ئەمڕۆ دووشەممە 2025.3.3، بە ئامادەبوونى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و د.دلۆڤان محەمەد، بەڕێوەبەرى گشتیى تەندروستى هەولێر و ژمارەیەکى تر لە بەرێوەبەر و پزیشک و کارمەندانى نەخۆشخانەکە، لەرێورەسمێکدا بە گۆژمەى ( 43 ملیۆن و 496 هەزار دینار ) لە سەر بودجەى پارێزگاى هەولێر، بەشى ڕاوێژکارى ( نەشتەرگەرى ڕوو و شەویلاگ و چاندنى ددان ) لە نەخۆشخانەى هەولێرى فێرکارى ( کۆمارى ) کرایەوە.
پڕۆژەکە پێکهاتووە لە هۆڵى پێشوازیى و دوو ژوورى پشکنین و ژوورى تیشک و کۆگا و دوو ژوورى دیکەى نەشتەرگەرى و چوار کورسى ددان و ژوورى بەڕێوەبەر.
لە ڕێورەسمەکەدا، پارێزگارى هەولێر، لە وتارێکدا خۆشحاڵى خۆى بە کردنەوەى بەشەکە نیشاندا و ئاماژەى بەوەدا کە نەخۆشخانەى کۆمارى لە پیشتر و لە ئیستاشدا یەکێکە لە نەخۆشخانە گرنگ و دێرینەکانى شارەکەمان، کە لە هەموو بوارەکانیدا هاوڵاتییەکى زۆر سەردانى دەکەن و سەرجەم بەشەکەشانیشى بەشێکن لە فێرکارى قوتابیانى کۆلێژە پزیشکیەکان.
گوتیشى، ” لە هەولێر هەمیشە جەختمان لە خزمەتکردنى زیاترى هاوڵاتییان و باشترکردنى ڕەوشى نەخۆشخانە گشتییەکان و کەرتى تەندروستى کردۆتەوە، بەڵام بە هۆى قەیرانى دارایی و ئەوگرفتانەى لە بەردەمان بووە، هیشتا پێویستیان بە زیاتر هەیە “.