ڕائیب جادر – هەولێر
٤٦ ساڵ بەسەر کۆچی دوایی بارزانیی نەمر تێدەپەڕێت، بەڵام بەھۆی ڕێباز و بنەما ڕاست و دروستەکانی خەبات و تێکۆشانی درێژخایەنی، بووەتە سەر مەشق و ھەوێنی کوردایەتی و ئازادیخوازی و سەربەخۆیی گەل و خاکی کوردستان.
بارزانیی نەمر، لە قۆناغێکی مێژوویی و چارەنووسازدا، خەباتی دژی داگیرکەرانی خاوەن ھێز و پشتیوان ھەڵبژارد، کە گەلی کوردستان لە سەردەمێکی پڕ لە ئازار و نەھامەتی دەژیا، کە جگە لە خوا و ڕەوایی دۆزەکەی و ئامادەیی ڕۆڵەکانی بۆ مەرگ لە پێناو ئازادی، ھیچ پشت و پەنایەکی دیکەیان شک نەدەبرد، بەڵام بەھۆی ئیرادەی بەھێز و باوەڕبەخۆبوون و ڕەوایی دۆزەکەی، بۆ چرکەیەک بڕوای ئەو سەرکردە مێژووییەی کورد لەق نەبوو، ئازایانە خەباتی بۆ نەتەوەکەی کرد و لەو ڕێگەیەشەوە، میراتێکی گەورەی لە خەبات، دژی ستەم و زۆرداری بۆ ڕۆڵەکانی بەجێھێشت.
بارزانیی نەمر، ئەو سەرکردە مەیدانییە بوو، کە گەلی بە سەرچاوەی بڕیار و، حیزبیشی بە ئامرازی خزمەتی گەل و خۆشی بە خزمەتکاری گەل دەزانی، ئەو لە مێژوویی سیاسی خۆیدا، بڕوای تەواوی بە تۆلیرانس و پێکەوە ژیان ھەبوو و کاری بۆ کردووە، ھەموو کات دادپەروەر و یەکسانیخواز و ئازاو جوامێر و سەرکردەی مەیدانی جەنگ و سیاسەت بووە.
بارزانیی نەمر، بندەستی ڕەتکردەوە و لە چیاکانی بارزان، شۆڕشی بەرپا کردووە، توانی ھەموو ئەو بەربەستانە ببڕێت و شۆڕش لە دوای شۆڕش بەرپا بکات و داوای مافی گەلی کوردستان بکات، ھەموو تەمەنی لە پێناو خەباتی نەتەوەیی و ڕزگاریی گەلی کوردستاندا بەخشی و، تا دواساتەکانی تەمەنیشی بیر و فکری ھەر لای نەتەوەکەی بووە، بەھۆی لێزانی و زیرەکایەتی و ملکەچنەکردنی بۆ دوژمنانی گەلی کوردستان، دوو جار لە ھەوڵی تیرۆرکردن ڕزگاری بووە، ئەوەی پێی کراوە بۆ نەتەوەکەی و پێی باش بووە کردوویەتی و خەون و ئامانجی ھەرە گەورەی ئەوە بووە کە خزمەتی میللەتی خۆی بکات، بتوانێت ئەو زوڵمەی لەسەر میللەتەکەی ھەیە نەھێلێت و مافی خەڵکی کوردستان بە دەست بھێنێت.
ساڵانە بۆ ڕێز گرتن لە خەبات و بەرخودانی سەرکردە و باوکی ڕۆحی نەتەوەی کورد و دووپاتکردنەوەی پەیمان و سۆز لەگەڵ ڕێبازی بارزانی بە ھەزاران کەس لە چین و توێژە جیاجیاکانی کوردستان و کوردستانیانی پارچەکانی دیکە سەردانی مەزاری نەمران دەکەن و ئەو یادە بووەتە کەڕنەڤاڵێک بۆ دووپاتکردنەوە و بەڵێنی وەفاداربوون بە ڕێبازی بارزانیی نەمر، ھەر لەو یادەدا وەکو ھەموو ساڵێک ھاووڵاتییان و کەسایەتییە سیاسی و ئاکادیمییەکان و ھاووڵاتی و کەسایەتییەکانی ھەر چوار پارچەی کوردستان بە جۆش و خرۆشەوە سەردانی مەزاری نەمران لە بارزان دەکەن و سۆز و پەیمان بۆ ڕێبازی بارزانی دووپات دەکەنەوە. بەبڕوای سیاسەتمەداران و لایەنە سیاسییەکان، بارزانیی نەمر، سەرکردەیەک بووە ژیانی خۆی لە پێناو خەڵکی مەزڵوم کردۆتە قوربانی، ئەو کەسانەی ژیانیان بۆ میللەتەکەیان تەرخان کردووە نامرن.
بەگوێرەی لێکدانەوەی مێژوونووسانی کورد و سەرچاوە مێژووییەکان، بارزانیی نەمر یەکەم سەرکردەی ھەڵکەوتووی کورد بووە، خەباتی کوردی لە بازنەی ناوچەیی بوونەوە، کردە خەباتی نیشتمانی و سەرتاسەری و لە داخوازیی مافی سەرەتایی و مافی مرۆیی و کولتوورییەوە، داواکارییەکانی کوردی بەرز کردەوە بۆ ئاستی داواکاریی سیاسیی، جووڵانەوەی ڕزگاریخوازیی کوردیشی لە نەبوونی بەرنامەیەکی سیاسیی تۆکمە و ڕوون دەرباز کرد، بە دامەزراندنی پارتیی دیموکراتی کوردستانیش لە ١٦ ئابی ١٩٤٦دا داخوازییە نەتەوایەتییەکانی کوردی لە چوارچێوەی بەرنامەی حیزبێکی سیاسیی ڕێکخراودا ڕێکخست و خەباتی گەلەکەی و پرۆسەی سیاسی لە کوردستان، گواستەوە قۆناخێکی پێشکەوتوو. د. نیھاد حوسێن، مامۆستای زانکۆ، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: ٤٦ ساڵ تێپەڕدەبێت بەسەر کۆچی دوایی ڕابەری نەتەوەی کورد بارزانیی نەمر، ئەو سەرکردەیەی کە لەناو جەرگەی تێکۆشان و خەباتی خانەوادەکەی دژ بە داگیرکاری و کۆلۆنیالیزمی لە دایکبوو و پێگەیشت، بارزانیی نەمر، نەک تەنیا لە ھەرێمی کوردستان، بەڵکو لە ھەر چوار پارچەی کوردستان، بۆ ماوەی زیاتر لە نیو سەدە سەرکردایەتی میللەتی کوردی کردووە، ھەر لە منداڵییەوە درکی بەوە کردبوو کە گەیشتن بە خواست و ئامانجە نەتەوەییەکان لە ڕێگەی تێکۆشانەوە بەدی دێت، لەسەر ئەو بنەمایەی ھەق دەسەندرێت، نادرێت، بۆیە لە زۆربەی وێستگەکانی خەباتی نەتەوایەتییدا چ لە ناوچەکەی خۆی بارزان، چ لە ھەموو کوردستان بۆ ئەو ئامانجە کۆشاوە و قوربانی گەورەشی داوە.
عوزێر شەوکەت، ئەویش پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوولە، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: بارزانیی نەمر بندەستی ڕەتکردەوە و لە چیاکانی بارزان، شۆڕشی بەرپا کرد، توانی ھەموو ئەو بەربەستانە ببڕێت و شۆڕش لە دوای شۆڕش بەرپا بکات و داوای مافی گەلی کورد بکات، بۆیە ھەموو تەمەنی لە پێناو خەباتی نەتەوەیی و ڕزگاریی خەڵکی کوردستان بەخشی، تا دواساتەکانی تەمەنیشی بیر و فکری ھەر لای نەتەوەکەی بووە، بەھۆی لێزانی و زیرەکایەتی و ملکەچنەکردنی بۆ دوژمنانی کوردستان، دوو جار لە ھەوڵی تیرۆرکردن ڕزگاری بووە، ئەوەی پێی کراوە بۆ نەتەوەکەی و پێی باش بووە کردوویەتی و خەون و ئامانجی ھەرە گەورەی ئەوە بوو کە خزمەتی میللەتی خۆی بکات، بتوانێت ئەو زوڵمەی لەسەر کوردستانیان ھەیە نەھێلێت و مافی کورد بە دەست بھێنێت.