هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستـــــــان لە ئان و ساتدایە

 

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە ئان و ساتدایە، حکوومەتی عێراق، حکوومەتی ھەرێم و تورکیا ئامادەی خۆیان بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوت ڕایانگەیاندووە، بەڵام ئاستەنگی بەردەم ھەناردەکردنەوەی نەوت گەرەنتی مافی کۆمپانیاکانە. شارەزایانی بواری نەوت بۆچوونیان وایە کۆمپانیاکانی بواری نەوت داوای گەڕەنتی پێدانی ماف و شایستەداراییەکانیان لە حکوومەتی عێراقی دەکەن، ھەوڵی نێودەوڵەتییش بۆ ئەو گەرەنتیکردنە ھەیە.

دوای پەیوەندی تەلەفۆنی نێوان سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، وەزیری نەوتی عێراق ماوەی ٢٤ کاتژمێری بۆ ھەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان دیاری کرد، بەڵام تا ئێستا ھەناردەکردنەوەی نەوت دەستی پێ نەکردۆتەوە، لە کاتێکدا چاوەڕوان دەکرا دوای کۆبوونەوەی سێ قۆڵی لە بەغدا ھەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان دەست پێ بکاتەوە، کۆمپانیاکانی بواری نەوت داوای گەرەنتی وەرگرتنی ماف و شایستەداراییەکانیان لە عێراق دەکەن، باشترین گەرەنتی ڕێککەوتنی سێ قۆڵییە، کە مافی ھەر سێ لایەن پارێزراو بێت.
مایڵز کاگینز، گوتەبێژی ئەپیکور، ئاشکرای کرد: ئەمڕۆ پێنج شەممە کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی لە نێوان حکوومەتی عێراق، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانی نەوت لە بەغدا دەکرێت.
مایڵز، لەبارەی کۆبوونەوەکە گوتیشی: پێشوازی لە ھەر کۆبوونەوەیەک دەکەین کە لایەنە پەیوەندیدارەکان لەخۆبگرێت و ببێتە ھۆی ڕێککەوتن لەسەر گرێبەستەکان و ھەناردەکردنەوەی نەوت. گوتەبێژی ئەپیکور، ئاماژەی بەوەش کرد، مەرجەکانیان بۆ ھەناردەکردنەوەی نەوت نەگۆڕاون.
کۆمپانیاکان داوا دەکەن ڕێککەوتنێکی نوێ بۆ ھەناردەکردنەوەی نەوت بکرێت کە بە ڕێککەوتنی فرۆشتن و وەرگرتن ناسراوە. ڕێککەوتنەکە بەگوتەی کاگینز، ڕێککەوتنێکی سادەیە و ڕوونی دەکاتەوە کەی و چەندە نەوت وەردەگیرێت، ھەروەھا ڕوونی دەکاتەوە ئەو نەوتەی لە کێڵگەکان وەردەگیرێت، دەبێت چ کواڵیتییەکی ھەبێت، ھەروەھا کۆمپانیاکان چۆن قەرەبوو دەکرێنەوە. بەپێی ھەمواری یاسای بودجە، حکوومەتی عێراق بۆ ھەر بەرمیلێک نەوت ١٦ دۆلار دەداتە حکوومەتی ھەرێم، حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش دەیداتە کۆمپانیاکان، کۆمپانیاکانی نەوت داوای گەرەنتی دەکەن کە شایستە داراییەکانیان پێ دەدرێت، ئەوان ھەروەھا داوای داڕشتنی میکانیزمێک دەکەن بۆ دانەوەی قەرزەکانیان کە لە ئەستۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە.
ڕۆژی شەممە، وەزارەتی نەوتی عێراق داوای لە ئەپیکور و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی ھەرێمی کوردستان کرد، ڕۆژی سێشەممە شاندیان سەردانی بەغدا بکات، بەڵام کۆبوونەوەکە نەکرا، ھەرچەندە وەزارەتی نەوتی عێراق ڕۆژی ھەینی ڕاگەیاند، لە چەند کاتژمێری داھاتوودا دەست بە ھەناردەکردنەوەی نەوت دەکەن، بەڵام ٨ کۆمپانیای بەرھەمھێنەری نەوت لە ھەرێمی کوردستان ڕەتیانکردەوە نەوت ھەناردە بکەن تاوەکو ڕێککەوتنێک نەکرێت بۆ پێدانی شایستە داراییەکانیان.
فشارە نێودەوڵەتییەکان دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستانیان گەیاندۆتە قۆناغی کۆتایی و پێشتر حکوومەتی عێراق ڕێگر بوو لە ھەناردەکردنەوەی نەوت، بەڵام ئێستا لە ھەموویان پەلەتریەتی، شارەزایانی بواری نەوت ڕایدەگەیەنن بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنەوەی نەوت کۆمپانیاکان داوای گەرەنتی بەدەستھێنانی ماف و شایستە دارایی و یاساییەکانیان دەکەن.
د. مەنسوور ڕەشید، شارەزای بواری نەوت، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەیەوێت لە مافە یاساییەکان و مافە دەستوورییەکانی خەڵکی ھەرێمی کوردستان لەم ڕێککەوتنەدا دڵنیا ببێتەوە، ھەم کۆمپانیاکان لە مافە داراییەکانی خۆیان، ھەمیش بەغدا ئەو مافانەی کە بۆ خۆ پێیوایە ھەیەتی، بەشێکی زۆری کێشەکان تا ئێستا چارەبوونە، تەنیا چەند کێشەیەکی تەکنیکی ماون، لە کۆبوونەوەی داھاتوودا ئەوانیش چارە دەبن و ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان دەست پێ دەکاتەوە.
بەربەستە سیاسی و یاساییەکانی بەردەم دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان نەماون، تاکە ئاستەنگ گەرەنتی وەرگرتنی ماف و شایستەداراییەکانی کۆمپانیاکانە، بەپێی ھەمواری یاسای بودجە تێچوو و دەرھێنان و گواستنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ ھەر بەرمیلێک ١٦ دۆلارە، کۆمپانیاکان داوای گەرەنتی وەرگرتنی ئەو پارەیە دەکەن، تا ئێستاش ئەو ڕێککەوتنە نەکراوە. ڕزگار وەیسی، ئەویش کە شارەزای بواری نەوتە، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ڕوونیکردەوە، کۆمپانیاکان دوو خاڵیان لا گرنگە، یەکەمیان گرێبەستەکانیان دەستکاری نەکرێت، ھەروەھا زەمانەتێک ھەبێت دەیانەوێت ئالیەتی پێدانی پارەکە دیاری بکرێت، کە بە چ شێوازێک دەبێت، پێیان باشە ئەو وردەکاریە بەشێوەی گرێبەست ئیمزا بکرێت، گرێبەستەکەش لەلایەن ھەر دوو وەزارەتی نەوتی عێراق و سامانە سروشتییەکان لەگەڵ کۆمپانیاکان تاکو قورسایی یاسایی ھەبێت.