شاخەوان عەبدوڵلا جەخت لەوە دەکاتەوە، بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادەن، چی دیکە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دوابکەوێت. دەشڵێت: پێویستە سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆمان ڕوون بکاتەوە، کێ لە پشت سزادانی فەرمانبەرانمانە؟
سێشەممە، 11-03-2025، شاخەوان عەبدوڵلا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا، وەڵامی ژمارەیەک پرسیاری ڕۆژنامەنووسانی لەبارەی خەرجکردنی مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراق، دایەوە.
شاخەوان عەبدوڵلا دووپاتی کردەوە، وەزارەتی دارایی عێراق زۆر جار لە کۆتایی هەموو مانگێک، تەنها بۆ دواخستنی خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، هەندێک بیانوو دەنێتەوە و داوای هەندێک زانیاریی نوێی مووچەخۆران دەکات، لە کاتێکدا هەموو زانیارییەکی پێویستییان لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێ دراوە.
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق پێی وایە “ئەوەی کە تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق و چەند کەسانێکی دیکە لە بەغدا، لە بەرانبەر مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەیکەن، سیاسەتێکە پەیڕەو دەکرێت و بەم شێوەیەش بەردەوام نابێت. نە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، نە پەرلەمانتار و نە سیاسەتمەدارانی کوردیش ئەمە قبووڵ ناکەن.”
شاخەوان عبدوڵلا ئاماژەی بەوەش کرد: سەرۆک وەزیرانی عێراق لەبارەی خەرجنەکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان چییە؟ شاخەوان عەبدوڵلا گوتی: “لەگەڵ ئەویش قسەم کردووە، پێرێ لە لای بووم. گوتی مووچە دەنێرم، بەڵام ئەویش لەبارەی ئەم بابەتە، دەبێت زیاتر ڕوون بێت لەگەڵ ئێـمە، چونکە ئەم بڕیارانە تەنها بە تەیف سامی نادرێن، ئەو فەرمانبەرێکە، زۆر جار دەڵێت، پێویستە سەرۆک وەزیران ڕێنماییم پێ بدات.”
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لەوەش کرد “پێویستە بۆمان ڕوون بکرێتەوە کێ لە پشت ئازاردان و سزادانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانە، چونکە بە ڕاستی مایەی قبووڵکردن نییە.” گوتیشی: “خەڵکێک هەیە لە بەغدا فەشەلی هێناوە و لەسەر گەندەڵی دەرکراوە، مینبەرەکانی میدیای کوردی بەکار دەهێنێت بۆ ئەوەی شەرعییەت بە بڕیارە نایاساکانی تەیف سامی بدەن.”
ئەمە لە کاتێکدایە، هەر چەندە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لیستی مووچە و هەموو زانیارییەکی پێویستییان لەبارەی فەرمانبەران بە وەزارەتی دارایی عێراق داوە، بەڵام تاوەکوو ئێستەش وەزارەتەکە بە بیانووی جیاواز، مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەرانی هەرێمی خەرج نەکردووە.
بە گوێرەی ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، پێویستە مانگانە لەگەڵ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیش خەرج بکرێت و بابەتەکە لە کێشە سیاسییەکان دوور بخرێتەوە.