ئاریان دەرگەڵەیی – ههولێر
چالاكییەكی هونەری كە پێك هاتبوو لە پێشانگایەك و ئاخافتنێكی هونەری لە شاری ڕانیە كرایەوە.
ئەو پیشانگایە بە سپۆنسەری كۆنسوڵخانەی پۆڵەندا و بە هاوكاریی ناوەندی كوردستان بۆ هونەر و كولتوور (KCAC) ڕێك خرا و توانر لە ڕێگای وێنە و دەنگەوە ڕەنگدانەوەی قورسی دیارنەمان پیشانی ئامادەبووان بدرێت.
لەو چالاكییە هونەرییەدا هونەرمەندان شەماڵ حیسامەدین و هەردی كوردە، توانییان ئامادەبووان ببەنە ناو دنیای ئازار و ناسۆری لەدەستدان و ئەو نادڵنیاییەی كە لەگەڵیدا دێت. هونەرمەندان توانییان چیرۆكی كەسی و گشتی ئەو خێزانانەمان بۆ بگێڕنەوە كە لەژێر كاریگەریی ئاوارەیی و شەڕ و پشكنین بە دوای خۆشەویستیاندا ژیانیان گۆڕاوە.
زیاد رەئوف، نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە وڵاتی پۆڵەندا كە ئامادەی پێشانگاكە بوو وێڕای دەستخۆشی لە رێكخەرانی پێشانگاكە بە هەولێری گوت: “گرنگە ئەو جۆرە نەهامەتییانە لە ڕێگەی كاری هونەری و فۆتۆگرافییەوە نیشان بدرێن، بۆ ئەوەی خەڵكانی دیكەش مەترسییەكانی رێگای كۆچی نایاسایی بزانن و ئەو ڕێگایە نەگرنە بەر.”
لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا، فۆتۆگرافەر شەماڵ حیسامەدین لە ڕێی وێنەكانییەوە ژیانی ئەو خێزانانەی تۆمار كردووە كە لە چاوەڕوانییەكی بێكۆتاییدان. ئەو خێزانانەی كە ناتوانن باوەڕ بە لەدەستدانی منداڵەكانیان بكەن، دەستیان بە هەر نیشانەیەكەوە گرتووە كە ڕەنگە بیانگەڕێنێتەوە.
ئەوەی كارەكانی شەماڵ جیا دەكاتەوە، گرنگیدانە بە ئازارەكان و دەنگدانەوەی ئەو كەسانەیە كە بێسەروشوێنن. بۆ زۆرێك لەم خێزانانە، تەنانەت دڵنیایی لەدەستدان و بوونی گۆڕێك، باشترە لە چاوەڕوانی..
پێشانگای ونبوون دەمانباتە نێو قووڵایی ئەو ئازار و ناسۆرەی كە لەدەستدان بەجێی دێڵێت، لەگەڵ ئەو نادیارییەی كە لە دوای خۆیەوە دەیهێنێت. نیگا سەلام وەك ڕێكخەری پێشانگا، لەگەڵ شەماڵ حیسامەدین وەك وێنەگر و هەردی كوردە وەك هونەرمەندی دەنگ، چیرۆكی ئەو خێزانانە دەگێڕنەوە كە بە دەست ئاوارەیی و شەڕەوە دەناڵێنن و بەردەوام بە دوای ئازیزانیاندا دەگەڕێن.
لە پاركی گشتی ڕانیەوە، ونبوون زیاتر لە پێشانگایەك بوو، لەم ناوچەیەدا كە زۆر خێزان بە هۆی سنوور و ناسەقامگیرییەوە لێك دابڕاون، ئەم پێشانگایە هانمان دەدات بیر لەوە بكەینەوە كە چۆن مامەڵە لەگەڵ لەدەستداندا دەكەین، چۆن گوێ لە یەكتر دەگرین و چۆن لە كاتە پڕ خەمەكاندا پشتی یەكتر دەگرین.
هەردی كوردە هونەرمەندێكی دەنگ و توێژەر و ڕێكخەرێكی ناسراوی جیهانییە. خاوەنی گەلەری SPACE21 و ئەرشیفخانەیە. توێژینەوەكانی لەسەر شەپۆلە ڕادیۆییەكان و دۆزینەوەی ئەو دەنگانەیە كە بە نایاسایی و پشتگوێخراو دادەنرێن. لە ڕێی ئەزموونی كۆچی نایاساییەوە بۆ ئەوروپا، توانیویەتی پەیوەندییەكی قووڵ لە نێوان دەنگەكان و بینەراندا دروست بكات و ژینگەیەكی تایبەت بۆ گوێگرتن بخوڵقێنێت.
ناوەندی كوردستان بۆ هونەر و كولتوور ئامانجەكەی بەدیهێنانی كەشێكی زیندوو و كاریگەرە بۆ هونەرمەندان، توێژەران و كەسانی شارەزا لە بواری كولتووردا. لە ڕێگەی ئەم بەرنامەیە دەتوانن لە كەلەپووری دەوڵەمەندی كوردستان و بابەتە هاوچەرخەكانی بكۆڵنەوە و داهێنان بكەن. بەرنامەكە توێژینەوەی نێوان زانستەكان، پەرە بە داهێنانی هونەری و ئاڵوگۆڕی كولتووری دەدات، كات و شوێن و سەرچاوە پێشكەش بە بەشداربووەكان دەكات بۆ ئەوەی سەرنجیان لەسەر پرۆسەی داهێنەرانە بێت لە پەیوەندی لەگەڵ كۆمەڵگا خۆجێییەكان ئەمەش بە هەماهەنگی لەگەڵ ناوەندی كوردستان بۆ هونەر و كولتوور.