۆخی سیاسی ناوخۆیی، دۆخی عێراق لە ڕووی ئەمنی و سیاسی و ئابووری، دۆخی سووریا و دۆخی پرۆسەی ئاشتی و ڕۆڵی پارتی و سەرۆک بارزانی و هاوکێشە گشتیەکانی ناوچەکە و دەرفەتەکانی وەربەرهێنانی زیاتری چین لە هەرێمی کوردستان و پەیوەندییە کلتوورییەکانی نێوان هەردوولایان ڕوونکردەوە.
دوای گفتوگۆیەکی ورد، لە لایەن بەڕێزیانەوە ئێوارە خوانێکی تایبەتی بۆ شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕێکخرا.