سلێمان تاشان – ههولێر
لەوەتەی کۆماری عێراق دامەزراوە دەیان ڕێککەوتن و پەیمان لە نێوان کورد و دەسەڵاتی بەغدا مۆر کراون کە بەشێک لەو ڕێککەوتنانە زۆر گرنگ و مێژوویی بوون، بەڵام هیچ کام لەو ڕێککەوتنانە بە تەواوی جێبەجێ نەکراون و بەغدا پابەندی بەڵێن و پەیمانەکانی نەبووە و لێیان پاشگەز بووەتەوە، نوێترینیان ئەو ڕێککەوتنە بوو کە بۆ پرسی مووچەی ئەمساڵی فەرمانبەران کرا.
یەکەم پەیمانی مێژوویی نێوان سەرکردایەتیی سیاسیی کورد و عێراق دوای شۆڕشی تەمووزی ساڵی ١٩٥٨ بە سەرۆکایەتی عەبدولکەریم قاسم لە دەستووری ئەوکاتی عێراقدا ڕەنگی دایەوە. لە مادەی سێی دەستوور باس لەوە کرا كە كورد و عەرەب هاوبەشن لە ئەرك و ماف، ئەمەش بووە هۆی بە فەرمی ناساندنی مافی كورد لە چوارچێوەی كۆماری عێراقدا کە تا ئەو کات بێوێنە بوو. بڕیار درا ئابووریی كوردستان چاك بكرێت چونکە کوردستان لە سەردەمی ڕژێمی پاشایەتی ڕووبەڕووی کۆمەڵێک جەنگ و ماڵوێرانی ببوویەوە. مەلا مستەفای بارزانی ڕێبەری بزووتنەوەی نەتەوەیی گەلی کورد لە یەکێتی سۆڤییەتەوە گەڕایەوە عێراق و بە گەرمی پێشوازی لێ کرا.
بەغدا لە تەواوی ئەو بەڵێن و پەیمانانەی دوای شۆڕش بە کوردی دابوو پاشگەز بوویەوە و هەر ئەوەش هۆکار بوو لەوەی زوو مەلا مستەفای بارزانی لە نیەتی بەغدا تێ بگات و لە یازدەی ئەیلوولی ١٩٦١ ڕابەرایەتی گەورەترین شۆرشی چەكداری لە دژی دەسەڵاتدارانی بەغدا دەست پێ بکات کە بە شۆڕشی ئەیلوول ناسرا .
یەکێک لە گرنگترتن دەستکەوتەکانی ئەو شۆڕشە کە دوێنێ سێشەممە یادی پەنجا و پێنج ساڵەی کرایەوە ڕێککەوتنی ناسراو بە یازدەی ئاداری ١٩٧٠ بوو.
لە ڕێککەوتنی ١١ی ئادار کۆمەڵێک مافی گرنگ بۆ کورد مسۆگەر کرابوون و مافی ئۆتۆنۆمی بە کوردستان درا. لە یەکەم مادەی ڕێککەوتنەکەدا هاتبوو کە كوردی زمانێكی فەرمییە و لە گەڵ زمانی عەرەبیدا و لەو ناوچانەدا كە زۆرینەی دانیشتوانەكەی كوردن خوێندن بە زمانی کوردی دەبێت و لە پاڵ عەرەبی دەخوێنرێت. لە خاڵی دووەمدا باسی لە بەشداری برا كوردەكان لە دەسەڵاتدا کردووە و بەڵێنی جیاكاری نەكردن لە نێوان كورد و ئەوانی دیكەدا لە وەرگرتنی وەزیفەی گشتیی و لەناو ئەوانەشدا پۆستە هەستیار و گرنگەكانی دەوڵەت وەك وەزارەتەكان و سوپا درا. لە خاڵێکی دیکەدا تەنانەت قەرەبووی ئەو ستەمانە کراوەتەوە کە لە ڕووی ڕۆشنبیری و پەروەردەیی لە کورد کراوە و پێداگری لە دانانی پلان و گەڕاندنەوەی قوتابیان بۆ بەر خوێندن کراوە. هاوکات بە پێویست زانراوە فەرمانبەرانی یەكە ئیدارییەكانی ئەو ناوچانەی زۆرینەی دانیشتووانەكەی كوردن كورد بن. داواش کرا بەخێرایی ئەنجوومەنێكی تایبەتی دروست بكرێت لە خەڵكی پسپۆڕ، بۆ بووژانەوەی ناوچە كوردییەكان لە هەموو ڕوویەكەوە تا قەرەبووی ساڵانی پێشوویان بكرێتەوە و چەندین خاڵ و بڕگەی تر کە بۆ بەدیهاتنی مافەکانی کورد ڕەچاو کرابوون.
حکوومەتی عێراق هەرگیز بەڵێن و مادەکانی ڕێککەوتنەکەی جێبەجێ نەکرد و تەنانەت دوژمنایەتی کوردی کرد و دواجار ڕێککەوتنی شوومی جەزایرلە ساڵی ١٩٧٥ ی بەدواوە بوو کە نسکۆی شۆڕشی لێکەوتەوە و زیانێکی زۆری بە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کورد لە باشووری کوردستان هێنا. عێراق قۆناغێکی تر لە سەرکوتکردن و ماڵوێرانکاری لە دژی کورد دەست پێ کرد و لە دەیەی هەشتا گەیاندیە لووتکە کە تاوانی گەورەی ئەنفال و جینۆساید و کیمیاباران و پڕۆسەی تەعریب و ڕاگواستن و وێرانکردنی هەزاران گوندی بەدواوە بوو.پەیمان و ڕێککەوتنەکانی نێوان کورد و بەغدا لە سەردەمی دەسەڵاتی فیدراڵیشدا هیچ کاتێک وەک خۆیان جێبەجێ نەکراون و سەرەڕای ئەوەی کە بەشێکی گرنگ لە مافەکانی گەلی کورد لە دەستووری ساڵی ٢٠٠٥ چەسپێنران بەڵام بەغدا جێبەجێی نەکردن کە گرنگترینیان مادەی سەد و چلە. مادەکە تا ٢٠٠٧ دەبوایە بە تەواوی جێبەجێ کرابا بەڵام ئێستەیشی لەگەڵدا بێت بەغدا نایەوێت جێبەجێی بکات. لە دەیەی ڕابردوودا بەغدا چەندین ڕێککەوتنی تری لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا کردووە کە لە هیچ کامێکیاندا لەسەر پەیمان و بەڵێنەکانی نەبووە.
نوێترین پەیمانشکێنیی عێراق پێوەندی بەو ڕێککەوتنە هەیە کە مانگی ڕابردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا کردی و دوای هەموارکردنی یاسای بودجە پرسی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانی چارەسەر کرد و دەبوایە لەسەر پێوەری ئەو مووچەیەی لە مانگی یەکی ئەمساڵدا بۆ هەرێمی کوردستان نێردراوە تا کۆتایی ئەمساڵ هاوشێوەی مووچەی فەرمانبەرانی تری عێراق بینێرێت و چیتر مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان دوا نەکەوێت، کەچی ئەوە نزیکەی چل ڕۆژ بەسەر دابەشکردنی مووچەی مانگی یەک تێدەپەڕێت حکوومەتی عێراق بە بیانووی بێ بنەما پشتی لە پەیمانەکەی کردووە.