بوومەلەرزەیەک شارۆچکەی کەلاری هەژاند

ناوەندی چاودێری و بوومەلەرزەزانی عێراق ڕایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 7ی ئاداری 2025، بوومەلەرزەیەک بەهێزی چوار پلەی ڕێختەر باشووری ڕۆژهەڵاتی شاری کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیانی هەژاند.

بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی ناوەندەکە لە پەڕەی تایبەتیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە، هێزی بوومەلەرزەکە چوار پلەی ڕێختەرە و چەقەکەشی بە دووری نۆ کیلۆمەتر لە باشووری ڕۆژهەڵاتی شارۆچکەی کەلار، لە ناوچە سنوورییەکانی عێراق – ئێران بووە.

هەروەها ئاماژەیداوە، دانیشتووانی سنوورەکە هەستیان بە بەهێزی بوومەلەرزەکە کردووە.

لەلایەکی دیکەوە ناوەندی بوومەلەرزەزانی زانکۆی تاران ڕایگەیاندووە، بوومەلەرزەکەی ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی بە هێزی چوار پلەی ڕێختەر لە قوڵایی 11 کیلۆمەتری ناخی زەوی و بە دووری 19 کیلۆمەتر، شاری قەسرشیرینی سنووری پارێزگای کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی هەژاندووە.

هەر بە گوێرە ڕاپۆرتی ناوەندەکەی زانکۆی تاران، ئەمە دووەمین بوومەلەرزەی بەهێزە لەم هەفتەیە ئەو سنوورە دەهەژێنێت، یەکەمیان بەرەبەیانی دووشەممە 3ی ئەم مانگە بوو کە هێزەکەی 4.8 پلەی ڕێختەر بووە.