هۆڵى نەشتەرگەرى لە نەخۆشخانەی ڕاپەرینی فێرکاری بۆ منداڵان و یەکەى برینکارى دواى نۆژەنکردنەوەى کرایەوە

 

ئەمڕۆ دووشەممە 2025.3.3، بە ئامادەبوونى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و د.دلۆڤان محەمەد، بەڕێوەبەرى گشتیى تەندروستى هەولێر و ژمارەیەکى تر لە بەرێوەبەر و پزیشک و کارمەندانى نەخۆشخانەکە، لە رێورەسمێکدا بە گوژمەی ( 90 ملیۆن دینار ) لە سەر بودجەى پارێزگارى هەولێر، هۆڵى نەشتەرگەرى لە نەخۆشخانەی ڕاپەرینی فێرکاری بۆ منداڵان و یەکەى برینکارى دواى نۆژەنکردنەوەى کرایەوە.

پڕۆژەکە پێکهاتووە لە نۆژەنکردنەوەى تەواوی یەکەی برینکاری ( ژوورەکانی داخلبوونی نەخۆش) بە گۆڕینی دەرگا و پەنجەرە و بۆیەکردنی تەواوی ژوورەکان و هۆڵەکانی نەشتەرگەری و ڕووپۆش کڕدنی زەوییەکەی بە “ڤینیل” و چاکردنەوەی کارەبا و سیستەمی ئۆکسجین و هەواگۆڕکێی هۆڵەکان و زیادکردنی هۆڵێکی نەشتەرگەری و دروستکردنی دوو ژوور بۆ پزیشکان و پەرستاران.

لەڕێورەسمەکەدا، پارێزگارى هەولێر، لە وتارێکدا وێڕاى پیرۆزبایی لە بەڕێوەبەر و پزیشک و کارمەندانى نەخۆشخانەکە و هاوڵاتییان، دەستخۆشى لە بەڕیوەبەرایەتى گشتیى تەندروستى هەولێر کرد و جەختى لە خزمەتکردنى زیاترى هاوڵاتییان و باشترکردنى ڕەوشى نەخۆشخانە گشتییەکان و کەرتى تەندروستى کردەوە و ئاماژەى بەوەدا کە ویستى پارێزگاى هەولێر بۆ گەیاندن و پێشکەشکردنى خزمەتگوزاریی و زیاتر ئاوەدانکردنەوەى نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکانى سنوورى پارێزگاى هەولێر زۆر لەوە زیاترە.