هەنگاوەکانی ئاشتیی ئیمراڵی ئەگەر سەربگرێت بۆ سەقامگیری ناوچەکە گرنگە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

 

ئەگەر هەنگاوی نوێی ئاشتیی نێوان کورد و تورک لە تورکیا سەر بگرێت و دوای پەیامەکەی عەبدوڵا ئۆجەلان ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان، هەر یەک لە پەکەکە و دەوڵەتی تورکیا هەنگاوی کردەیی بۆ هەڵێنن ئەوا جگە لەوەی کە کۆتایی بە چەندین دەیە شەڕ و وێرانکاری لە باکووری کوردستان دێت، لە هەمان کاتدا کاریگەری ئەرێنیی لەسەر پارچەکانی تری کوردستان بە تایبەتی هەرێمی کوردستان دەبێت کە لە ئاکامی ئەو جەنگەدا سەدان گوندی وێران بووە و زیان بە ژینگە و کەرتی کشتوکاڵ و ئاژەڵدارییەکەی گەیشتووە.

وەک ئاشکرایە تەواوی هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە قەندیل و ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستان نیشتەجێن و لانی کەم لە دوو دەیەی ڕابردوودا ئەوەندەی شەڕەکە لە خاکی هەرێمی کوردستان بووە لە تورکیا نەبووە. حکوومەت و سوپای تورکیا بە بیانووی ئەوەی تیرۆر لەناو دەبەن و ڕووبەڕووی گەورەترین ڕێکخراوی بەرهەڵستکاریان دەبنەوە، هاتووەتە ناو خاکی هەرێمی کوردستان و ڕووبەرێکی زۆری خاکی کوردستان لە ژێر دەستی سوپای تورکیا دایە و بنکە و بارەگای کردووەتەوە و ئۆپەڕاسیۆنە سەربازییەکان ئەوەندەی زیانیان بۆ خەڵک و جووتیار و ئاژەڵدار و ژینگەی هەرێمی کوردستان هەبووە، ئەوەندە زیانی بۆ پەکەکە نەبووە.
ئەو گەڕە نوێیەی ئاشتی کە بە دەستپێشخەریی دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی پارتی مەهەپە بووە و ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیاش پێشوازی لێ کردووە، ڕەزامەندیی عەبدوڵا ئۆجەلان ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی دیموکراتی کوردستانی بەدواوە بووە و لە پەیامێکدا کە شاندی ناسراو بە شاندی ئیمراڵی ڕۆژی پێنجشەم ٢٧ی شوبات بڵاویان کردەوە لە لایەن خەڵک و تەواوی حزبە کوردستانییەکان و هێز و لایەنی سیاسی ناوخۆیی تورکیا و ناوچەکە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێشوازی لێ کراوە.
شاندی دەم پارتیی ئیمراڵی، لە ئیستەنبووڵ کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەڤانی سازکرد و بانگەوازەکەی ئۆجەلانیان خوێندەوە. شاندەکە بەر لەوەی کە پەیامی ئۆجەلان بخوێننەوە ڕاوێژیان بە سەرکردایەتیی سیاسیی کورد لە باشووری کوردستان لە سەرووی هەمووان سەرۆک بارزانی کردبوو و هیچ هێز و لایەنێکی هەرێمی کوردستان نییە کە دژی هەنگاوی ئاشتی بێت و لە تورکیاش بە لایەنی کوردی و غەیرە کوردییەوە پێشوازییەکی زۆر لەو هەنگاوە کراوە.
ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا باسی لەوە کرد کە پەکەکە لە مێژووی کۆماردا درێژترین و بەرفراوانترین تەڤگەری سەرهەڵدان و توندوتیژییە. لەبەر ئەوەی کە ڕێگای سیاسەتی دیموکراتیک داخرابوو، پەکەکە بەهێز بوو، پشتگیری بەدەستهێنا بەڵام دۆخەکە لە ئێستادا گۆڕدراوە بە تایبەتی دوای ئەوەی سۆسیالیزمی بونیاتنراو ڕووخاوە مانەوەی پەکەکەش تەنیا خۆدووبارەکردنەوە بووە. ئەو لە پەیامەکەیدا داوای لە پەکەکە کرد بە دڵخوازییەوە کۆنگرە ببەستێت، هەموو گرووپەکان چەک دابنێن و پەکەکە هەڵبوەشێتەوە و لە هەمان کاتدا داوای ئاشتی و پێکەوە ژیانی کورد و تورک لەسەر بنەمای کۆمەڵگەی دیموکراتیک کرد. پەیامێک کە دوێنێ شەممە لە لایەن قەندیلیشەوە پێشوازی لێ کرا.
کۆتاییهاتنی جەنگ و دانانی چەک لە لایەن پەکەکە و چارەسەریی پرسی کورد لە باکووری کوردستان سوودێکی یەکجار زۆری بۆ هەرێمی کوردستان دەبێت و ڕووبەرێکی فراوانی خاکی کوردستان لە شەڕ و بۆردمان دەپارێزرێت و خەڵکێکی زۆر لە ئاگری جەنگ ڕزگاریان دەبێت و دەگەڕێنەوە سەر گوند و باخ و ڕەزەکانیان.
هەر ماوەی ڕابردوو بوو کە ڕێکخراوێکی ئەمەریکی بڵاوی کردەوە زیاتر لە شەشسەد گوندی هەرێمی کوردستان مەترسی چۆلکردنیان لەسەرە، جگە لەمە لە ساڵی ١٩٩١ەوە سەد و هەشتا و دوو گوند چۆل کراون. تورکیا ساڵ بە ساڵ سنووری جوگرافیی زیاتری لە ناو خاکی هەرێمی کوردستان داگیر کردووە و لە هەندێک شوێن بە قووڵایی چل کیلۆمەتر پێشڕەوی کردووە. لە ڕابردوودا هێرشەکانی تورکیا کوژرانی سێسەد و پەنجا و سێ هاوولاتی سڤیل و برینداربوونی سەدان هاووڵاتیی تری بەدواوە بووە.
تورکیا بەو بۆردمانانەی کە کردوویەتی ئاژەڵدارانی لە لەوەڕگە و شوێنی حەوانەوەی مەڕ و ماڵاتیان دوور خستووەتەوە و ژمارەیەکی زۆری جووتیار لە ترسی هێرش و بۆردمانەکان تەنانەت نەیانتوانیوە بەرهەمەکانیان هەڵبگرنەوە یان زەوییەکانیان بکێڵن و ئەرکی کشتوکاڵیی خۆیان بەجێ بگەیەنن. جگە لەمە ئەو ناوچانەی هێرشیان کراوەتە سەر ناوچەی گەشتیارین و گەشتیاران نەیانتوانیوە لەو ناوچانە نزیک بکەونەوە کە دەکرا وەک سەرچاوەی تری ئابووری سوودیان لێوەرگیرێت.
کۆتاییهاتنی جەنگ و چەسپاندنی ئاشتی لە تورکیا بە واتای کۆتاییهاتنی هەموو ئەو نەهامەتییانە دێت کە بەسەر شار و شارۆچکە و گوندەکانی هەرێمی کوردستاندا هاتووە و سەرکەوتنی ئاشتی، سەقامگیری سیاسی و ئەمنی و ئابووری هەرێمی کوردستانیش پتەوتر دەکات و هیچ بیانوویەک بۆ سوپای تورکیا نامێنێتەوە بێتە ناو خاکی هەرێمی کوردستان و ژینگەکەی بشێوێنێت.