شاخەوان عبدوڵلا بۆ وەزیری دارایی: چیتر بەربەست بۆ ناردنی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دروست مەکەن

شاخەوان عەبدوڵلا داوا لە وەزیری دارایی عێراق دەکات هەرچی زووە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خەرج بکەن لەوە زیاتر بیانوو و بەربەست دروست مەکە.  

شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق نووسراوێکی فەرمی  ئاراستەی تەیف سامی، وەزیری دارایی فیدراڵ کردووە و کۆپییەکی لەو نوسراوە دەست ماڵپەری هەولێر کەوتووە ئاماژەی بەوە کردووە: بە ئاماژەدان بە نووسراوی ژمارە (4246)ـتان لە ڕۆژی 17-02-2025، کە ئاراستەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کراوە و سەرەڕای ئەوەی وەزارەتی دارایی و ئابووری/بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێریاری بە نووسراوی ژمارە 1414 لە ڕۆژی 26-02-2025، وەڵامێکی ڕوون و گونجاوی نووسراوەکەیان داوەتەوە، وەزارەتەکەتان هێشتا بەربەستی جۆراوجۆر دەخاتە بەردەم خەرجکردنی مووچەی هەرێمی کوردستان بە بیانووی ئەوەی زانیاریی پێویستیان پێ نەدراوە دەربارەی هەژماری بانکیی ئەو مووچەخۆرانەی هەرێم کە مووچەکانیان تەوتین کراوە.

شاخەوان عەبدوڵلا لە نوسراوەکە بە ڕوونی هێمای بۆ کردووەو دەڵێت:  “بەپێی یاسا زانیاریی تایبەت بە هەژماری بانکیی فەرمانبەران تایبەتە بە بانکەکان ئەویش بە ئامانجی دڵنیابوونەوە لە خاوەنی ڕاستەقینەی هەژمارەکە و بەکارنەهێنانی لە بابەتی وەک سپیکردنەوەی پارە، بەگوێرەی یاسای بانکەکانی عێراقیش زانیاریی خاوەن هەژمار تەنیا بەیاسا یان بڕیاری دادگا لەگەڵ لایەنێکی دەرەکی هاوبەشی پێ دەکرێت، ئەوەش بۆ پاراستنی متمانەی بانکییە، حکومەتی هەرێمی کوردستانیش پاڵپشت بەو یاسایە و بڕیاری دادگای فیدڕاڵی، (هەژماری من)ـی بۆ فەرمانبەران ڕاگەیاندووە.”

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لە کۆتایی نوسراوەکەیدا  داوای لە وەزیری دارایی فیدراڵی کردووە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێریاری و دامودەزگاکانی وەزارەتەکەی ڕاسپێرێت لە زووتری کاتدا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خەرج بکەن و هیچ بیانوو و بەربەستێک لە بەردەم خەرجکردنیندا دروست نە‌هێڵنەوە.