زیبا تەها سکرتێری یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، لە پەیامێکدا بە بۆنەی ۸ی مارس (ڕۆژی جیهانی ئافرەتان) دهڵێ، دەستکەوتی مەزنمان بەدەستهێناوە و ڕێگای سەختمان بڕیوە، چاومان لە ئاسۆیە و هەرگیز ئاوڕ بۆ دواوە نادەینەوە، لە سەرکەوتنیش دڵنیاین.
ئەمەی خوارەوە دەقی پەیامەکەیە:
٨ ی مارس، ڕۆژی جیهانی ئافرەتان، لە دایک و خێزانی شەهیدان، ئەندام و کادیرانی یەکێتی ئافرەتان و سەرجەم ئافرەتانی كوردستان پیرۆز بێت.
٨ ی مارس ئەو ڕۆژەیە کە تێیدا ئێمەی ئافرەتانی کوردستان شانازی بەدەستکەوتەکان دەکەین و بۆ بەدەستهێنانی سەرجەم مافەکان خەباتی یەکسانیخوازیمان درێژە پێدەدەین.
بۆ پایەداربوونی هزری سەروەری بۆ مرۆڤ، هاوشانی و هاوپێگەیی و پێکەوەژیانی یەکسان، بۆ کۆمەڵگەیەکی شارستانی، تێکۆشان دەکەین. ئەمەش پێویستی بە یەکدەنگی و پێکەوەیی هەیە، بەو پێکەوەییە دەتوانین، بەهێز دەبین و پێش دەکەوین.
دەستکەوتی مەزنمان بەدەستهێناوە و ڕێگای سەختمان بڕیوە، چاومان لە ئاسۆیە و هەرگیز ئاوڕ بۆ دواوە نادەینەوە، لە سەرکەوتنیش دڵنیاین.
لەم بۆنەیەدا، سڵاو دەنێرم بۆ هەموو ئەو ئافرەتانەی لەپێناو ژیانێکی شکۆمەندانەی ئازاد بە ڕێگای جیاجیا کۆشش دەکەن و بوونی خۆیان دەسەلمێنن و دەبنە نمونە و ڕێنیشاندەر بۆ ئافرەتانی دیکە.
سڵاو بۆ هەڤاڵ و هاوکارانم لە یەکێتی ئافرەتانی کوردستان.
بەردەوام بێت خەباتی یەکسانیخوازیمان
سەرفرازی بۆ هەموو ئافرەتانی کوردستان
زیبا تەها
سکرتێری یەکێتی ئافرەتانی کوردستان