لە سەرجەم شوێنە جیاوازەکانی کوردستانەوە سەردانی مەزاری نەمران دەکەن

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

بە ئامادەبوونی ھەزاران ھاووڵاتی لە شار و شارۆچکەکانی کوردستان و پارچەکانی دیکەی کوردستان و وڵاتان، ڕۆژی کۆچی دوایی بارزانیی نەمر بەرز ڕاگیرا.

ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان بە گشت چین و توێژەکانەوە بەمەبەستی تازەکردنەوەی بەڵێنی خەبات کردن لەسەر ڕێبازی پیرۆزی بارزانی کە خۆی لە کوردایەتی و کوردستانی بوون دەبینێتەوە دووپات کردەوە و لە یادی کۆچی بارزانیی نەمردا چەپکە گوڵینەیان لەسەر مەزاری نەمران دانا، ھەروەھا بەڵێنی وەفاو بەئەمەکی خۆیان لە حزوری گڵکۆی نەمران دووپات کردەوە.
ھەندێک لەو ھاووڵاتییانەی سەردانی مەزاری نەمرانیان کرد، بە پێیان گەیشتبوونە سەر مەزاری نەمران، بۆ نوێکردنەوەی سۆز و پەیمانی خۆیان بۆ ڕێبازی بارزانیی نەمر و پارتی دیموکراتی کوردستان.
ھاووڵاتییانی کوردستان ھەموو ساڵێک لەو یادەدا سەردانی مەزاری نەمران لە بارزان دەکەن، بەڵێن و سۆزی خۆیان بۆ ڕێبازی پیرۆزی بارزانی کە ڕێبازی کوردایەتی و برایەتی و پێکەوەژیان و ئاشتی و یەکسانی و دادپەروەرییە دووپات دەکەنەوە، کە ھەمیشە قوتابی و درێژەپێدەری ڕێبازی پیرۆزی بارزانی بن و لە خەبات و تێکۆشان بۆ گەیشتن بە مافە سروشتی و ڕەواکانی گەلی کوردستان بەردەوام بن.
لەگەڵ سەرەتای وەرزی بەھار و لە بۆنەکانی ئادار و نەورۆزدا سەردانی چینوتوێژەکانی کوردستان بۆ سەر مەزاری نەمران لە بارزان دەستپێدەکات، ھەموو ئەوانەی سەردانی مەزاری نەمران لە بارزان دەکەن سۆز و پەیمان بۆ ڕێبازی پیرۆزی بارزانی نوێ دەکەنەوە.
تاکە بزاوی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان ڕێبازی پارتی و بارزانییە، کە ئەمڕۆش درێژەی ھەیە، درێژەپێدەری ئەو ڕێبازەش سەرۆک بارزانییە، ھەموو ئەوانەشی کە سەردانی مەزاری نەمرانیان کرد، باسیان لەوە کرد کە یەک دەست دەبن و لەسەر ڕێبازی بارزانیی نەمر بەردەوام دەبن و پشتەوانی سەرۆک بارزانی دەبن تا خەڵکی کوردستان بە ئاواتەکانی خۆی دەگات.
ڕۆژانە قوتابییان، مامۆستایان، ڕۆشنبیران، پێشمەرگە، ئافرەتان و سەرجەم چین و توێژەکانی کوردستان، وەک ڕێزگرتنێک لە خەباتی ساڵەھای ساڵەی بارزانیی نەمر، دەچنە سەر مەزارەکەی و نزای خێر و خۆشی بۆ نیشتمان دەکەن.
بەر لە ٤٦ ساڵ کورد و کوردستان ڕۆژێکی پڕ ماتەمینیان بەخۆوە بینی، ئەو شۆڕشگێڕەی سەرکردایەتی مەزنترین شۆڕشی کوردستانی دەکرد لە ناسکترین و ئاڵۆزترین قۆناغی مێژووی عێراق و ناوچەکە و جیھاندا کۆچی دوایی کرد.
بارزانیی نەمر، ئەو سەرکردە مەیدانییە بوو، کە گەلی بە سەرچاوەی بڕیار و، حیزبیشی بە ئامرازی خزمەتی گەل و خۆشی بەخزمەتکاری گەل دەزانی، ئەو لە مێژووی سیاسی خۆیدا، بروای تەواوی بە تۆلیرانس و پێکەوە ژیان ھەبوو و کاری بۆ کردووە و، ھەموو کات دادپەروەر و یەکسانیخوازو، ئازاو جوامێرو، سەرکردەی مەیدانی جەنگ و سیاسەت بووە .
خەڵات بارزانی، نوێنەری سەرۆک بارزانی لە مەزاری نەمران، ڕایگەیاند: ھەر چەندە ھیچ مەڕاسیمێکی فەرمیمان نەبوو، بەڵام بە ھەزاران دڵسۆزانی ئەم ڕێبازە بۆ دووپاتکردنەوەی سۆز و پەیمان لە ھەر چوار پارچەی کوردستان سەردانی مەزاری نەمرانیان لە بارزان کرد.
نوێنەری سەرۆک بارزانی لە مەزاری نەمران، ڕوونیشیکردەوە: بارزانیی نەمر، ڕابەرێک بووە ھەموو ژیانی خۆی لە پێناو گەلەکەی کردووەتە قوربانی، تاکە بزاو کە دەستی بە خەبات کردووە ڕێبازی بارزانی بووە، کە تا ئەمڕۆش بەردەوامە، ئەو ڕێبازەش توانیویەتی ھەموو پێکھاتەکان لە دەوری خۆی کۆبکاتەوە.