رۆژنامەی ھەولێر

وەزارەتی پەروەردە بۆ یەكەمجار پلاتفۆڕمێكی نوێی فێربوونی دیجیتاڵی رادەگەیەنێت

وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی كوردستان بۆ یەكەمجار پلاتفۆڕمێكی نوێی فێربوونی دیجیتاڵی راگەیاند كە بریتییە لە پڕۆسەی فێربوونی قوتابییان لە رێگەی تەكنەلۆژیاوە و پلاتفۆڕمەكەش ساڵی داهاتوو بەردەست دەبێت.

وەزارەتی پەروەردە رایگەیاند “بۆ یەکەمجار کار لەسەر پلاتفۆرمێکی ناوازەی فێربوونی کارلێکەرانە Interactive دەکەین بۆ پۆلەکانی یەکەم و دووەم و سێیەمی بنەڕەتی کە لە ساڵی ئایندەی خوێندن بەردەست دەبێت”.

راشیگەیاند ” پلاتفۆڕمەكە كە ناوی (قوتابخانەکەم)ـە، قوتابخانەی دیجیتاڵی کارلێکەرانەی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە”.

هەروەها رایگەیاند “نەوەی ئەلفا لەگەڵ پێشکەوتنە بەرچاوەکانی بواری تەکنەلۆژیا لە دایکبوون و ژیان دەکەن، بە گرینگ زانراوە کە بۆ ئەو نەوەیە پرۆسەی فێربوون ئاوێزانی تەکنەلۆژیا بکرێت و لە هەمانکاتدا گونجاندنی بۆ بکرێت کە بتواندرێت رێگاکانی فێربوون ئاسان و چێژبەخش بکرێن”.

وەزارەتی پەروەردە ئاماژەشی دا “تەکنەلۆژیا كە لە هەموو بوارەکان سوودی لێ وەردەگیرێت، گرینگە لە بواری پەروەردە و فێربوونیش سوودی لێ وەربگیرێت، ئەم هەوڵە بە هاوکاری هاوبەشەکانمان زیادبوونێکی جۆرییە بۆ هەوڵەکانی وەزارەتی پەروەردە بە ئاڕاستەی گۆڕانکاریی و وەرچەرخان.

جەختیشی كردەوە كە ئەم پلاتفۆڕمە لە هەمانکاتیشدا هاوکارێکی گرینگی قوتابی و خانەوادەکەشیان دەبێت بۆ دەستڕاگەیشتن بە پرۆسەیەکی پەروەردەیی و فێرکاری باشتر.

وێنە: پلاتفۆڕمی دیجیتاڵی قوتابخانەكەم