نەوزاد شێخ کامل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێم: لە دوو مانگدا هەزار و ٧٠٠ شوێن لە هەرێمی کوردستان سزادراون

 

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

مانگی ڕەمەزان بۆ بەشێک لە فرۆشیاران بۆتە دەرفەت بۆ ساغکردنەوەی بەرھەمی ماوەبەسەرچوو و کواڵیتی خراپ و گرانکردنی نرخ، بەڵام لیژنەکانی چاودێری بازرگانی شەو و ڕۆژ چاو کراوەن، بەردەوام لە بەدواداچوون و پشکنیندان ھەر شوێنێک پابەند نەبێت دادەخرێت و پێبژاردنیشی بۆ دەکرێت. بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی ھەرێم، دەڵێت: لیژنەکانی چاودێری کردنی بازاڕ لە دوو مانگی ڕابردوودا پێنج ھەزار سەردانیان کردووە، لەو سەردانانەدا دەستیان بەسەر ١٤٠ تۆن خۆراک و کاڵای ماوەبەسەرچوودا گرتووە و زیاتر لە دوو سەد شوێنیش بەھۆی سەرپێچییەوە داخراون.

ھاووڵاتییان سکاڵا دەکەن، لیژنەکانی بەدواداچوونیش لە شار و شارۆچکەکان بەردەوام بەدواداچوون بۆ سکاڵاکانی ھاووڵاتییان دەکەن، ھەر شوێنێک ببینن سەرپێچی کردووە، سزای دارایی دەدرێت و شوێنەکەشی دادەخرێت.
لە ماوەی دوو مانگدا ھەزار و ٧٠٠ شوێن لە ھەرێمی کوردستان سزا دراون و پێشبینیش دەکرێت تا کۆتایی مانگی ڕەمەزان ئەو ژمارەیە زیاد بکات. نەوزاد شێخ کامل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی ھەرێم، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا دەڵێت: لیژنەکانی بازاڕمان فراوانتر کردووە، ئێستا لە دوای نیوەڕۆ، شەوان و پاشێوان سەردانی شوێنەکان دەکەن، زیاتر لە پێنج ھەزار سەردانیش کراوە، ئەمەش ئەوە دەردەخات لیژنەکانمان زۆر بە جیدی کەوتوونەتە بازاڕ.
بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی ھەرێم، گوتیشی: لە ماوەی ئەو دوو مانگەدا زیاتر لە ١٤٠ تۆن خۆراک و کاڵای ماوەبەسەرچوو دەستی بەسەردا گیراوە، زیاتر لە ٧٠ ملیۆن دیناریش غەرامە کراون، زیاتر لە ٢٠٠ شوێنیش سەرپێچیان کردووە کە ھەندێک لەو شوێنانەمان داخستوونە.