ساڵیادی ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستانە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

 

٣٤ ساڵ تێدەپەڕیت بەسەر ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ی ھەرێمی کوردستان، ‌لە ڕانیە دەستی پێکردوو و لە ماوەی تەنیا ١٥ ڕۆژدا تەواوی ھەرێمی کوردستان بە شاری کەرکووکیشەوە لە دەست بەعس دەرھێندرا، سەرکەوتنیشی یەکگرتووی خەڵک و یەکدەنگی ھێزە سیاسییەکان بوو کە توانرا لە ماوەیەکی کەمدا خاکی کوردستان ڕزگار بکەن و کۆتایی بە حوکمی داگیرکەر بێنن.

بەرەی کوردستانی

دوای شاڵاوی ئەنفال و کیمیاباران و ڕاگواستن و تەعریب لە ساڵی ١٩٨٨، بەرەی کوردستانی لە حەوت حزب و لایەنی ھەرێمی کوردستان پێکھات، کە بەھێزترین لایەنی نێو بەرەی کوردستانی ھەر دوو پارتە سەرەکییەکە پارتی و یەکێتی بوون، لە دوای سێ ساڵ لە دامەزراندنی ئەو بەرەیە و ھاتنە کایەی ھەلومەرجێکی نێوخۆی و نێودەوڵەتی لە ساڵی ١٩٩١ لە ڕانیەوە ڕاپەڕینی خەڵکی ھەرێمی کوردستانی بەرپاکرا، سەرۆک بارزانی ئەو کات سەرۆکی بەرەی کوردستانی بوو، سەرۆک بارزانی لە دەروازەی ڕاپەڕین تا کەرکووک ڕابەرایەتی مەیدانی ڕاپەڕینی کردووە، بۆیە ڕاپەڕین ھەم بیرۆکەی ئەو بوو، ھەمیش یەکەم کۆبوونەوەی حیزبە کوردستانییەکان لە ڕاژان کراو لەوێ بەرنامە دانرا، بەرنامەیەکی نووسراو بۆ ھەموو شارەکان نێردرا، سەرۆک بارزانی بە سەدان نامەی نووسی بۆ ناو شارەکان کە ئامادەسازی بکرێت بۆ ڕاپەڕین خۆشی مەیدانی ڕابەرایەتی ڕاپەڕینی دەکرد، تا خەڵکی کوردستان لە ھەموو شارەکان دژی ڕژێمی بەعس ڕاپەڕین و کوردستان بە تەواوەتی لە ڕژێمی بەعس پاککرایەوە.

دەستپێکی ڕاپەڕین

ڕاپەڕین ڕووداوێکی گەورە و گرنگ و مێژووی بوو، دەستکەوت، گۆڕانکاری و وەرچەرخانێکی گەورەی ھێنایە ئاراوە، پەرلەمان و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بەرەنجامی ئەو ڕاپەڕینە جەماوەرییەی خەڵکی کوردستانن.
ئەگەرچی ڕاپەڕین لە ٥ی ئاداری ١٩٩١ لە ڕانیە، کە ناسراوە بە دەروازەی ڕاپەڕین دەستی پێ کرد، بەڵام لە ٣ی ئاداری ھەمان ساڵ بۆ یەکەمجار وەکو دەستپێکی ڕاپەڕین لە ئۆردووگای خەبات و کەڵەکی ھەولێر شەڕێک لە نێوان پشدەرییەکان و بنکەی پۆلیس دروست بوو، دەرەنجام ھەڵیان کوتایە سەر پۆلیس و دەستیان بەسەر بنکەکەدا گرت، ڕژێم ھێرشی کردە سەر و سەرکوتی کردن و محەممەد فارۆق و بەختیاری لێ شەھید کردن و دوو کەسیشی لێ زامدار کردن.
٥ی ئاداری ١٩٩١ڕاپەرینی گەلی کوردستان لە شاری ڕانیە لە کاتژمێر ٩ی سەرلەبەیانی بە فەرمی دەستی پێ کرد، لە ھەموولاوە جەماوەر داڕژانە کۆڵان و شەقامەکان، لە ڕادیۆکان و بڵندگۆی مزگەوتەکان خەڵکیان ھان دا بۆ ڕاپەڕین، پاشان جەماوەر ھەڵیان کوتایە سەر دامودەزگاکانی حکوومەت، بۆ کاتژمێر ٣ی ئێوارە ڕانیە لە ڕژێم پاککرایەوە، ھەمان ڕۆژ چوارقوڕنە، حاجیاوا، دەشتی بتوین و سەربازگەی سەرکەپکان ئازاد کران، جگە لە تیپی ٤٤ی چواڕقوڕنە ٥٠ کەس لە ڕژێم کوژران و ١٠٠ کەسیش لە ھاووڵاتییان شەھید کران، ژمارەیەکی زۆر لە سەربازانی ڕژێم گیران، ئەو ڕۆژە لە مێژووی کورددا بە ڕۆژی ڕاپەڕین و ڕانیەش بە دەروازەی ڕاپەڕین دانرا.
ڕۆژژمێری ڕاپەڕین

لە ٦ی ئاداری ١٩٩١ ناوچەی بازیانی یەک و دوو و ناوچەی ناو دەشتی پشدەر ئازاد کران، لە ٧ی ئادار جەماوەری شاری سلێمانی ڕاپەڕین و ھەر زوو ھەڵیان کوتایە سەر بنکەی حامیەیی پۆلیس و بەر دەرکی سەرا و ئازادیان کرد، ھەروەھا بۆ بەیانی ٨ی ئادار قەڵای ئەمنە سوورەکەی سلێمانی و سەربازگەی سەلام و پادگاکانی سەر چیای ئەزمەڕیان کۆنتڕۆڵ کرد بە جۆرێک بە ھەزاران سەرباز خۆیان دا بەدەستەوە و دەیان پلەدار و پیاوانی ڕژێم کوژران، ٨ی ئادار لە چەمچەماڵ و ھەڵەبجە و عەربەت و زەڕایەن و سمود و نەسر و باریکە و پیرەمەگروون و ئەلڵایی، دەستی پێ کرد و سەرجەم ئەو ناوچانە و ڕێگا سەرەکییەکانی نێوان سلێمانی و کەرکووک و بەعقووبە بە خوێنی چەندان شەھیدی ھاووڵاتی و کوژرانی چەندان کەس لە پیاوانی ڕژێم کۆنتڕۆڵ کران، لە ٩ی ئاداری ١٩٩١ جەماوەری شاری شەقڵاوە و کۆیەش ڕاپەڕین، ١٠ی ئادار ناوچەکانی مەسیف، تەقتەق، ڕەواندز، قەرەھەنجیر، ئاغجەلەر، ھەریر، باتاس، خەلیفان، سپیلک، سۆران، چۆمان، حاجی ئۆمەران و مێرگەسۆر ڕاپەڕین سەریھەڵدا، لە ١١ی ئاداری ١٩٩١، جەماوەری شاری ھەولێر ھەر لە بەیانییەوە ڕژانە سەر شەقامەکان و سەرجەم بارەگاکانی ڕژێم تا ئێوارە کۆنتڕۆڵ کران، بۆ بەیانی ١٢ی ئادار پادگاکانی سەر بەرزاییەکانی ڕەشکین و کانی قڕژالە و ڕێی گوێر و مەخموور گیران و خۆیان تەسلیمی خەڵک کرد و بەدەیان ھەزار سەربازیش لەوانەی پارێزگاری ھەولێر و سەربازگەکانی سەر و شۆڕدەبوونەوە و بەرەو مووسڵ و کەرکووک دەچوون بێ ئەوەی لەلایەن خەڵک و پێشمەرگە بگیرێن و بکوژرێن، لە ١٣ی ئادار لەو سەری سنوورەوە جەماوەری زاخۆ و دەروبەری ڕاپەڕین، لە ١٤ی ئادار جەماوەری دھۆک ڕاپەڕین و تا ئێوارە ھەموو شارەکە لە ڕژێمی بەعس پاککرایەوە، پاش ڕزگارکردنی ھەموو شار و شارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان و کۆنترۆڵکردنیان لەلایەن ھێزە سیاسییەکان و جەماوەری کوردستانەوە، تاقە شار کە مابوو ڕزگار بکرێت، شاری کەکووک بوو، بۆیە سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی کوردستان پێکەوە و بە ھاوکاریی یەکتر و ڕێکخستنەکانی ناوشار و جەماوری کەرکووک ئامادەکارییان کرد و سەرەنجام ڕۆژی ٢١ی مانگ شاری کەرکووکیش ئازاد کرا و بە خوێنی دەیان شەھیدی پیشمەرگە و جەماوەر ئەم دەسکەوتنە نەتەوەییە تۆمار کرا.

ڕاپەڕین پەیامێک بوو بۆ دوژمنانی کوردستان

چاودێرانی سیاسی و لایەنەکان، دەڵێن، ڕاپەڕین وەچەرخانێکی مێژووی بوو لە مێژووی بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستاندا، بەرئەنجامی خەباتی دەیان ساڵەی میللەتەکەمان بوو بەر ئەنجامی زوڵم و ستەمی زۆری ڕژێمی بەعس بوو، ھەر لە ڕاگواستنی گوندەکان و ئەنفال و کیمیاباران و ئەو ھەموو زوڵمەی کە لە گەلی کوردستان کرد، دەسکەوتەکانی ڕاپەڕین زۆرن، لەسەرووی ھەموویانەوە پەرلەمان و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان.
ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، ڕاپەڕین پەیامێک بوو بۆ دوژمنانی کوردستان کە کورد چیدیکە ژێر دەستی و زۆرداری قبوڵ ناکات، ڕاپەڕین پڕۆسەیەکی زۆر گەورە بوو لە ئەنجامی خەبات و تێکۆشانی خەڵکی کوردستان ھاتە کایەوە، ڕاپەڕین قۆناغێکی گرنگی خەباتی نەتەوەی کورد بوو، کە ھەموو خەڵکی کوردستان بە پیر و پەککەوتە منداڵ و ئافرەت بەشداریان تێدا کرد.

وتارە مێژووییەکەی سەرۆک بارزانی

١٤ی ئادار سەرۆک بارزانی وتارە مێژووییەکەی لە کۆیە خوێندەوە و مژدەی ھەڵبژاردن و دامەزراندنی پەرلەمانی کوردستانی بە ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستاندا، ھاووڵاتییان خۆیان بڕیاری خۆیان لە بەڕێوەبردنی ھەرێمدا.
دەنگدانەوەی کۆڕەوەکە لە ناوەندە جیھانییەکان، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ھێنایە دەنگ، ئەمەش وایکرد لە نیسانی ھەمان ساڵ بڕیاری ٦٨٨ ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەربچێت و ناوچەی دژە فڕین کە بە ھێڵی ٣٦ ناسراوە لە ھەرێمی کوردستان دروستکرا، ئەمەش ڕۆڵی لە کشانەوەی ھێزەکانی عێراق و گەڕانەوەی خەڵک و کردنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ھەبوو، ساڵێک دوای ڕاپەڕین سەرکردایەتی سیاسی کوردستان، دەستیکرد بە تاقیکردنەوەی ڕێگەی دیموکراسی بۆ بەڕێوەبردنی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، لە ١٩/٥/١٩٩٢، ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرا، ئەمەش سەرەڕای ناکۆکی و ھاتنە پێشەوەی بارودۆخی نەخوازراوی ناوخۆ، بەڵام بە دەستکەوتێکی گرنگی کورد لە ھەرێمی کوردستان ئەژمار دەکرێت، چونکە لە مێژوودا بۆ یەکەمجار بوو کە کورد خاوەن پەرلەمان و حکوومەتی خۆی بێت، لە ماوەی چەند ساڵی خۆبەڕێوەبردنی ھەرێمی کوردستان، وەک ھەرێم جگە لە جێبەجێ کردنی پڕۆژە لە سەرجەم بوارەکاندا، سەرکردایەتی سیاسی کورد توانیویەتی لەڕووی دیپلۆماسی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی جیھان بەرفراوانتر بکات و مافەکانی کورد بە ناوەندە سیاسییەکانی جیھان بگەیەنێت.