پارێزگارى هەولێر، بەهۆى دابینکردنى خۆراک بۆ شلتەرى سەگى بێلانەى هەولێر، سوپاس و پێزانین پێشکەش بە ( 4 کۆمپانیاى گۆشتگە ) دەکات

 

ئەمڕۆ سێشەممە 2025.3.4، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، لەدیوانى پارێزگا، بە ئامادەبوونى کارزان هادى، سەرۆکى شارەوانى هەولێر و ژیار جەلال، بەڕێوەبەرى فەرمانگەى خزمەتگوزاریى ژینگەپارێزى هەولێر، لە پاى هاوکارى و هەماهەنگیان لەگەڵ شلتەرى سەگى بێلانەى هەولێر لە ڕووى دابینکردنى خۆراکەوە بۆ سەگى بێلانەى شلتەرەکە، وەک ڕێزلێنانێک بۆ ئەو کارە خێرخوازییەیان ئەنجامى دەدەن، سوپاس و پیزانینى پارێزگاى پێشکەش بە هەریەک لە کۆمپانیاکانى گۆشتگەى ( ئەلمەیاس، هەولێر، بێگەرد، گۆشتى سوور) کرد.

لە دیدارەکەدا پارێزگارى هەولێر، وێڕاى دەست خۆشى، ئەوکارە خێرخوازییەى ئەوانى بەرز نرخاند و هیواى سەرکەوتن و بەردەوامى بۆ خواستن و ئومێدى کرد نموونەیان زۆربێت. پاشان سوپاس و پێزانینى پارێزگاى پێشکەش کردن.

جێگەى باسە، بەر لە ساڵێک و شەش مانگ پێش ئەمڕۆ، پارێزگاى هەولێر بە گوژمەى ( 450 ملیۆن دینار ) لە سەر بودجەى پارێزگا و لە سەر ڕووبەرى (20) دۆنم زەوی و بە دوورى (15) کیلۆمەتر لە ناوەندی شارى هەولێر بە ئامانجى نەهێڵانى دیاردەی سەگ لە سەنتەرى شار و دەوروبەرى کە ببوونە هۆى مەترسی زۆر بۆ سەر گیانی هاووڵاتیان، دەستیکرد بە دروستکردنى شێڵتەرێکى سەردەمیانەى تایبەت بەسەگى بێلانە، کە لەسەر ئاستى عێراق و ناوچەکە وەک یەکەمین شلتەرى نموونەى هەژمار دەکرێت، لە ماوەى ئەو ساڵ و نیوەشدا زیاتر لە ( 14 هەزار ) سەگ لەو شێڵتەرە کۆکراوەتە، ( 2 هەزار )سەگیان هی دەرەوەى شاربووە و ڕۆژانە ( 7 تەن خوردنیان ) پێدەدرێت، کە لەلایەن هەر چوار گۆشتگەى ( ئەلمەیاس، هەولێر، بێگەرد، گۆشتى سوور) دابین دەکرێت، لە ئێستاشدا پڕۆسەى کۆکردنەوەی سەگى بێلانە و گواستنەوەیان بۆ شلتەر و نەهێڵانیان لە سەر شەقام و ناو بازاڕ و شوێنە گشتییەکان بەردەوامە، لەو ڕۆژانەشدا بۆ باشتر بەڕێوەچوونى کارەکانیان ( 2 ئۆتۆمبێل )ى تازە بۆ تیمەکانى شلتەرەکە دابینکراوە.