دووشەممە،10ـی ئاداری 2025، د. ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆمگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ڕاپۆرتی کۆتا ساڵی 2024مان ئامادەیە، داتاکانی ساڵی ڕابردوو تاکوو 1/12/2024، بەڵام ئەم جارە هی مانگی 12شی لەگەڵە، چاوەڕی بووین تا سەرۆکایەتیی پەرلەمان و لایەنەکانی دیکە دەست بەکار بن بۆ ئەوەی یەکەمجار بۆ ئەوانی بنێرین، دوای چەند ڕۆژێکی دیکە بۆ دەزگا ڕاگەیاندنەکانیشی دەنێرین.
سەرۆکی دەستەی دەستپاکی دەڵێت: سەرجەم ڕاپۆرتەکانی ساڵانی ڕابردوو بۆ میدیاکاران بەردەستە، لەو ژمارەی کە ڕاگەیەندرا زیاترە، لەبەر ئەوەی داتاکانی ساڵی ڕابردوو مانگی 12ـی لەگەڵدا نەبوو.
دەشڵێت: نزیکەی 205 کەیس ساڵی ڕابردوو چووەتە دادگا. لە دوو هەفتەی داهاتوودا سەرجەم داتاکان ڕادەگەیەنین، هەرچەندە ئێمە ساڵانە جارێک یاخود دووان داتاکا ڕادەگەیەنین.
ئاماژەی بەوەش دا، هێڵی گەرمی دەستپاکی لە وەزارەتی داد لە مێژە هەیە و نوێ نییە، بەڵام تازە ڕایدەگەەنین، دەستەی چالاکیی عێراق بۆیان چالاک کردووین، لەبەرامبەر کرێی ساڵانە، بەڵام کاتێک هاووڵاتی پەیوەندی دەکات هیچ کرێیەکی لەسەر ناکەوێت.
هەروەها هێڵی گەرمی دەستە زیاتر ڕۆڵی دەبێت و هاووڵاتی زیاتر دەست کراوە دەبێت لەسەر ئەو سکاڵایانەی کە پێشکەشی دەکات، بەپێی یاسا ئێمە لەسەرمانە ناسنامەی کەسەکە بپارێزین، مەگەر کەسەکە خۆی حەز بکات خۆی ئاشکرا بکات.
باسی لەوەش کرد، بۆ لەمەودوا پرکردنەوەی لیست بۆ پەرلەمانتاران دەکرێتە ئۆنلاین، ئێستا لە قۆناغی کارکردنین لەگەڵ فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، بە هاوکاریی بەرپرسی فەرمانگە، دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و هەروەها بەشی ئایتی لە ئەنجوومەنی وەزیران.
ئەحمەد ئەنوەر ڕاشیگەیاند، بەنیازی قۆناغی دووەمیشین لەگەڵ پەرلەمانتاران، پرۆسەکەش بکرێت بە ئەلیکترۆنی ئاسانترە، چونکە وردبینی تێدایە و وەرگرتنیشی ئاسانترە