رێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان: لە کابینەی نۆیەم هەنگاوی زۆر نراوە بۆ پاراستنی مافەکانی ئافرەتان
ئەمڕۆ ٨ی مارس ڕۆژی جیهانیی ئافرەتانە.
ئەم ڕۆژە دەرفەتێکە بۆ ڕێزگرتن لە خەبات و قوربانیدانی ئافرەتان لەپێناو مافەکانیاندا. لە هەرێمی کوردستانیش کار و چالاکی زۆر ئەنجام دراون لەم بوارەدا.
لەم بارەیهوه ، د. دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: “لە هەرێمی کوردستان هەنگاوی زۆر نراوە بۆ پاراستن و پەرەپێدانی مافەکانی ئافرەتان لە ڕووی یاسایی و کردارییەوە، لەوانە یاسای نەهێشتنی توندوتیژی خێزانی لە هەرێمی کوردستان ژمارە (٨)ی ساڵی ٢٠١١، کە تا ئێستا لە زۆر لە وڵاتانی ناوچەکە و جیهانیش بەم شێوەیە یاسایەک دەرنەچووە بۆ پاراستنی مافەکانی ئافرەتان و نەهێشتنی توندوتیژی خێزانی. جگە لەمە، چەندین یاسا هەموار کراونەتەوە و ڕێنمایی تایبەت دەرچوون کە هەموویان لە بەرژەوەندیی ئافرەتاندان.”
ئەوەشی خستەڕوو کە لە چوارچێوەی پلانی حکومەتی هەرێم بۆ مافەکانی مرۆڤ، زیاتر لە (٧٥%)ی ڕاسپاردەکان جێبەجێکراون کە بەشێکیان تایبەتن بە مافەکانی ئافرەت و نەهێشتنی توندوتیژی.
هەروەها ڕێکاری تایبەت دەرکراوە بۆ جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکانی تر. لە لایەکی دیکەوە، پێنج شەڵتەر بۆ ئافرەتانی هەڕەشەلێکراو و شەڵتەرێکیش بۆ قوربانیانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ کراوەتەوە و لە ئێستادا دەیان ئافرەت لەخۆ دەگرن.
ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لەبارەی بوونی ئافرەتان لە ناوەندەکانی بڕیاردان وتی: “زیاتر لە (٣٠%)ی ئافرەتان لە پۆستەکانی بڕیاردان لە حکومەت و پەرلەمان و دەسەڵاتی دادوەریدان، هەروەها لە دەزگا ئەمنییەکانیش ڕێژەیان گەیشتۆتە (١٠%). لە لایەکی دیکەوە، لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ڕێژەی ئافرەتە سەرکەوتووەکان زیاتر بوو لە (٣٠%).”
ئەوەشی ڕاگەیاند کە لە خولی ڕابردووی پەرلەمانی کوردستان سەرۆک و سکرتێری پەرلەمان ئافرەت بوون. هەروەها لە کابینەی نۆیەمدا ژمارەیەک ئافرەت لە پۆستەکانی وەزیر، بریکاری وەزیر، سەرۆکی دەستە بە پلەی بریکاری وەزیر هەن. سەبارەت بە دەسەڵاتی دادوەریی هەرێم، (٦٩) دادوەر و (٥٨) داواکاری گشتی و (١٩٨) لێکۆڵەری دادی و (٢٣٣) یاریدەدەری دادوەر لە ڕەگەزی مێ لە هەرێمی کوردستان هەن.
ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئەوەشی وت: “زیاتر لە (١٥٠٠) ڕۆژنامەنووسی ئافرەت لە سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان تۆمار کراون و ژمارەیەکیان خاوەن ئیمتیاز، سەرنووسەر و بەڕێوەبەری نووسینن. لە لایەکی دیکەوە، حکومەتی هەرێم پشتگیری دارایی پێشکەش بە نزیکەی (٨٠٠٠) ئافرەتی گوندنشین کردووە بۆ دامەزراندنی پڕۆژەی تایبەت بە خۆیان.