لە درێژەی سەردان و دیدارەکانی شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان به سهرۆكایهتی د. هێمن ههورامی بۆ وڵاتی چین، دوێنێ لە شاری هيفی پایتەختی هەرێمی ئاینهوا، شاندی پارتی کۆبوونەوەیەکی وردو فراوان لەگەل یانگ گوانگرۆنگ جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئهو ههرێمه و بەرپرسی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنەکە و بەرپرسانی پارتی کۆمۆنیستی چین وبەرپرسانی رێکخستن و پەیوەندییەکانی دەرەوەو ئەکادیمیای حزبی لەسنوری هەرێمی ئاینهوا هەبوو.
له سەرەتا یانگ گوانگرۆنگ پوختەیەکی لەسەر هەرێمەکەیان خستە روو بەوەی کە ٦3 ملیۆن کەسن و یانزەیەمین هەرێمی چینن لە رووی ئابووری و پیشەسازییەوە و جەختی لەوە کردەوە کە چین بایەخی تایبەتی بە عیراق و هەرێمی کوردستان دەدات و پێگەی پارتی دیموکراتی کوردستان و رۆڵی لە ناوچەکە بەرز نرخاند و داوای کرد پەیوەندییەکان لەهەموو ئاستەکان زیاتر بەرەو پێشەوە بچن.
شاندی پارتی کۆمۆنیستی چین بە وردی باسیان لە بەرنامە و پرۆژەو کارەکانی حزبەکەیان لەم هەرێمە کرد بەتایبەتی چۆنیەتی ریکخستنی ئۆرگانەکانیان و چالاکییە حزبییەکان و ئامادەکردنی ئەندام و کادرانیان وکۆرسەکانی پیگەیاندن و هوشیاری و هەماهەنگی لەگەل ئیدراەو بەریوەبردنی کاروباری هاولاتیان.
لای خۆیهوه شاندی پارتی وێڕای سوپاس و پێزانینی زۆر بۆ ئەم دیدارە و پێشوازی گەرمیان، سلاو و رێزی سەرۆک بارزانییان به سەرۆکی چین “شی جینپینگ” گهیاند.
د. هێمن هەورامی سەرۆکی شاندی پارتی لەسەر هەڵویست و سیاسەت و بۆچوونەکانی پارتی بۆ پەیوەندی هەمەلایەنە لەگەڵ چین و رۆڵ و پێگەی پارتی لە ئاستی ناوخۆیی و عێراقی و هەرێمایەتی و حوکمڕانی و دۆخی سیاسی ناوخۆ و عێراق و سوریا و پرسی کورد لە ناوچەکە بەرچاو روونی زۆری خستە روو.