فازڵ میرانی پیرۆزبایی لە ئافرەتانی کوردستان دەکات

فازڵ میرانی بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بەبۆنەی رۆژی جیهانی ئافرەتان، پەیامێکی پیرۆزبایی راگەیاند کە ئەمە دەقەکەیەتی:

هەموو ساڵێك وەك نەریتێكی نێونەتەوەیی، لە سەرانسەری جیهاندا، ڕۆژی ٨ی مارس وەك ڕۆژێكی جیهانی بۆ ئافرەتان بە شێوەی جۆراوجۆر پیرۆز دەكرێت. لە وڵاتی ئێمەدا ئافرەتانی كوردستان هەردەم ڕۆڵی كارایان لە هەمەجۆر بوارەكانی ژیاندا گێڕاوە، هاوكات لە نێو كۆمەڵگەی كوردەواریدا، ئافرەت خاوەن كەسایەتیی خۆی بووە و ڕێزی لێ گیراوە. ژیانی ئەم سەردەمەش ئەوەی خواستووە، ئافرەتان بە گشتی تێكەڵ بە خواست و پێداویستەكانی ئەم چاخە ببن، لەمەشدا ڕۆڵی ئەوان وەك دایك و خوشك و هاوژین، لە ڕووی بەرەو پێش بردنی وڵات و نەتەوەكەمان، هەستیارە و لە جاران كاریگەرتر دەبێت. ئەمەش ئەوە دەخوازێت لە كوردستاندا ئافرەتان درێژە بە ئامادە بوونی ئەرێنی و پێویستی خۆیان بدەن، چونكە بەشێكی گەورە لە پێشكەوتنی وڵات و زیاتر هۆشیار بوونەوە و پێگەیشتنی نەوەكان، دەكەوێتە ئەستۆی ئەوانەوە. ڕۆژی جەژنی جیهانیی ئافرەتان لە خانمانی كوردستان و عیراق و تەواوی جیهان پیرۆز بێت.