ساڵی ڕابردوو دوو هەزار و 472 کەس پەیوەندییان بە هێلی گەرمی 119ـەوە کردووە

بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی توند و تیژی خێزانی هەولێر ڕایگەیاند: ساڵی ڕابردوو 852 کەس لە ڕەگەزی نێر و هەزار و 620کەس لە ڕەگەزی مێ، پەیوەندییان بە هێلی گەرمی 119وە کردووە.

هەینی، 28ـی شوباتی 2025، سەفین تاهیر، بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی توند و تیژی خێزانی هەولێر بەماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: تەنیا ساڵی ڕابردووو 2 هەزار و 472 هاووڵاتی پەیوەندیان بە هێلی گەرمی 119وە کردووە، لە شاری هەولێر، سەرجەم ئەو کەسانەی پەیوەندییان کردووە، ڕێنمایی دەروونی، کۆمەڵاییەتی، پەروەردەیی، یاساییان پێدراوە.

سەفین تاهیر، گوتیشی: ئەوانەی پەیوەندییان کردووە، 852کەسیان لە ڕەگەزی نێر و هەزار و 620یان لە ڕەگەزی مێ بوونە، هێلی گەرمی 119جیاوازی ناکەت لەنێوان هەردوو ڕەگەز دا.

سەفین تاهیر باسی لەوەکرد: ئەو کەسانەی پەیوەندی دەکەن، ڕاوێژیان پێدەدرێت، ئەگەر پێویست بکات تیمێک سەردانی ماڵیان دەکات یان لە نزیکەوە قسەیان لەگەڵ دەکات بۆ چارەکردنی ئەو کێشە و گرفتانەی ڕووبەڕوویان دەبنەوە.

هێلی گەرمی 119، خزمەتگوزارییەکە، بەشێکە لە بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان و خێزان لە هەرێمی کوردستان، کە لە هەشت بەڕێوەبەراییەتی پێک دێت و 28 نووسینگەی لەسەر ئاستی شارۆچکەکان و سێ هۆبەی لەسەر ئاستی شارە دێیەکان هەیە.

ئەم هێلە لە كۆتاییی ساڵی 2018 لە لایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پێناو ڕێگەگرتن لە هەڵوەشاندنەوەی خێزان و پاراستنی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و خزمەتکردنی زیاتری هاووڵاتییان لە هەموو کوردستان دامەزرا.