سەرۆک بارزانی و ئەیاد سامەرائی جەختیان لە پابەندبوون بە بنەماکانی شەراکەت کردەوە

ڕۆژی دووشەممە 3ـی ئاداری 2025، سەرۆک مەسعود بارزانی لە سەلاحەددین پێشوازی لە شاندێکی باڵای حزبی ئیسلامیی عێراقی بە سەرۆکایەتیی ئەیاد سامەرائی سەرۆکی شورای حزبی ئیسلامیی عێراقی کرد.

بارەگای بارزانی بڵاوی کردەوە، لە دیدارەکەدا بارودۆخی ئەمنی و سیاسیی و دوایین گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و کاریگەرییان لەسەر ڕەوشی عێراق و هەروەها پێویستیی هەماهەنگیی لایەنە سیاسیەکانی عێراق، بۆ  باشترکردنی پڕۆسەی سیاسی و پاراستنی سەقامگیری تاوتوێ کرا.

هەر لەو دیدارەدا ڕۆشنایی خرایە سەر قۆناغی داهاتووی پڕۆسەی سیاسیی عێراق و هەڵبژاردنەکان و جەخت لە پابەندبوون بە بنەماکانی شەراکەت لە بەڕێوەبردنی وڵات لە چوارچێوەی دەستوور کرایەوە.

مەترسیەکانی دەرکەوتنەوەی تیرۆر و کارکردنی هاوبەشی لایەنەکان بۆ تێپەڕاندنی ئالنگارییەکان تەوەری تری ئەو دیدارە بوون.