ماددە هۆشبەرەکان، جەنگێکی مەترسیدارە و ولاتانی جیهان بە دەستیەوە دەناڵێنن، لەم نێوەندەدا عێراق خەریکە دەگاتە ئەوپەڕی لێواری مەترسییەکە و ئاماری ئەو ڕێژەیەی لە دەستی بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکاندا دەستی بەسەردا دەگیرێت ئاسایی نییە و دەتوانرێت ئەوە بوترێت ئێستا عێراق لە جەنگێکی بێدەنگ و دەستەوەیەخەدا لەگەڵ مەترسییەکانی ماددە هۆشبەرەکان.
لە نوێترین هەواڵدا، لە دیوانییە هێزە ئەمنییەکان بازرگانێکی ماددەی هۆشبەریان دەستگیر کرد کە سێ کیلۆ کریستاڵی پێ بووە، ئەم بڕە لە ماددەی هۆشبەر لە دەستی تاکە بازرگانێکدا ئامژەیەکی مەترسیدارە کە گرووپی بەهێز و ڕێژەی زۆری ماددەکە لە پارێزگاکانی عێراقدا بڵاوە.
سەبارەت بە تەشەسەندنی ماددە هۆشبەرەکان لە عێراق، جێگای ئاماژە پێکردنە باس لە هۆشدارییەکانی ئەلێکساندەر سۆدەرهۆڵم، شارەزا لە دەزگای کۆنترۆڵکردنی ماددە هۆشبەرەکانی یەکێتی ئەوروپا بکرێت، کە دەڵێت؛ ماددە هۆشبەرەکان لەڕێگەی ئێران و تورکیاوە بە قاچاخ دەگوازرێنەوە بۆ بازاڕەکانی بەکاربەرانی ئەوروپا و دەڵێت: سنوری نێوان ئێران و عێراق لە لێکۆڵینەوەکانی پێشودا کۆنتڕۆڵکردنی خراپ بو، ئەوەش وایکردبو بازرگانان سودی لێوەربگرن بۆ کاری قاچاخی.
باسی لەوەش کردووە، لە زۆربەی ناوچەکانی ناوەڕاست و خواروی عێراق، دیاردەی مادە هۆشبەرەکان هەستی پێ دەکرێت، سەرەڕای ئەو ڕێوشوێنە ئەمنییە توندانەی دەسەڵاتداران بۆ کەمکردنەوەی ئەم دیاردە مەترسیدارە گرتویانەتەر بەر کە بەوتەی وەزارەتی ناوخۆ هەمو رۆژێک بازرگانێکی مادەی هۆشبەر دەستگیر دەکرێت.
بە پێی ئاماری وەزارەتی ناوخۆی عێراق، تەنیا لەماوەی شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2024، دەستیان بەسەر دوو تۆن ماددەی هۆشبەردا گرتووە، هەروەها شەش هەزار تۆمەتبار بە تاوانی ماددە هۆشبەرەکان دەستگیرکراون. گوتیشی، سزای لەسێدارەدانیان بۆ 70 تاوانباری ماددە هۆشبەرەکان دەرکردووە.
پێدەچێت ئەو مەترسییەی لە هەرێمی کوردستان هەستی پێدەکرێت، جگە لە ولاتانی دراوسێ بە پلەی دووەم پاریزگاکانی خوارووی عێراق بن، هەرێمی کوردستان جگە لەوەی کە دراوسێی وڵاتێکە کە بە سەرچاوەی بازرگانیکردنی مادەی هۆشبەر دادەنرێت، لە هەمان کاتدا بەشێکە لە عێراق کە لەم ساڵانەدا لە ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکاندا ناوی دەهێنرێت و نازناوی یەکێک لە وڵاتە مەترسیدارەکانی بواری مادەی هۆشبەر بە عێراق دراوە کە لێیەوە بازرگانیکردنی مادەی هۆشبەر لە نێوان سێ کیشوەری ئەوروپا و ئەفریقا و ئاسیا خەریکە پەرەی پێ دەدرێت.
هەبوونی ژمارەیەکی زۆری گرووپی میلیشیایی و چەکداری و لەیاسا دەرچوو لە عێراق یارمەتیدەرن لە پەرەسەندنی ئەو تاوانە، گرووپەکان جگە لەوەی کە دەستیان بەسەر هەندێک سنوورداگرتووە و بازرگانی پێوە دەکەن لە هەمان کاتدا بەرهەمیشی دەهێنن و لە چەند شوێنێکی عێراق و کوردستان کارگەی بەرهەمهێنانی مادەی هۆشبەر ئاشکرا بووە.
لە هەرێمی کوردستان، دۆخەکە مەترسیدارە، بەڵام چاوکراوەیی هێزە ئەمنییەکان و نەبوونی گرووپی نایاسایی چەکداری تا ڕادەیەک مەترسییەکانیان ڕەواندووەتەوە، ئامار و ڕاپۆرتەکانی پۆلیس و ئاسایش کە لە ڕابردوودا بڵاو کراونەتەوە دەیسەلمێنن مادەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستانیش لە پەرەسەندندان و سەرەڕای ئەوەی کە ژمارەیەکی زۆری قاچاخچی لە هەرێمی کوردستان گیراون و بەشێکیان حوکم دراون بەڵام هێشتا ئەو دیاردەیە نەک کەمی نەکردووە، بەڵکو لە هەڵکشاندایە و دۆخەکە ئەوە دەخوازێت ڕێکار و سزا و ڕێوشوێنەکان توندتر بکرێن.
زەرەرمەندێکی سەرەکیی ئەو بازرگانیکردنە کۆمەڵگە و ئەوانەن کە فریوی مافیاکان دەخۆن و ئاڵوودەی مادەکە دەبن و هەوڵی دەستخستنی دەدەن. ئاڵوودەبووان لە زۆربەی وڵاتان حسابی نەخۆشیان بۆ دەکرێ و ئەوە بە پێویست دەزانرێ بە چارەسەرکردنیان و هۆشیارکردنەوەیان و گێڕانەوەیان بۆ ناو کۆمەڵگە ڕووبەڕووی مەترسییەکە ببنەوە.
بو گشتی ئەوەی لە ئامارەکانی بەڕێوبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق دەبینرێت و جێی مەترسییە بەکارهێنەرانی ئەو ماددەیە لە هەموو تەمەنەکان بوونیان هەیە، تەنانەت هۆشداری لەوە دراوە، رێژەی بەکارهێنەرانی ماددە هۆشبەرەکان لە ناو کەسانی تەمەن خوارووی 20 ساڵان، بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر بۆتە دیاردە.