هەڵسەنگاندنی مانگانە بۆ یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری ئەمریکا کر

 

ئەمڕۆ ١٢ی ئاداری ٢٠٢٥ بە ئامادەبوونی عبدالخالق بابیری بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە و فەریق روکن عیسا عوزێر سەرۆکی ئەرکان و لیوا روکن بەختیار محمد سدیق ئەمینداری گشتی و ڕاوێژکارانی وەزارەت و جێگرانی سەرۆکی ئەرکان، کۆڵۆنێڵ راب براندستێتەر فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان و مێجەر توماس ستوفەر بەرپرسی نووسینگەی هاریکاری ئاسایش لە کونسوڵخانەی گشتی ئەمریکا لە هەولێر بە وەکالەت و ژمارەیەک لە بەڕێوبەرانی گشتی وەزارەتی پێشمەرگە، لە کۆبوونەوەیەکی فراواندا، هەڵسەنگاندنی مانگانە بۆ یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری ئەمریکا کرا.

لەو کۆبوونەوەیەدا، هەڵسەنگاندنی مانگانە بۆ چۆنیەتی جێبەجێکردنی برگە و خاڵەکانی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن کرا و جەخت لە خێراکردنی هەنگاوەکانی ڕێکخستنەوەی یەکە جیاوازەکانی هێزی پێشمەرگە بە پێی پلانی ستراتیژی بۆ یەکخستنەوەی هێزەکان کرا.

ستافی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە دووپاتیان کردەوە؛ کە پلانی وەزارەت هەنگاوی باشی برێوە و بە بەرپرسیارییەتیەوە کار بۆ جێبەجێکردنی بەرنامە و پلانە ستراتیژییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە لەپرۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکان دەکرێت و ئاماژە بەوەشدرا؛ کە بە پشتیوانی دۆستان لە ڕاوێژکارانی سەربازیی هاوپەیمانان، هێزی پێشمەرگە لەژێر سەرکردایەتی و کۆنتڕۆڵی وەزارەتی پێشمەرگە لە چوارچێوەی دوو ناوچەی سەرکردایەتی سەربازی و ۱۱فیرقەی پیادەدا چالاک بکرێت و ئەم هەنگاوانەش بەدەستهێنانی بەشێکی بنەرەتیە لە ئامانجەکان لە پرۆسەی چاکسازی و ڕێکخستەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بۆ بنیاتنانی سوپایەکی یەکگرتوی نیشتیمانی کە دواجار دەبێتە نەخشە ڕێگایەک بۆ گەیشتن و بەدەستهێنانی ئایندەی چاوەڕووانکراوی وەزارەتی پێشمەرگە، “وەزارەتی پێشمەرگە بەپێی ئەو نەخشە ڕێگایەی کەلەسەری ڕێککەوتووە لە گەڵ وەزارەتی بەرگری ئەمریکا کار بە تەواوی برگەکانی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن دەکات”.

لەلایەن خۆیانەوە، تیمی ڕاوێژکارانی هێزەکانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان، دڵخۆشی خۆیان بەهەوڵەکانی وەزارەتی پێشمەرگە نیشاندا و رایانگەیاند: بەگرنگیەوە لە هەوڵەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و حکومەتی هەرێم دەڕوانن بۆ جێبەجێکردنی برگەکانی یاداشتنامەکە، هاوکات ئاماژەیان بەوەدا کە بەهاوبەشی و کاری پێکەوەیی لەگەڵ پێشمەرگە دەتوانن خێرایی بە پرۆسەی چاکسازی پێشمەرگە و پڕۆسەی ڕێکخستنەوەی هێزەکان بدەن.