ڕۆژی پێنجشەممە 27ـی 2ـی 2025، بە ئامادەبوونی د.سالار عوسمان ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک و ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر و ژمارەیەک لە ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی و بەشێک لە ڕۆشنبیر و ئەکادیمیست و ڕۆژنامەوان و نووسەران، 14ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان بەرز ڕاگیرا.
دەستپێکی ڕێوڕەسمەکە بە ساتێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان سەروەریان (بارزانیی نەمر و کاکە ئیدریس)ی هەمیشە لەیاد دەستی پێ کرد.
لە سەرەتادا بەکر ئیبراهیم، بەڕێوەبەری ماڵپەڕی فەرمیی پ.د.ک گوتاری بەخێرهاتنی پێشکەشکرد.
پاشان د. سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک گوتارێکی پێشکەشکرد، تێیدا وێڕای ئاراستەکردنی پیرۆزبایی بۆ بەڕێوەبەر و نووسەر و کارمەندانی ماڵپەڕی پ.د.ک، ڕایگەیاند:
پارتی ڕاگەیاندکەی وەک مێژووەکەی بەنرخ و پڕ بەهایە. ماڵپەڕی فەرمیی پارتی، ڕوانگە سیاسیییەکەی سەرچاوەکەی لە ڕێبازی بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستان و ڕێنماییەکانی جەنابی (سەرۆک بارزانی)یەوە وەرگرتووە.
بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن، باسی لەوەش کرد؛ بەدرێژایی مێژوو ڕاگەیاندنی پارتی ڕاستگۆیانە کاری کردووە، ئەمەش سەلمێنەری ئەو حەقیقەتەیە کە پارتی ڕوانگەی دروستی هەیە بۆ کاری میدیا. لەگەڵ ئەوەشدا میدیای پارتی خودان ڕوانگەی ڕوونە و دەقەکانی دەکاتە واقع.
د.سالار عوسمان، سوپاسی هەموو ئەو نووسەر و ڕۆژنامەنووس و ئەکادیمسیت و ڕۆشنبیرانەی کرد کە لە قۆناغەکانی ڕابردوو و ئێستاشدا لە ڕێگەی ماڵپەڕی فەرمیی پارتییەوە خزمەت بە دۆزی ڕەوای گەلی کوردستان و ئەزموونی هەرێمی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستانیان کردووە.
لە کۆتایی ڕێوڕەسمەکەدا، خەڵاتی ڕێزلێنان بەخشرایە هەموو ئەو نووسەرانەی کە لە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیدا کاریان کردووە یان لە قۆناغەکانی ڕابردوودا بەشێک بوون لە سەرکەوتنی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی.