غەفور مەخموری، سکرتێری گشتیی یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان، لە پەیامێکدا پێشوازی لە دەستپێشخەریی ئاشتیانەی پەیامەکەی عەبدوڵا ئۆجەلان دەکات و ڕایدەگەیەنێت؛ هەموو لایەک ئەو راستییە دەزانین کە هەمیشە ئاشتی لە شەڕ باشترە، هەر هەوڵێک بۆ ئاشتی پێکەوەژیان لەگەڵ میللەتانی ناوچەکە هەبێت، ئێمە پێشوازی لێدەکەین.
لە پەیامەکەیدا، سکرتێری گشتیی یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان، باس لەوە دەکات، بە درێژایی مێژوو کورد لە خەبات و تێکۆشان و بەرخوداندا بووە، لەپێناو خۆپاراستن و مانەوەو ژیانێکی شایستە لەسەر خاکی خۆی، شەڕی کورد بۆ نەمانی شەڕو چەسپاندنی ئاشتی بووە، کورد بەردەوام دەستێکی چەک بووە بۆ خۆپاراستن و دەستەکەی دیکەشی بۆ ئاشتی درێژ کردووە، بەڵام بەداخەوە هەمیشە هەوڵی لەناوبردنی دراوە.
دەشڵێت؛ هەموو لایەک ئەو ڕاستییە دەزانین کە هەمیشە ئاشتی لە شەڕ باشترە، هەر هەوڵێک بۆ ئاشتی و پێکەوەژیان لەگەڵ میللەتانی ناوچەکە هەبێت، ئێمە پێشوازی لێدەکەین، بەڵام پێویستە هەوڵەکان لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە خەبات و بەرخودانی گەلی کوردستان بێت.
ئەوەشی خستووەتەڕوو؛ بەر لەهەر شتێک دان بە بوونی کورد و مافەکانی لە وڵاتەکانیاندا بنێن و ئەو داننانەش لە دەستووری وڵاتەکانیاندا بچەسپێنن. دەشڵێت؛ پێویستە ڕەچاوی تایبەتمەندی هەر بەشێکی کوردستان بکەین و، رێز لە بڕیاری هەر بەشێکی کوردستان بۆ خۆبەڕێوەبردن و خۆگونجاندن لەگەڵ واقیعی سیاسی ئەو بەشەی وڵات لەو قۆناغەدا بگرین، جا فیدرالی بێت یان ئۆتۆنۆمی یان لامەرکەزی بێت.