پێنجشەممە 27ـی شوباتی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی پرۆسەی ئاشتیی تورکیا، پەیامێکی بڵاوکردەوە.
لە پەیامەکەی سەرۆکی حکوومەتدا هاتووە، پێشوازیی و پشتگیریی لە هەر هەوڵێکی چارەسەری ئاشتیانەی کێشەکانی ناوچەکە دەکەم.
سەرۆکی حکوومەت دەڵێت: هەرێمی کوردستان، هەمیشە فاکتەرێکی گرنگیی ئاشتی و تەناهی بووە لە ناوچەکەدا.
هاوکات گوتیشی: ئامادەیی خۆمان بۆ هەر هاوکاری و ڕۆڵێک لە سەرخستنی پرۆسەی ئاشتیی تورکیا دەردەبڕین.
پێنجشەممە 27ـی شوباتی 2025، شاندی ئیمڕاڵی دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، پەیامی ئۆجەلانیان بە هەردوو زمانی کوردی و تورکی خوێندەوە.
ئەحمەد تورک، سەرۆکی لەکارلادراوی گەورەشارەوانیی مێردین، پەیامی ئۆجەلانی خوێندەوە و تێیدا هاتووە، پەکەکە کاتێک دامەزرا کە ڕێگەی دیموکراسی گیرابوو، هەروەها پێویستە زمانی ئاشتی و دیموکراسی پێش بخرێت.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا هاتووە، پێویستە پەکەکە چەک دابنێت و خۆی هەڵوەشێنتەوە و کۆنگرە ببەستێت.
هاوکات ئۆجەلان، لە پەیامەکەیدا ئەوەشی خستووەتەڕوو، بەرپرسیارەتی ئەم بڕیارە لە ئەستۆ دەگرێت و گەرەنتی گفتوگۆی ئاشتی دەکات.