عەلی تەتەر: پرۆژەی کارەبای 24 کاتژمێری لە دهۆک دەستیپێکرد

عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک ڕایگەیاند: پرۆژەی کارەبای 24 کاتژمێری بۆ یەکەمجار لە دهۆک دەستیپێکرد، دەشڵێت: ئەوانەی بەشداری پرۆژەی ڕووناکی بوون، لە هەمووان باشتر دەزانن کە هەرزانترین و بێ کێشەترین پرۆژەیە.

یەکشەممە 9ـی ئاداری 2025، عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: دژایەتیکردنی هەندێ کەناڵی میدیایی بۆ پرۆژەی ڕووناکی بۆ ئەو سیاسەتە دەگەڕێنێتەوە کە دەیانەوێت ئاستەنگ بۆ پرۆژەکە دروست بکەن، بەڵام هاووڵاتییان خۆیان دەزانن ئەو پرۆژەیە چەندە گرنگ و  سوودبەخشە.

عەلی تەتەر گوتی: پرۆژەی ڕووناکی بەر لە هەموو شار و شارۆچکەیەک لە پارێزگای دهۆک دەستیپێکرد، لە قەزای ئامێدی، وەکو قەزایەکی نموونەیی پرۆژەی کارەبای 24 کاتژمێری جێبەجێکرا، ناوەڕاستی پارێزگای دهۆکیش بەهەمان شێوە کارەبای 24 کاتژمێری پێگەیشت.

پارێزگاری دهۆک دەڵێت: لەوانە بپرسن کە کارەبای 24 کاتژمێریان بۆ دابینکراوە، پێشتر چەند پارەی کارەبای موەلیدەیان دەدا، ئێستا چەند پارە دەدەن، لەگەڵ ئەوەی پرۆژەکە زۆر بێ کێشەتر و چاکترە، هاووڵاتییان دەزانن پرۆژەی ڕووناکی لە بەرژەوەندیی ئەواندایە، کە جێبەجێش دەبێت باشتر دەزانن پرۆژەکە زۆر لە بەرژەوەندی ئەواندایە.