هەشت خانمە ئافرەتی شارۆچكەی چەمچەماڵ، لە شاری سلێمانی، هەریەكە و بە چەند تابلۆیەك كە سەرجەمیان لە گوڵ دروستكراون بەشداری پێشانگایەكیان كرد كە گوڵەكان نیشانەی ئەوەیە ئافرەتان وەك گوڵ ناسكن.
رۆژی پێنجشەممە، كۆمەڵەی هونەرەجوانەكانی چەمچەماڵ، پێشانگایەكی شێوەكاری بۆ هەشت خانمی شێوەكاری شارۆچكەی چەمچەماڵ كە هەندێكیان دەرچووی پەیمانگەی هونەرەجوانەكانی چەمچەماڵ و هەندێكیشیان هێشتا خوێندكاری پەیمانگەن، لە مۆزەخانەی نیشتمانی ئەمنەسوورەكە كردەوە كە سەرجەم تابلۆكان بە گوڵ دروستكراون.
لانە فایەق، یەكێك لە بەشداربووانی ئەو پێشانگایە كە بە هەشت تابلۆ بەشداری كردووە بە (هەولێر)ی راگەیاند، پێشتر ئەم پێشانگایەیان لە شارۆچكەی چەمچەماڵ كردۆتەوە و پێیان باشبووە لە سلێمانیش بیكەنەوە، تابلۆكانیان هەموەوی گوڵن ئەوەش وەك ئاماژەیە بۆ ئەوەی ژنان وەك گوڵ ناسكن.
ئەو كچە شێوەكارە روونیكردەوە، هەندێك لە گوڵی تابلۆكان وەك گوڵی سیسن ئەوەش وەك لایەنی نەرێنی ژیان ژنان و هەندێكیشیان گەشاوەن كە باسی لایەنی ئەرێنی ژنان دەكەن، واتە هەر تابلۆیەك چیرۆكێكی هەیە.
هەروەها شەوبۆ عەبدوڵا، وەك بەشداربوویەكی دیكەی پێشانگاكە رایگەیاند، كردنەوەی ئەو پێشانگایەیان لەم كاتەدا بەبۆنەی هەم رۆژی جیهانی ژنانە كە رۆژی شەممەیە، بەڵام ئەوان كاتی كردنەوەیان پێشخستووە، هەمیش ئەم چەند رۆژی یادی راپەڕینە، بۆیە ئەم كاتەیان بە گونجاو زانیوە بۆ كردنەوەی پێشانگاكە.
شەوبۆ وتی “ئەم هەشت خانمەی چەمچەماڵ هەریەكەمان بە چەند تابلۆیەكی جیاواز بەشداریمان كردووە بەمەبەستی دەرخستنی تواناكانی خانمانی شارەكەمان، لەپلانماندایە ئەم پێشانگایە ببەینە شارەكانی دیكەش”.
شەوبۆ سوپاسی خەڵكی شاری سلێمانی كرد كە پێشوازییەكی باشیان لە پێشانگاكەیان كردووە و وتی “هەرچەندە پێشانگاكەمان یەك رۆژ و چەند كاتژمێرێك بوو، بەڵام هاتنی بەشێك لە هونەرمەندان و خەڵكی سلێمانی، دڵخۆشیان كردین و هاندانێكی باشبوو بۆ كارەكانی داهاتوومان”.
عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر