سلێمان تاشان – ههولێر
عێراقی فیدراڵ سەرەڕای ئەوەی کە لە جیهاندا یەکێکە لە وڵاتە دەوڵەمەندەکان بە نەوت و گاز و لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە بودجە و سەرمایەکی زۆری لەبەردەستدا بووە بۆ ئەوەی لە کەرتی وزەدا وەبەرهێنان بکات، بەڵام خەریکبوونی بە کێشە لاوەکییەکان و سەرقاڵبوون بە ململانێی سیاسی و شەڕی تایفی و لە سەرووی هەموویان گەندەڵیی و ئیدارەدانی خراپی حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکان، وای لێکردووە نەتوانێت پێداویستییەکانی وڵات بە گاز و کارەبا دابین بکات و ناچار حەوجێی دەرەوەی وڵات بووە.
تا ئێوارەی ڕۆژی شەممە هەشتی ئادار عێراق ڕۆژانە لە ئێران گازی سروشتی و کارەبای هاوردە کردووە و گازەکەی وەک سووتەمەنی بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا بەکار هێناوە. لە ساڵی ٢٠١٨ کاتێک دۆناڵد ترەمپ لە خولی پێشوویدا لە ڕێککەوتنی ئەتومی کشایەوە و سیاسەتی سەپاندنی زۆرترین گوشار و سزا دژی ئێرانی گرتەبەر، وەک هاوکارییەک بۆ عێراق ڕێی بە بەغدا دا بەشێک لە پێداویستییەکانی وزەی لە ئێرانەوە دابین بکات بەو مەرجەی خۆی مشووری ئەو قەیرانەی بخوات و بەرهەمهێنان لە ناوخۆ پەرە پێ بدات و جێگرەوەیەک بۆ بەرهەمە ئێرانییەکە بدۆزێتەوە.
هەموو سێ مانگ جارێک ئەمەریکا ئەو مۆڵەتەی بۆ عێراق نوێ دەکردەوە و دواتر بە درێژایی دەسەڵاتی جۆ بایدن مۆڵەتەکە درێژ کرایەوە. ئێستا کە ترەمپ لە خولی دووەمی دەسەڵاتیدایە و هاوشێوەی پێشوو دەستی بە پلانی زۆرترین گوشار دژی ئێران کردووە و کۆتایی بەو لێخۆشبوونە بۆ عێراق هێنا.
دوێنێ وهزارهتی دهرهوهی ئهمهریكا ڕای گهیاند، له پێناو پلانی سهپاندنی زۆرترین گوشار دژی ئێران، كۆتایی به لێخۆشبوونی عێراق بۆ كڕینی كارهبا له ئێران دەهێنێت و ئهو وڵاته چیتر ناتوانێت له ئێرانهوه كارهبا هاورده بكات. جگه لهو بڕیاره نوێیهی حكوومهتی ترهمپ لهبارهی عێراق داویهتی، واشنتن سووره لهسهر ئهوهی تهواوی مۆڵهت و لێخۆشبوونهكانی تری پێوهست به ئابووریی ئێران بۆ سهرجهم وڵاتان ههڵبوهشێنێتهوه.
تێمی بروس گوتهبێژی وهزارهتی دهرهوهی ئهمهریكا، پێنجشهمی ڕابردووش به میدیاكانی ڕاگهیاندبوو كه داوایان له حكوومهتی عێراق كردووه، كۆتایی به پشتئهستووریی و بهسترانهوهیان به سهرچاوهكانی وزهی ئێران بهێنن. وەزارەتەکە دوێنێکە پێشنیازی بە عێراق کرد بۆ پڕکردنەوەی بەشێک لە پێداویستییەکانی پشت بە هەرێمی کوردستان ببەستێت.
هەرێمی کوردستان سەرەڕای ئەوەی کە بودجەیەکی کەمتری لەبەردەستدا بووە لەرووی سوودوەرگرتن لە سامانی سروشتی و گاز و کارەبا، هەنگاوی زۆر گەورەی هەڵێناوە و لە ساڵی ٢٠٠٧ەوە لە هەرێمی کوردستان کۆمپانیای زەبەلاح لە بواری بەرهەمهێنانی گازی سروشتیدا کار دەکەن و وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان پشت بەو گازە دەبەستن و توانای ژێرخانی بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێمی کوردستان نزیکەی هەشت هەزار مێگاواتە و بە هۆکاری تەکنیکی بەشێک لە یەکەکانی بەرهەمهێنان کوژێندراونەتەوە کە دەکرێ بەگەڕ بخرێنەوە.
هەرێمی کوردستان لە دابینکردنی کارەبا لە چوارچێوەی پڕۆژەی ڕووناکی بەرەو کارەبای ٢٤ سەعاتی هەنگاو دەنێت و ئامانجەکەی ئەوەیە لە داهاتوودا گاز و کارەبای زیادەکەی هەناردە بکات و دوێنێ بە فەرمی ڕاگەیەنرا کە تەنیا لە هەولێر چوارسەد مۆلیدە کوژێندراونەتەوە.
هەر ئێستا عێراق کێشەی کارەبای هەیە و پێشبینی دهكرێت له وەرزی نوێی گەرمادا عێراق له دابینكردنی كارهبا تووشی تەنگژە ببێت و ژمارەی مۆلیدەکانی زیاد بکات، چونكه هێشتا ئهو پڕۆژانهی خۆی به هاوكاریی كۆمپانیا نێودهوڵهتییهكان خهریكه جێبهجێیان دهكات و لەمدواییانەدا قۆڵی لێ هەڵماڵیون، تهواو نهبوون و چهند ساڵێكی دهوێت تا عێراق به تهواوی پێداویستییهكانی دابین بكات.
گازی هاوەڵ بە دووەم سەرچاوەی وزە هەژمار دەکرێت کە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا گونجاوە و لە عێراق ئەو گازەی لە کێڵگە نەوتییەکان دێتە دەرەوە دەسووتێنرێت. لە ساڵی ٢٠٢٢ عێراق شەشسەد و سی ملیار پێ سێجا لەو جۆرە گازەی سووتاند و عێراق لە سووتاندن و بەفیڕۆدانی ئەو جۆرە گازە پلەی دووەمی لە ئاستی جیهاندا بەدەست هێنا.
عێراق پلانی داڕشتووە تا ساڵی ٢٠٢٧ سووتاندنی ئەو جۆرە گازە بۆ سفر کەم بکاتەوە بەڵام دیار نییە تا چەند تێیدا سەرکەوتو دەبێت یا نا، گازێک کە ساڵانە دەتوانێت ملیاران دۆلار سوود بە عێراق بگەیەنێت و لە گازی دەرەکی بێنیازی بکات.
عێراق ئێستا سەد و پەنجا مێگاوات کارەبا لە ئوردن دەکڕێت کە هیچ بۆشاییەکی بۆ پڕ ناکاتەوە و لە هەمان کاتدا گرێبەستێکی لەگەڵ تورکمانستان کردووە کە گازی لێیەوە هاوردە بکات و گازی ئەو وڵاتەش لە ڕێی ئێرانەوە دەگاتە عێراق و بە لەبەرچاوگرتنی سزاکانی ئەمەریکا ئاستەمە عێراق بتوانێت گرێبەستەکەی لەگەڵ تورکمانستان بۆ هاوردەکردنی بیست ملیۆن مەتر سێجا جێبەجێ بکات.
لە ڕابردوودا عێراق هانای بۆ قەتەریش بردووە بۆ ئەوەی گازی لێیەوە هاوردە بکات بەڵام ژێرخانی پێویست بۆ هاوردەکردنی بەرهەمەکەی نییە.
باشترین بژاردە لەبەردەم عێراق ئەوەیە لە جیاتیی ململانێکردنی هەرێمی کوردستان و بەربەست دروستکردن لەبەردەم و پڕۆژەکانی نەوت و گاز و نەناردنی مووچە و شایستەداراییەکانی هەرێمی کوردستان، دەستی هاوکاری بۆ درێژ بکات و بەیەکەوە کێشەکانی یەکتر چارەسەر بکەن و داهاتوویەکی گەش بنیات بنێن کە خەڵک لە تەواوی عێراق لە باشترین خزمەتگوزارییەکان سوودمەند بن.