نووسینگەی ڕزگارکردنی ئێزدییەکان بڵاوی کردووەتەوە، تا ئێستا 2558 ئێزدی بێشەروشوێنن، سەرباری ئەوەی زیاتر لە 5 هەزار ئێزدی کوژراو و 2745 منداڵیش بێ دایک و باوک مانەوە.
یەکشەممە 2ـی ئاداری 2025، نووسینگەی ڕزگارکردنی ئێزدییە ڕفێندراوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: زیاد لە 5 هەزار ئێزدی بە دەستی داعش کوژراون و 2745 منداڵیش بێ دایک و باوک مانەوە، ئاشکراشی دەکات، تا ئێستا 93 گۆڕی بەکۆمەڵ لە شنگال دۆزراونەتەوە، سەرباری تاک گۆڕەکانیش.
نووسینگەی ڕزگارکردنی ئێزدییەکان ئاماژە بەوە دەکات، 6417 ئێزدی ڕفێندران، 3548 لەوان ئافرەت بوون، 2869 شیان پیاو بوون، لەنێو ئەو ژمارەیەدا 3585 ئێزدی لە دەستی داعش ڕزگارکران، لەو ژمارەیەدا 1211 ئافرەت و 339 پیاو و 1074 منداڵی کچ و 961 منداڵی کوڕ بوون.
نووسینەگەکە ئاشکرای دەکات، ئەوانەی بە دەستی داعش کوژران و لە گۆڕی بەکۆمەڵدا ڕووفاتەکانیان دۆزرایەوە و ڕادەستی خانەوادەکانیان کرانەوە، ژمارەیان 274 بوون کە 37 یان ئافرەت بوون و 237 پیاو بوون، ئەوانەشی کە بێسەروشوێن بوون ژمارەیان 2558 بوون، لەنێو ئەو ژمارەیەدا 1225 ئافرەت و 1333 پیاوبوون.
سەربارەی ئەوەش، 135 هەزار و 860 ئێزدی لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان نیشتەجێن و هاوکارییان پێشکەش دەکرێت.