پرۆژەی ڕووناکی یەکێک لە پرۆژە ستراتیژی و شارستانییەکانی حکوومەتە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

پڕۆژەی ڕووناکی کە بریتییە لە دابینکردنی بیست و چوار سەعات کارەبا، لە هەولێر بۆ بیست و یەک گەڕەک دابین کراوە و جگە لە دهۆک لە سلێمانیش دەستی پێ کردووە و پڕۆسەکە بە باشی بەرەو پێش دەچێت، بەڵام کێشەکەی ئەوەیە هێشتا نرخەکانی کیلۆواتی کارەبا جێگیر نەکراون و لەژێر تاقیکردنەوەدان و هەرئەوەش خەڵکی نیگەران کردووە و داوای پێداوچوونەوە بە نرخەکان دەکەن و دەڵێن نرخێک دابنرێت کە لەگەڵ بژێوی و گوزەرانی خەڵک بگونجێت.

پڕۆژەی ڕووناکی کە یەکێک لە گرنگترین پڕۆژەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کۆتاییهێنان بە پچڕانی کارەبایە و ساڵی ڕابردوو پڕۆژەکە بۆ یەکەم جار لە هەولێر لە هەر دوو گەڕەكی شادی و نازناز جێبەجێ کرا و دواتر پەرەی پێ درا و ئێستا ژمارەی گەڕەکەکان کە لەو خزمەتگوزارییە سوودمەندن بۆ بیست و یەک گەڕەک زیادی کردووە.

دوێنێ شەممە وه‌زاره‌تی كاره‌بای حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی كرده‌وه‌ لە ڕێگەی پڕۆژەی ڕووناکی، کارەبای بیست و چوار سەعاتی بۆ چوار گەڕەکی تری هەولێر دابین کرا کە بریتین لە گەڕەکەکانی زانیاری، تەعجیل، عەرەبان و منارە کە بە بەیەکەوە خاوەنی دوازدە هەزار و پێنجسەد هاوبەشن. پێشتریش حەڤدە گەڕەکی تر سودمەند بوون کە خاوەنی شەست و پێنج هەزار هاوبەش بوو و بەو پێیە ژمارەی ئەو هاوبەشانەی هەولێر کە لە پڕۆژەکە سوودمەند بوون بۆ حەفتا وحەوت هەزار و پێنجسەد هاوبەش زیادی کردووە.
هاوکات لەگەڵ هەولێر پڕۆژەکە لە چەند کۆمەڵگەیەکی دهۆک جێبەجێ کراوە و لە سلێمانیش ماوەیەکە دەستی پێ کردووە و لەمەودوا گەڕەکەکانی سلێمانیش لەو خزمەتگوزارییە سوودمەند دەبن.
خەڵکیڤ ئەو گەڕەکانە دووکەڵ و دەنگی مۆلیدەکانیان لەکۆڵ بووەتەوە بەڵام یەکێک لە گرنگترین ئەو کێشانەی بە جۆرێک دڵەڕاوکێ و نیگەرانی لای هاووڵاتییانی بەدواوە بووە، ئەوەیە هەندێک هاوبەش بڕە پارەیەکی زۆریان بۆ گەڕاوەتەوە کە لە توانایاندا نییە دابینی بکەن. ماوەی چەند ڕۆژێکە بەشێک لە میدیاکانی کوردستان بەو پرسەوە سەرقاڵن و هەندێکیان بانگەشەی دژایەتیکردنی کۆی پڕۆژەکە دەکەن لە کاتێکدا پڕۆژەکە خۆی زۆر شارستانیانە و پێشکەوتووە و تاکە کێشەیەک کە لەو پڕۆژەیەدا دەبینرێت ئەوەیە حکوومەت یەکلایی نەکردووەتەوە چ نرخێک بۆ هەر یەکەیەکی بەکارهێنانی کارەبا لە هاوولاتییان دەستێنرێت.
لە خەرجیی کارەبای نیشتمانی کە بەیاسا دیاری کرابوو، نرخی هەر کیلۆواتێک کارەبا لە هەژدە دینارەوە دەستی پێ دەکرد و لە دوای بەکارهێنانی چوارسەد و پەنجا کیلۆوات نرخەکەشی پلە بە پلە بەرز دەبووەوە. بۆ نموونە لە سەرووی چوارسەد و پەنجا کیلۆواتەوە تا نۆسەد کیلۆوات بیست و چوار دینار دەستێنرا، لە سەرووی نۆسەد دینارەوە تا هەزار و پێنجسەد کیلۆوات دەبوو بە چل و دوو دینار و پاشان هەر بەم شێوازە بۆ حەفتا و دوو دینار، نەوەد دینار و تەنانەت سەد و هەشتا دینار زیادی دەکرد.

ئەگەر هاوبەشێک مانگانە هەزار کیلۆواتی خەرج کردبا کەمتر لە بیست و پێنج هەزار دیناری دەدا و ئەوەش نرخێکی هەرزانە و هۆکار نەبوو لەوەی هاووڵاتی دەست بە کارەباوە بگرێت، وای دەکرد هەندێک هاوبەش مانگانە هەزاران کیلۆوات خەرج بکەن و کارەبا بەش نەکات.
کێشەکە لەوەدایە هێشتا بە وردی دیار نییە ئەو نرخەی کە حکوومەت بۆ پڕۆژەی ڕووناکی دیاری کردووە چەندە و ژمارەی جیاواز لە میدیاکان بڵاو دەکرێتەوە و هەندێکیان باس لەوە دەکە ئەو پارەیەی وەرگیراوە نرخی بازرگانییە کە بۆ هەر کیلۆواتێک سەد و پەنجا و شەش دینارە، بەڵام هیچ کامێکیان ڕاست نین. ڕۆژنامەی هەولێر پێوەندی بە چەند سەرچاوەیەکی وەزارەتی کارەبا کرد بەڵام هیچ نرخێکی دیاریکراوی دەست نەکەوت.
محەمەد عوسمان کە ماڵیان لە گەڕەکی شادییە و چەند مانگێکە سوود لەو خزمەتگوزارییە وەردەگرێت گوتی حەز دەکات سەعاتیان بۆ دیاری بکرێت و نرخی هەر یەکەیەکی کارەباشیان بۆ دیاری کردبێت بۆ ئەوەی بزانن چەندیان خەرج کردووە و دەبێت چ بڕێک پارە بدەن و لەو کاتەدا خۆیان لەگەڵ دۆخەکە دەگونجێن نەک بە نامەیەک کرێی کارەبایان بۆ بنێردرێت.
ئەو داوای کرد نرخەکە نە ئەوەندە کەم بێت کە نەبێتە هۆی ئەوەی هاووڵاتییان دەستی پێوە بگرن و نە ئەوەندە زۆریش بێت کە هاووڵاتی توانای دابینکردنی خەرجییەکەی نەبێت. دەکرێ وەک جاران چوارسەد و پەنجا یەکەی یەکەم بە نرخێکی گونجاو دابنرێت و پلە بە پلە نرخەکەی بەرز بکرێتەوە. چەندین هاووڵاتی تر لە گەڕەکە جیاوازەکانی هەولێر رەخنەیان لە نرخەکەی گرت و داوای پێداچوونەوەیان کرد.
پێویستە بگوترێ ئامانجی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٦ لە تەواوی کوردستان پڕۆژەکە جێبەجێ بکرێت. بەڵام مسۆگەرکردنی سەرکەوتنی پڕۆژەکە بەوە گرێ دراوە بەرپرسانی وەزارەتی کارەبا ڕێکارێکی گونجاو بۆ نرخی کارەبا دیاری بکەن کە نرخەکەی نە زۆر بەرز و نە زۆر نزم بێت و ببێتە هۆی ئەوەی ئەو کارەبایەی بەرهەم دەهێنرێت بەشی هەمووان بکات و کوردستان لە دووکەڵ و پیسییەکانی مۆلیدە بۆ هەمیشە ڕزگاری بێت.