ئەنجوومەنی وەزیران هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان تاوتوێ دەکات

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، 12-03-2025، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران کۆ دەبێتەوە.

لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیراندا، ئەم بابەتانە تاوتوێ دەکرێن:

1. ئەنجامی دوا کۆبوونەوە هاوبەشەکانی نێوان وەزارەتی سامانە سروشتییەکان  و وەزارەتی نەوتی فیدراڵ بە ئامادەبوونی نوێنەری کۆمپانیا نەوتییەکان سەبارەت بە هەوڵەکانی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەبەر ڕۆشنایی بڕگەکانی یاسای هەمواری بودجەی فیدراڵی.

2. دیاریکردنی ڕۆژەکانی پشوو و بۆنە فەرمییەکان لە ڕۆژژمێری حکوومەتی هەرێمی کوردستان تاوتوێ دەکرێن.

3. ڕاپۆرتی سندووقی پشتیوانیی پرۆژە بچووکەکانی لاوان سەبارەت بە لێخۆشبوون بە ڕێژەی 50٪ یان 100% بۆ قیستەکانی ماوە بۆ سوودمەندانی کۆچکردوو.

4. لێخۆشبوون لە پێشینەی هاوسەرگیریی ئەو کەمئەندامانەی پێش ساڵی 2013 پێشینەی هاوسەرگیرییان وەرگرتووە.