ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، داواکارە، ڕێکخراوەکە چەک دابنێت و خۆێ هەڵوەشێنێتەوە و کۆنگرە ببەستێت.
پێنجشەممە 27ـی شوباتی 2025، شاندی ئیمڕالی دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، پەیامی ئۆجەلانیان بە هەردوو زمانی کوردی و تورکی خوێندەوە.
ئەحمەد تورک، سەرۆکی لەکارلادراوی گەورەشارەوانیی مێردین، پەیامی ئۆجەلانی خوێندەوە و تێیدا هاتووە، پەکەکە کاتێک دامەزرا کە ڕێگەی دیموکراسی گیرابوو، هەروەها پێویستە زمانی ئاشتی و دیموکراسی پێش بخرێت.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا هاتووە، پێویستە پەکەکە چەک دابنێت و خۆی هەڵوەشێنتەوە و کۆنگرە ببەستێت.
هاوکات ئۆجەلان، لە پەیامەکەیدا ئەوەشی خستووەتەڕوو، بەرپرسیارەتی ئەم بڕیارە لە ئەستۆ دەگرێت و گەرەنتی گفتوگۆی ئاشتی دەکات.
نزیکەی کاتژمێر 03:00ـی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، کۆبوونەوەی شاندی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە دوورگەی ئیمڕاڵی کۆتایی هات.
دەقی پەیامەکەی ئۆجەلان:
“بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک”
پەکەکە لە سەدەی بیستەمدا، لە سەدەیەکی هەرە توندوتیژی مێژوودا دامەزرا. ئەو زەمینەیەی پەکەکەی تێدا دامەزرا، زەمینەی دوو جەنگی جیهانی بوو. سەردەمی سۆسیالیزمی بونیاتنراو و جەنگی سارد بوو لە جیهاندا. لەم زەمینەیەدا نکۆڵیکردن لە ڕاستینەی کوردان، قەدەغەکردنی ئازادییەکان، بە تایبەتیش قەدەغەکردنی ئازادی بیرکردنەوە هەبوو.
لەو سەدەیەدا لە ڕووی تیۆری و بەرنامە و ستراتیژ و تاکتیکەوە، کاریگەریی ڕاستی سۆسیالیزمی بنیاتنراو، لەسەر ئەم دامەزراندنە هەبوو. لە ساڵانی 1990ـدا، هەڵوەشانەوەی سۆسیالیزمی بنیاتنراو بە هۆکاری ناوخۆیی، شکستی نکۆڵیکردن لە ناسنامە لە وڵاتەکە و پێشکەوتنی ئازادی بیرکردنەوە، وایکرد پەکەکە واتای خۆی لەدەست بدات و زیاد لە پێویست خۆی دووبارە بکاتەوە. بۆیە وەک ئەوانی تر، پەکەکەش لە دوادواییەکانی خۆیدا دەژی و پێویستی بە خۆهەڵوەشاندنەوەیە.
پەیوەندییەکانی کورد و تورک؛ لە مێژووی هەزاران ساڵەدا تورک و کورد بۆ مانەوەی خۆیان و خۆپاراستن بەرامبەر هێزە هەژموونگەراکان، هەردەم بە پێویستیان زانیوە لەنێو هاوپەیمانییەکی دڵخوازانەدا بن.
لەم دوو سەدەیەی کۆتاییدا، مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی شکاندنی ئەم هاوپەیمانێتییەی کردە ئامانجی خۆی. ئەو هێزانەی کەوتبوونە ژێر کاریگەرییەکەیەوە، هاوشانی بنکە چینایەتییەکەیان، خزمەتیان بەم ئامانجە کرد. بە شرۆڤە تاکڕەهەندەکانی کۆمار، ئەم پرۆسەیە خێراتر بوو. ئەرکی سەرەکی ئەوەیە، ئەو پەیوەندییە مێژووییەی ئەمڕۆ شکستی هێناوە، بە ڕۆحی برایەتی و یەکێتی، بەبێ پشتگوێخستنی باوەڕەکان، سەرلەنوێ ڕێک بخرێتەوە.
کۆمەڵگەی دیموکراتیک، پێویستییەکی حاشاهەڵنەگرە. پەکەکە، درێژترین و بەرفراوانترین بزووتنەوەی سەرهەڵدان و توندوتیژییە لە مێژووی کۆماردا. لەبەرئەوەی ڕێگەی سیاسەتی دیموکراتیک داخرابوو، پەکەکە هێز و پشتیوانی وەرگرت.
دەوڵەت و نەتەوە جیاجیاکان، فیدراسیۆن، خۆبەڕێوەبەریی ئیداری و چارەسەرە کەلتوورییەکان کە دەرئەنجامی پێویستی نەتەوەپەرستیی توندن، ناتوانن ببنە وەڵامگۆی سۆسیۆلۆژیای کۆمەڵگەیەکی مێژوویی.
ڕێزگرتن لە ناسنامەکان، ئازادیی بیرکردنەوە، ڕێکخستنی دیموکراتیک، بنیاتنانی کۆمەڵایەتی-ئابووری و سیاسی هەموو پێکهاتەکان، تەنها بە هەبوونی کۆمەڵگە و کایەیەکی سیاسیی دیموکراتیک دێتە ئاراوە.
سەدەی دووەمی کۆمار، تەنها ئەوکاتەی دیموکراتیزە دەکرێت، دەتوانێت ببێتە خاوەنی یەکێتی و مانەوەیەکی هەمیشەیی. جگە لە دیموکراسی، هیچ ڕێگەیەکی تر بۆ بەدیهێنان و جێبەجێکردنی سیستەمەکان، لە گۆڕێ نییە و ڕێ تێناچێت. ڕێککەوتنی دیموکراتیک، ڕێوڕێبازێکی سەرەکی و بنەڕەتییە.
پێویستە زمانی سەردەمی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک بەپێی ئەم ڕاستییە پێش بخرێت.
ئەو بانگەوازەی بەڕێز باخچەلی کردی، ئەو ئیرادەیەی کە بەڕێز سەرۆککۆمار نیشانی دا، هەڵوێستی ئەرێنی پارتەکانی تر، ئەم پڕۆسەیەی بنیاتنا، منیش لەم پرۆسەیەدا بانگەوازی چەکدانان دەکەم و بەرپرسیارێتی مێژوویی ئەم بانگەوازە دەگرمە ئەستۆ.
تا وەک ئەو کۆمەڵگە و پارتە هاوچەرخانەی بەزۆرەملێ کۆتاییان پێ نەهێنراوە، ئێوەش دڵخوازانە کۆنگرەیەک ببەستن و بڕیار بدەن؛ پێویستە هەمووتان کۆببنەوە و چەکەکانتان دابنێن و پەکەکە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە. سڵاو لە هەموو ئەو کەسانە دەکەم کە باوەڕیان بە پێکەوەژیانە و گوێ لە بانگەوازەکەم دەگرن.