بەڕێوەبەری بەرھەمھێنانی کارەبا لە وەزارەتی کارەبا: تاوەکو ٢٠٢٦ ھەموو خەڵکی ھەرێمی کوردستان دەبێتە خاوەن کارەبای ٢٤ کاتژمێری.

بەڕێوەبەری بەرھەمھێنانی کارەبا لە وەزارەتی کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەڵێت، پڕۆسەی کارەبای ٢٤ کاتژمێری لە ھەموو شارەکانی ھەرێمی کوردستان دەستی پێکردووە و نرخەکەشی بەو شێوەیە نیە لە ھەندێک میدیا باس دەکرێت و تا کۆتایی ساڵی داھاتوو ھەرێمی کوردستان دەبێتە خاوەن کارەبای ٢٤ کاتژمێری.

فارس میرخان، بەڕێوەبەری بەرھەمھێنانی کارەبا لە وەزارەتی کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە وەکالەت، لە لێدوانێکیدا سەبارەت بە کارەبای ٢٤ کاتژمێری بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: پڕۆژەی ڕووناکی لە ھەرێمی کوردستان یەکێکە لە ئاواتەکانی سەرۆکی حکوومەت و وەزارەتی کارەبا، هاوکات پڕۆسەکەش زۆر بەباشی بەڕێوەدەچێت، بەپێی پلان و بەرنامەی حکوومەت ھەرێمی کوردستان دەبێتە خاوەن کارەبای ٢٤ کاتژمێری، بۆیە ئەوەی باس لە گرانی نرخی ئەو کارەبایە دەکات ڕاست نییە، چونکە چەند حاڵەتێک باسکران كە خۆمان بە دواداچوونمان بۆ کردن.

ناوبراو باس لە حاڵەتەکان دەکات و دەڵێت، یەک دوو کەسی بەتەمەن باسیان لەوەکرد ٥٠٠ ھەزار دیناریان بۆ گەڕاوەتەوە، دیار بوو لەوکاتەی کارەبای ٢٤ کاتژمێری ھەبووە کارەبای باشیشی بەکارھێنابوو ئەوەندەی بۆ ھاتبووە و یەکێکی دیکەش دووکاندارێک بوو باسی لەوەکرد پارەیەکی زۆری بۆ ھاتۆتەوە دیاربوو دووکانەکەی ئامێرێکی زۆری کارەبایی دانابوو، بۆیە بەپێی بەکارھێنانی کارەبا پارەیان بۆ دەگەڕێتەوە مانگانە.

فارس میرخان باس لەوەش دەکات، نرخی کارەبای ٢٤ کاتژمێری لەگەڵ ئەو کارەبایەی ئێستا ھەیە تۆزێک جیاوازی ھەیە، چونکە پێشتر و ئێستاش حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە پێدانی کرێی کارەبا پاڵپشتی ھاووڵاتیان دەکات، کە لەسەر حکوومەت بە ١٥٦ دینارە بۆ ھەر کیلۆ واتێک، واتا حکوومەت تەنھا ١٨ دیناری وەردەگرت و ئەوەی دیکە حکوومەت دەیدا، ئێستاش کە بۆتە ٢٤ کاتژمێری کارەبا ناگاتە ئەو نرخەی حکوومەت خۆی بەرھەمی دەھێنێت، بۆیە لەو پڕۆژەش حکوومەت خۆی پاڵپشتی دەکات.

هاوکات میرخان نموونەیەک باس دەکات و دەڵێ، ئەگەر خێزانێک ئێستا کارەبای مۆلیدە چوار ئەمپێر بەکار بێنێت دەگاتە نزیکەی ٧٠ ھەزار دینار ئێستا بەو پارەیە ٢٤ کاتژمێر کارەبای بەردەوامت دەبێت و دەتوانی ھەموو ئامێرەکانی کارەباییش پێبکەی و ئەگەر کەمتریش بێت کەمترت بۆ دێتەوە، بۆیە ئێستا پڕۆسەکە لە ھەولێر و سلێمانی و دھۆک و سۆران و سەنتەری شارەکان دەستیپێکردووە و تاوەکو ٢٠٢٦ ھەموو خەڵکی ھەرێمی کوردستان دەبێتە خاوەن کارەبای ٢٤ کاتژمێری.