ئەرکان بیبانی: 11 بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەستگیر کران

گوتەبێژی بەڕێوبەرایەتی گشتیی نە‌هێشتنی ماددەی هۆشبەرەکان ڕایگەیاند، لە چەند ئۆپەراسیۆنێکدا زیاتر لە 26 کیلۆ و 208 گرام ماددەی هۆشبەر دەستی بەسەردا گیراوە و 11 بازرگانیش دەستگیر کران.

ئەرکان بیبانی، گوتەبێژی بەڕێوبەرایەتی گشتیی نە‌هێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند “بەچەند ئۆپەراسیۆنێک بە هاوکاری و هەماهەنگیی بەڕێوبەرایەتیی ئاسایشی سۆران و چۆمان و پیرمام و چاودیری بەدواداچوون، توانرا دەست بەسەر زیاتر لە 26 کیلۆ و 208 گرام ماددەی هۆشبەردا بگیرێت کە پێک هاتبوون لە جۆرەکانی کریستاڵ و حەشیش و هێرۆین.

هەروەها لە هەڵمەتەکەدا توانرا ژمارەیەک تۆڕی کڕین و فرۆشتن هەڵبوەشێنرێنەوە کە پێکهاتبوون لە 11 بازرگان.

ئەرکان بیبانی گوتیشی: لەدادگا بەپێی یاسای مامەڵەکردن بە ماددەی هۆشبەر دۆسیەی تاوانیان بۆ کراوەتەوە.

هەروەها هۆشداریشی دا لەوەی، هاووڵاتییان لە بەکارهێنان و مامەڵەکردن بە ماددە هۆشبەرەکان دوور بکەونەوە و هەر زانیارییەکیشیان لەو بارەیەوە دەست کەوت، بنکە و بەڕێوبەرایەتییەکانی ئاسایش ئاگادار بکەنەوە.