بەڕێوەبردنی سیمینارەکانی هۆشیاری دژی ماددە هۆشبەرەکان لە وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوامە

لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان، بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی هۆشیاریی نیشتمانی، سیمینارێکی لەبارەی هۆشیاریی دژی ماددە هۆشبەرەکان بۆ ژمارەیەک لە ئەفسەران و پێشمەرگەکانی فەوجی بەرگریی وەزارەتی پێشمەرگە بەڕێوەبرد.
عەمید محەمەد سدیق، بەڕێوەبەری هۆشیاریی نیشتمانی لە گوتەیەکدا ئاماژەی بەوە دا؛ بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار بەردەوام دەبن لە هەڵمەتەکانیان لەپێناو بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی دژی ماددە هۆشبەرەکان و هیوای خواست زانیاری و ڕێنماییەکان بە وردی وەربگیرێن و بگوازرێنەوە بۆ تەواوی ئەفسەران و پێشمەرگەکان.
دواتر حاکم کوردەوان مەحموود، سەرۆکی دادگای یەکی سەربازی و سەرۆکی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان، باسی لەو مەترسییانە کرد کە بە هۆی ماددە هۆشبەرەکانەوە دروست دەبن و ئەو سزا یاسایانەشی ڕوون کردەوە کە بۆ بەکارهێنەران و ئەوانەی بازرگانی پێوە دەکەن دانراون، کە سزای توندن و ڕۆڵی کاریگەری هەیە لە ڕێگری و کەمکردنەوەی کێشەی ماددە هۆشبەرەکان.
لە کۆتاییدا، دکتۆر شاخەوان، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی و ئەندامی لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان، لە ڕووی تەندروستییەوە زیان و مەترسییەکانی ماددە هۆشبەرەکانی شیکردەوە و هۆشداری و ڕێنماییی پێویستی بۆ ئەفسەران و پێشمەرگەکان خستەڕوو.