پەنجا و پێنج ساڵ بەسەر ڕێککەوتننامەی ١١ی ئادار تێدەپەڕێت

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

٥٥ ساڵ بەسەر ڕێککەوتنی ١١ی ئاداری ١٩٧٠ لە نێوان حکوومەتی ئەوکاتی عێراق و بارزانیی نەمر، سەرکردە و ڕێبەری بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان تێدەپەڕێت، دەرەنجامەکانی ڕێککەوتنەکە بەڵگەنامەی حوکمی زاتی- ئۆتۆنۆمی بوو بۆ گەلی کوردستان.

ڕێککەوتنەکە بریتی بوو لە پێشەکییەک و ٢٢ بڕگە کە ١٥ بڕگەیان ئاشکرا و ٧ بڕگەیان نھێنی بوون، ئەو بڕگانەی نھێنی بوون پەیوەندیان بە دیاریکردنی ناوچەی ئۆتۆنۆمی کوردستان و، ھەمواری دەستووری عێراق و، چارەسەرکردنی کێشەی ناوچە کوردستانییەکانەوە ھەبوو کە کەرکووک و خانەقین و شنگال دەگرێتەوە.
پاش چەند گەڕێکی گفتوگۆ لە نێوان سەرکردایەتی شۆڕشی کورد بە ڕابەرایەتی بارزانیی نەمر و سەرکردایەتی ڕژێمی ئەوکاتی عێراق، لە شەوی ١٠ لەسەر ١١ی ٣ی ١٩٧٠ بارزانیی نەمر ‌و سەدام حوسێن، لە قوتابخانەی ناوپردان لە قەزای چۆمان ڕەشنووسی ڕێککەوتننامەکەیان ئیمزا کرد، لە دوای ٩ی ساڵ لە خەبات بە ڕابەرایەتی بارزانیی نەمر و لەژێر ناوی شۆڕشی ئەیلوول، توانرا ڕژێمی ئەوکاتی عێراق ناچار بکرێت بۆ یەکەم جار و بە فەرمی دان بە بوونی کورد و بەشێک لە مافەکانی دابنێ.
لەو ڕێککەوتننامەیەدا جاری یەکەم بوو، حکوومەتی عێراق دان بە مافەکانی گەلی کوردستان بنێت، بەپێی ڕێککەوتنەکە، بڕیار بوو تاوەکوو ساڵی ١٩٧٧، لە‌ڕێگەی سەرژمێریی گشتی، ناوچەی ئۆتۆنۆمی بۆ گەلی کوردستان دیاری بکرێت، بەو مەرجەی کورد بەشداریی حکوومەتی عێراق بکات، بۆ یەکەمین جار تیایدا بە فەرمی ددان نراوە بە مافە نەتەوەییەکانی گەلی کوردستان و بڕیاردان لەسەر مافی ئۆتۆنۆمی لە کوردستانی عێراق و زمانی کوردیش دووەم زمانی فەرمی بێ لە عێراقدا، جگە لە چەندان دەستکەوتی تری گرنگی ئیداری و فەرھەنگی و ڕۆشنبیری.
بارزانی و شۆڕشی ئەیلوول ڕۆحیەتی شۆڕشگێڕی و نەتەوەیی و کوردستانیبوونی بە گیانی تاکی کورددا کردەوە و خۆشەویستی بۆ نیشتمان لە دیدی بارزانییەوە سەیر دەکرا، ھەموو کوردێکی دڵسۆز پشتیوانی دەکرد کە دواتریش ڕێککەوتننامەی ١١ی ئاداری ١٩٧٠ی لێ کەوتەوە، بەو ڕێککەوتنە، ھەستی کوردبوون و ئومێد بە شۆڕشەکەی تا ئاستێکی زۆر بەرزبووەوە، خۆشاردنەوە و بۆردمانی ھەمیشەیی گوندەکانی کوردستان، کە لە ١٩٦١ دەستی پێکردبوو، کۆتایی ھات، لەسەر ئاستی ھەرێمی و نێودەوڵەتی، پرسی کورد لە کوردستانی عێراق تا ڕادەیەکی زۆر بەرەوپێشچوونی بەخۆیەوە بینی.
دەقی ڕاگەیێندراوی ھاوبەشی ڕێککەوتنەکە، ناساندنی زمانی کوردی لە پاڵ زمانی عەرەبی لەو ناوچانەی زۆرینەی دانیشتووانی کوردە. کورد بەشداری تەواوی لە حکومڕانیدا دەبێت بە بەشداریکردنیشی لە سوپا، پەرە بە پەروەردە و کولتووری کوردی دەدرێت، لەو ناوچانەی کە زۆرینەی دانیشتووانی کوردن سەرجەم کارمەندانی کورد دەبن. کورد ئازادە لە دامەزراندنی ڕێکخراوەکانی قوتابییان، لاوان، ئافرەتان و مامۆستایان، بودجەیەکی پێویست بۆ ئاوەدانکردنەوەی کوردستان تەرخان دەکرێت. مووچەیەک بۆ خێزانی شەھیدان و ھەژاران و ئاوارەکان دیاری دەکرێت. کورد و عەرەب دەگەڕێندرێنەوە شوێنی نیشتەجێبوونی پێشووی خۆیان. چاکسازی کشتوکاڵی ئەنجام دەدرێت. گەلی عێراق لە دوو نەتەوەی کورد و عەرەب پێکدێت. ڕادیۆ و چەکە قوڕسەکان ڕادەستی دەوڵەت بکرێن. یەکێک لە جێگرەکانی سەرۆککۆماری عێراق کورد دەبێت. ئیدارەی وڵات بەشێوەیەک ڕێکدەخرێت کە لەگەڵ ئەم ڕێککەوتننامەیە بگونجێت. بودجەی ئەو ناوچانەی زۆرینەی دانیشتووانەکەی کوردن ڕێکدەخرێت لە یەکەیەکی ئۆتۆنۆمیدا. گەلی کورد بەگوێرەی ژمارەی دانیشتووانی لە دەسەڵاتی یاسادانان بەشدار دەبێت. بەڵام زۆری نەخایاند دوای ڕێکخستنەوەی ڕیزەکانی، ڕژێمی بەعس ڕێککەوتنەکەی پێشێلکرد، ناوی کوردی وەکو نەتەوە لە دەستووری کاتی ساڵی ١٩٧٠ نەھێنا و، خوێندنی کوردی ھەڵوەشاندەوە. ھەروەھا کەمتەرخەمی لە جێبەجێکردنی ھەشت بڕگەی ڕێککەوتنەکەدا کرد، درێژەیدا بە پرۆسەی تەعریبکردن لە کەرکووک، خانەقین و شنگال کوردانی فەیلی لە بەغدا دەرکرد و ناسنامەی لێیان سەندەوە و ناوچەی ئۆتۆنۆمی کوردستانی تاکلایەنە بەبێ کەرکووک، خانەقین و شنگال دیاریکرد. ھاوکات ھێرشی بۆ سەر ناوچەکانی شۆڕشی کوردستان دەستپێکرد، تا کار گەیشتە ئەوەی لە ٦ی ئاداری ساڵی ١٩٧٥ بە نێوەندگیریی جەزائیر ڕێککەوتننامەی لەگەڵ حکوومەتی ئێراندا کرد بۆ لەنێوبردن و گەلەکۆمەکێکردن لەسەر شۆڕشی کوردستان.
زۆرێک لە سیاسەتمەداران و چاودێرانی سیاسی باس لەوە دەکەن ئەم ڕێککەوتنامەیە لەدوای پەیمانی سیڤەر بە دووەمین دەستکەوتی ڕێککەوتنامەیەک دادەنرێت کە تێیدا حکوومەتی عێراق دانینا بە مافە نەتەوەییەکانی گەلی کوردستان، چونکە لە ساڵی ١٩٧٠ لە ھەر چوار پارچەی کوردستان مافەکانی کورد پێشێل دەکرا و، ئەم ڕێککەوتنە ھیوای بە کۆمەڵگەی کوردستان بەخشییەوە.
مێژوونووسان و نووسەران بە گرنگییەوە لەو ڕێککەوتننامەیە دەڕوانن و بە دەستکەوتێکی گرنگی دەزانن، بۆ ڕۆژنامەی”ھەولێر” ئاماژە بەوە دەکەن، ڕێککەوتننامەی ١١ ئادار وەچەرخانێکی گرنگ بوو لە مێژووی بزافی ڕزگاریخوازی نەتەوەی کورد، ڕێککەوتنەکە ھەنگاوێکی گرنگ بوو بۆ ئەوەی ڕێگری بکرێت لە گۆڕینی دیموگرافیای کوردستان و تەعریبکردنی خاکەکەی، بۆیە سەرەتایەک بوو بۆ سەلماندنی ئەو ڕاستییە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی کە گەلی کوردستان لە عێراقدا بوونی ھەیە.
پێشتر ڕەسول محەممەد، نووسەری ڕێککەوتنامەکە، بە ڕۆژنامەی”ھەولێر”ـی گوتبوو، دوای نووسینەوەی ڕەشنووسەکە لەلایەن ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و بە بڕیاری بارزانیی نەمر پێداچوونەوەی بۆ کرا، نوری شاوێس، د.مەحموود عوسمان، حەبیب محەممەد کەریم، عەلی عەبدوڵڵا، سامی عەبدولرەحمان و چەند کەسێکی دیکە کە زمانی عەرەبیان دەزانی بە ڕەشنووسەکەدا چوونەوە و دواتر ڕەشنووسەکەمان دایە مەکتەبی سیاسی بۆ پێداچوونەوە، دواجار لە ڕێکەوتی ١٠ لەسەر ١١ـی ٣ـی ١٩٧٠، دوای ھاتنی سەدام حوسێن بۆ چۆمان، ڕێککەوتننامەکە ئیمزا کرا، کە گەورەترین دەستکەوتی مێژوویی بوو بۆ گەلی کوردستان، کارێزمایی و ھەیبەتی بارزانیی نەمر لەوەدا دەرکەوت کە توانی بەرپرسانی حکوومەتی عێراق ناچار بکات لە بەغداوە بێنە ناوچەی شۆڕشی ئەیلوول لە باڵەکایەتی و گفتوگۆ لەگەڵ بارزانیی نەمر بکەن و ڕێککەوتننامەکە ئیمزا بکەن.
ڕەسول محەممەد، ئاشکراشی کرد: ڕێککەوتننامەی ١١ی ئادار خاڵەکانی بە زمانی کوردی و عەرەبی نووسرانەوە، بە ئامێری چاپ نووسیمان و بە ڕۆنیۆش کۆپیمان کرد، کارەبا نەبوو، لە ژوورە قوڕینەکەمان لەبەر فانۆس کارەکەمان تەواو کرد، شانازی بەو ڕۆژانەوە دەکەم، چونکە گەورەترین دەستکەوتی مێژوویی کە لەسەر دەستی بارزانیی نەمر بۆ گەلی کوردستان بەدەست ھات، بە دەست و پەنجەکانی خۆم نووسییەوە.